لە ساڵیادی مەرگی (فیلەتەن)ەکەی یەکێتیدا

یەکێتی خاوەنی زۆرترین سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی شەهیدە، ئەگەرچی هەندێک لەوانە لە مەیدانی داستان و نەبەردییەکاندا یاخود لە زیندانەکان و بەردەم پەتی سێدارەدا شەهید نەبوون و بە مەرگی ئاسایی ماڵئاواییان کردووە، بەڵام تۆماری ساڵانی خەبات و تێکۆشانیان هێندەی کەمتر نییە لە خەبات و تێکۆشان و گیانبەخشینی شەهیدەکانی هاوڕێ و هاوسەنگەریان.
سەرکردە و فەرماندە جەبار فەرمان کە مامی گەورە نازناوی فیلەتەنەکەی یەکێتی پێ بەخشیبوو، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە هەموو خەسڵەتەکانی تێدا کۆببووەوە، لە بەرامبەر خەبات و گیانبازییەکەی.
جەبار فەرمان جگە لەوەی لە یەکەم دەستەی کادرانی کۆمەڵە بوو کە لەگەڵ شەهیدانی سەرکردە خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەردا دەستگیرکرا و بەرگەی هەموو ئازار و ئەشکەنجە جۆراوجۆرەکانی ناو زیندانەکانی بەعسی گرت و کۆڵیان پێنەدا، بۆیە لەدوای ئەوە بەرەو شاخ هەڵزنا و وەک کادری سیاسی درێژەی بە خەباتدا و لەو ماوەیەدا گوڕوتینی گەورەی دا بە کاری رێکخراوەیی و بووە لێپرسراوی رێکخراو، کاتێکیش خەباتی سیاسی و مەیدانیی پێشمەرگەیی پێکەوە گرێدا، بووە یەکێک لەو فەرماندە مەیدانییانەی هەر داستان و نەبەردییەک ئەو نەخشەکێش و سەرکردایەتی کردبێت نەک هەر سەرکەوتوو دەبوو تێیدا، بەڵکو چووەتە دەفتەری سەروەریی داستان و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگەوە.
ئەگەر شانازیی نەخشە و پلانی سەرەکی سەرخستنی راپەڕینی ئازاری 1991 بە پلەی یەکەم بە یەکێتی و نەوشیروان مستەفا و دواتر بە سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی ببڕێت، ئەوا شانازیی پاراستنی ئامانج و دەستکەوتەکانی راپەڕین بە سەرکردایەتیکردنی راپەڕینی سێیەم لە تشرینی یەکەمی 1991دا بە فیلەتەنەکەی یەکێتی دەبڕێت، چونکە بەو داستانە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و تۆڕباینەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لە دەستی رژێم پاراست، رژێمی ناچارکرد ئەوەی بە هێرشەکانی دوای راپەڕین بۆ سەر کوردستان داگیری کردبووەوە، پاش سەرکردایەتیکردنی داستانێکی کەم وێنە لە گەرمیان، بۆ هەتا هەتایە کوردستان بەجێ بهێڵێت و ئیدارات بکشێنێتەوە، لەسەر ئاستی ئیدارییش، بیرۆکەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستبوونی حکومەتی هەرێم بووە ئەمری واقیع.
جەبار فەرمانی نەمر جگە لە ئەرکە سیاسییەکەی وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە کابینەی یەکەمی هەموارکراوی هەرێمیشدا پۆستی وەزیری پێشمەرگەی وەرگرت کە ئەو قۆناغە بە گرنگترین قۆناغەکانی داڕشتنی دیسپلینی سەربازیی هێزی پێشمەرگە هەژمار دەکرێت.
جەباری سەرکردە و فەرماندە بەهۆی دۆخی نائارامی کوردستانەوە، لە دوای راپەڕینیش نەحەسایەوە و لەبەر پێگە سەربازییەکەی هەمیشە لەو مەیدانانەدا دەتبینی کە پارێزگاریی لە یەکێتی و قەوارەی هەرێم پێویستی پێی بوو، بۆیە دواجار ماندوێتی مەیدانە جیاجیاکانی خەبات بووە مایەی دووچاربوونی بە نەخۆشییەکی درێژخایەن تا لە ئێوارەی 9/8/2007 دا گیانی پاکی گەیشتە کاروانی نەمران.



