بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

سەردانی مام جەلال لەگەڵ حەمەڕەشی خاڵم

گۆڤاری تێكۆشەر

سیامەند موعینی لە كتێبی بیرەوەرییەكانی بەناونیشانی (بەردەپشتی كورد) دەنووسێت: نامەیەکم بۆ مام جەلەل نوسی بوو و بە هەیەجان و شورێکی شۆڕشگێڕانەی گەنجێتی کە هەم بوو، خۆشەویستی خۆمم بو باس کردبوو و وەک گەنجێک لە مەهەباد و کوڕی سولەیمانی موعینی، سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانم لە باشووری کوردستان پیرۆز کرد. ئەو نامەیە لەلایەن برا گەورەی هاوپۆلێکم بە ناوی هەمزە کە مەنگوڕ بوو و برا گەورەکەی هاموشۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مام جەلالی دەکرد بەڕێ کرد. ئەویش بەو شێوازە بوو کە جارێکیان هەمزە باسی کرد کە کاکی گوتویەتی مام جەلال سڵاوی بۆ من ناردوە و هەر لەسەر ئەساسی ئەو سڵاو ناردنە کە منی زۆر کەیفخۆش کردبوو، نامەیەکم نوسی و دامە دەست هەمزە کە بیداتە دەست کاکی و ئەویش بیگەیەنێتە دەست مام جەلال. زۆری پێنەچوو ڕۆژێک هەمزە هات و گوتی کاکم نامەکەی گەیاندوە و نامەیەکیشی بۆ تۆ هێناوە، بەستراوە و ناوی تۆی لەسەرە، منیش نامەکەم لە هەمزە وەرگرت و خوێندمەوە، بە کوردی بوو، هێندێک بە زەحمەت خوێندمەوە، ئەودەم کوردیەکەم باش نەبوو، چونکو دەستنوس بوو و ناچار بووم چەند جار بەسەریدا بچمەوە، شێوازی نوسینی پیتەکانی کوردی لە باشوور جیاوازیان هەبوو لەگەڵ ئەو نوسینانەی کە ئێمە لە ڕۆژهەڵات پێمان دەنوسی، ئەو سەردەم زۆر کەم کەس هەبوون کە شارەزاییان بە نوسینی کوردی هەبوو، زیاتر خەڵکی باشوور، کوردیەکەیان پاراوتر بوو. نامەکەم خوێندەوە، مام جەلال ڕێز و خۆشەویستی خۆی بۆ من باس کردبوو و خۆی وەک مامێک بۆ من پێناسە کردبوو و لە نامەکەدا نوسیبوی منیش وەک مامێکی خۆت حیساب بکە ئەگەر بە لایقم دەزانی و هەر کارێکی هەت بوو ئاگادارم بکەوە و هاوکات نوسیبوی کە زۆری پێخۆش دەبێت ئەگەر دەرفەتم هەبێت بچم سەردانیان بکەم. دوای خوێندنەوەی نامەکە هیوایەکی زۆرم بۆ پەیدا بوو کە شۆڕشێک لە ئارادایە و منیش دەتوانم ببم بە پێشمەرگەی ئەو شۆڕشە و بۆ کوردستانێکی ئازاد تێکۆشان بکەم.

برا گەورەکەی هەمزە کە باسم لێوە کرد، پێوەندی بە حەمە ڕەشی سیاقۆڵی خوارەوە گرتبوو کە دەبێتە خاڵم، و بابەتەکەی لەگەڵ باس کردبوو. ڕۆژێک لە دەرەوە لەگەڵ چەند ڕەفیقان دەگەڕام، حەمە ڕەش بانگی کردم و گوتی سیامەند گیان وەرە با هێندێک قسان بکەین، منیش ڕەفیقەکانم بەجێ هێشت و لەگەڵ خاڵم کەوتم، هێندێک ئەحواڵی منی پرسی و دەرسەکانم چۆنن و لەو بابەتانە، دوای پرسی فڵان کەس لەگەڵی باس کردوم کە مام جەلال دەخوازێت بتبینێت، گوتم ڕاستە، گوتی ئەگەر پێت خۆش بێ بەیەکەوە دەچین و منیش لەگەڵت دێم، دیارە حەمە ڕەش بۆ پاراستنی من بوو کە پێی خۆش بوو لەگەڵم بێت، بەڕاستی حەمە ڕەش منی یەکجار زۆر خۆش دەویست و منیش دونیایەک خاڵم خۆش دەویست و ڕێزێکی تایبەتم بۆی هەبوو، خۆشی مرۆڤێکی سیاسی بوو و ڕەفیقی باوکم بوو و لە بەر هۆکاری چالاک بوونی لە هات و

ڕۆژێکی دیار کرد و منی ئاگادار کردەوە کە خۆم ئامادە بکەم و بچین بۆ سەردەشت. ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٥٨ (١٨-٤-١٩٧٩)، برا گەورەی هەمزە و من و حەمە ڕەش و کاک محەمەدی مەلاعەلی بەرەو توژەڵێی سەردەشت وەڕێ کەوتین و تا ئەو جێگایەی ماشێن دەرباز دەبوو چوین و ئەویتر بە سواری ئەسپ و ئێستر بەو ڕێگایەدا وەسەر وەسەر کەوتین. چومەوە سەردەمی منداڵی کە لەگەڵ دایکم و کاک محەمەدی مەلاعەلی پێیدا تێپەڕ ببوین، لە ڕێگادا کاک محەمەد ڕوی لە من کرد و پرسی ئەو ڕێگایە دەناسیەوە، منیش گوتم باوەڕ ناکەم بەو ڕێگایەدا هاتبم، گوتی هەمان ڕێگایە کە لەگەڵ دایکت چوین بۆ لای کاک فایەق بۆ گوندی سونێ، ئەو جار کە هێندێکم بیر کردەوە ئەو ڕێگا ناخۆش و ترسناکەم وەبیر هاتەوە کە بە سواری وڵاغ لە پشت کاک محمد دانیشتبوم و پێیدا تێپەڕ ببوین، نازانم چەند کاتژمێر بەڕێوە بوین بەڵام گەییشتینە شوێنێک هێندێک خانووی قوڕی لێبوو و لە ‌هێندێک شوێنیش خێمەیان(چادریان) لێدابوو، کە گەییشتینە ئەو شوێنە پێشمەرگە بە چەکەوە بوو، شوێنێکی خۆش کە بۆ من وەک بەهەشت وابوو. کەوتمەوە بیەی سەردەمی مناڵی کە لە مقەڕی دێرێ لەگەڵ پێشمەرگەکان یاریم دەکرد، سەید فەتاح، مام عەوڵام، برایم فات، عەلی عەجەم، مەلا مەحمود زەنگەنە، کاک سمایل شەریفزادە، برایمە چوکەل، خەلیل شەوباش و بە دەیان پێشمەرگەی تر، ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان بۆ ئازادی پێشکەش کرد و لە دڵی مندا مانەوە. مام جەلال هات و پێشوازی لێکردین، کۆمەڵێک خەڵکیتری لەگەڵ بوو کە ئەودەم هاتن و خۆیان ناساند، بەڵام بەداخەوە ناوەکانم لەبیر نایەنەوە، تەنیا چەند ناوێکم لە بیرە، وەک عومەر شێخموس، عومەر دەبابە، باوەڕ بکەم دکتۆر خالید و چەند کەسێکیتر. لەبیرمە لە سەربانێک فەرشیان ڕاخستبوو و هێندێک دۆشەک و پشتیان دانابوو، دانیشتین و چەند وێنەیەکیان گرت کە ئاخر جار وێنەکانم لە ماڵی کاک محەمەدی مەلا عەلی لە بێژوێ دیتەوە کە لە دیوەخانەکەی کە هەمیشە پڕبوو لە میوان هەڵیانواسیبوو. باسی زۆر بابەت کرا و پێم وابێت دوو یان سێ شەو لەو شوێنە ماینەوە. مام جەلال و ئەوانی تریش پرسیان لە ڕەوشی گەنجانی مەهاباد دەکرد، پرسیان کرد بە چیەوە خەریکن، تێگەییشتنی سیاسی لە ناو گەنجاندا چۆنە ئایا گەنجان خۆیان بە سیاسەتەوە سەرقاڵ دەکەن یان نا. بە پێی ڕەوشی ئەو سەردەم من هێندێکم بۆ باسکرد و خاڵیشم وردتر باسەکەی کردەوە. مام جەلال باسی شەهید بوونی کاک خانەی کرد و گوتی کە زانیویەتی کاک خانە شەهید بووە زۆری پێناخۆش بووە و هاوکات باسی باوکمیشی کرد و تەنانەت باسی ئەوەی کرد کە کاتی خۆی، مام جەلال کەسێکی ئەرکدار کردوە کە سەدیق ئەفەندیان کوشتوە لە تۆڵەی ئەوەی کە کاک سولەیمانی تەسلیمی بارزانی کردوە و تەنانەت ناوی ئەو کەسەشی پێگوتم و ساڵی ١٩٩٣ کە بۆ یەکەم جار لە ئوروپاوە گەڕامەوە باشووری کوردستان، ئەو کەسەم دیت و خۆی پێناساندم، گوتی کە ئەو بووە تۆڵەی لە سەدیق ئەفەندی هەستاندۆتەوە.

کاک عومەر دەبابە پیاوێکی بە هەیبەت و بە قیافە بەڵام زۆر مێهرەبان بوو و بەردەوام کە قسەی دەکرد ڕووی لە من دەکرد و منی دەکردە موختاب. کاک عومەر شێخ موسیش هەروا بوو، زاراوەکەی هێندێک جودا بوو بەڵام پیاوێکی خۆش قیافە و خوێن شیرین و لەبەر دڵان بوو، بەردەوام پرسی لەمن دەکرد کە چیدەکەم و خەریکی چیم و لەو بوارانەدا، دوایی گوتی کاک سیامەند ئەگەر بخوازی من دەتوانم بتنێرم بۆ سوئێد و لەوێ دەرتسەکانت بخوێنی، سۆئێد بۆ تۆ باش دەبێت و خوێندنی باڵاش دەتوانی وەربگری. لە دڵەوە پێم خۆش بوو بەڵام زۆریش مەیلم نیشان نەدا، وەڵامم داوە کە چۆن دەبێت و چۆن دەچم و لکەو بوارانەدا هێندێک پرسم کرد گوتی ئەگەر ویستت من هەموو کارێکت بۆ دەکەم و دەت نێرم بۆ سۆئێد، من نەمدەزانی سۆئێد چونە و چی دەبێ بکرێت. نەم زانی سۆئێد دوای چەند ساڵێک دەبێتە وڵاتی دوهەمم و بەشێک لە ژیانم لەو وڵاتە بەسەر دەچێت. بەڵام لەگەڵ خۆم گوتم زەحمەتە سامڕەندی خوشکم لە مەهابادە بە جێی بهێڵم، بچوکە و پێویستی بە من هەیە، هەرچەندە نەمزانی کە چارەنوس ئیزن نادات من و خوشکم سامڕەند بەردەوام لە شوێنێک بە یەکەوە بین، گوتم، ئیتر زەحمەت دەبێت و من لێرە دەرسەکانم تەواو نەکردوە و ڕادەوەستین من دیپڵۆم وەربگرم دوایی بزانین چۆن دەبێت. کاک عومەر گوتی زۆر باشە دیپڵۆمەکەت وەربگرە دوایی تەنیا ئاگاداریەکم بۆ بنێرە من هەموو کارەکانت بۆ ئەنجام دەدەم، هەرچەندە پاش دیپڵۆم وەرگرتنیش جارێکیتر کەوتمەوە خڕێ ناوزەنگ و کاک عومەر شێخ موسم دیتەوە و ئەو لە سەر بڕیارەکەی خۆی بوو و گوتی کاکە سیامەند ئێستا کاتیەتی کە بڕۆی بۆ سۆئێد، لە وەڵامدا گوتم کاک عومەر سوپاس بۆ هەستی خۆشەویستیت، بەڵام ئێستا شۆڕشێک لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) ساز بووە و من چۆن دەتوانم ئەو شۆڕشەی کە هەموو تەمەنم چاوەڕوانی بووم بە جێی بهێڵم و بچمە وڵاتێکی بێگانە. من دەمێنمەوە و لەگەڵ خەڵکی خۆم دەبم، زۆری نەماوە کوردستان ئازاد دەکەین و ئیتر پێویستیم بە خوێندنیش نابێت، ئەو سەردەم ئاوا بیرم دەکردەوە و بیرکردنەوەیەکی ڕاستیش بوو بەڵام زۆرجار ژیان و ڕووداوەکانی نابەدڵ کە دێنە پێش، ڕەوتی ژیانی مرۆڤەکان بەبێ خواستی ئەو کەسە دادەڕێژێتەوە و ناچار بە دامرکاندنی ویست و خواستی خۆی دەبێت. پێم وابو کە کوردستان کە ئازاد کرا هەموو دونیا دەبێتە بەهەشت و منیش پێویستم بە خوێندنی باڵا نابێت.

مرۆڤێک کە خۆی لە بۆ تێکۆشان و ئازادی وڵاتەکەی تەرخان کردبێت، ئیتر هیچ بابەتێکی تر ئەوەندە گرنگ نابێت کە خۆی بۆ ماندوو بکات، ئەو تێڕوانینە، تێڕوانینێکی باش و شۆڕشگێڕانەیە بەڵام بۆ هەڵگری ئەم جۆرە بۆچوونانە بەهای زۆر گەورەی دەبێت و پێویستە ئامادە بێت کە بەهای گەورەی بۆ بدات و لە درێژەی خۆیدا هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخان بکات. بە پێی ئەزمونی ئێستای خۆم لە دونیای سیاسەتدا، زۆرجار ناهەمواری و گێچەڵی نابەجێ بۆ مرۆڤە شۆڕشگێڕەکان دێتە پێش کە باوەڕ کردنی بۆ ئەو مرۆڤە سەختە. زۆر جار مرۆڤ بە شێوازێکی ڕۆمانسی دەڕوانێتە سیاست و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین حیزبایەتی بە شێوازی تەریقەتی سەردەمی شێخایەتی چاو لێدەکرێت و هەڵس و کەوتیشی هەر بە شێوازی دەروێش دەبێت، کاتێک ئاگا دەبێتەوە و دەزانێ کە شێخەکەی مۆعجزەی پێناکرێت و تەنیا بە شێوازێکی ئەبزاری و ئۆبژکتیڤ دەڕوانێتە دەروێشەکەی، ئیتر دونیاکەی دەڕوخێت و دەکەوێتە ناو بۆشاییەک لەژیانیدا مەترسیەک ساز دەبێت بۆ بەرەوچونی پوچیزم و نەهیلیزم کە ئەو ڕوانگەیەش هەموو هێزو وزەی ئەو مرۆڤە لەگەڵ خۆی لەناو دەبات. لەناو حیزبایەتیش دا بەهۆکاری سادەبوونی ئینسانەکان لە ناو سیاسەتدا و تایبەتمەندی سایکۆلۆژی کۆمەڵەگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر جار سەرۆکانی سەرهەڵدانەکان و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی حیزبەکان و یا ئەحزابی سیاسی، میسیۆنی خۆیان وون دەکەن و خۆیان لە جێگای سەرۆک عەشیرەتێک یان شێخ و بەگێک دەبیننەوە و ڕەفتار و کرداری بە شێوازی ئەو تەیفە دەگۆڕێت و ئینسانە فیداکار و سادەکان لەبواری سیاسی دا بەکاردەهێنن بۆ ئامانجە شەخسیەکانی خۆیان و ئەوەش دەبێتە هۆکار کە حیزب یان شۆڕشێک لە ئامانجە سەرەکیەکەی خۆی دوور بکاتەوە و لە درێژەی خۆیدا ئینسانە تێکۆشەرەکان لە خەبات بێزار بکات، یان ئەوە کە لە ناو حیزبەکەیاندا ئۆپۆڕتۆنیزم و ڕاڕایی و شێوازێک لە دەروێش مەسلەکی پێش بخات. نمونەی ئەو شێوازە ڕەفتارە لەناو حیزبایەتی لە کوردستان زۆرە و زۆر جاریش لەم سەردەمەدا تێکۆشانی سیاسی و حیزبایەتی وەک بیزنس و بازرگانی دەبینرێت و ئەوەش لە درێژەی خۆیدا خەساری زۆر گەورە و کوشندە لە پەیکەری شۆڕشگەڕی و تێکۆشانی ئازادی دەدات و لۆمپەنیزمی سیاسی دەبێتە کۆلتۆرێک بۆ کۆمەڵێک مرۆڤی بەرژەوەندخواز و ئۆپۆڕتۆنیست(هەلپەرەست) و ناڕاست.

لە ڕێگەی
سەرچاوە: كتێبی بەردەپشتی كورد، ل177-181
زیاتر پیشانبدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *