بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

زیندەبەچاڵكردنی مناڵ لە تاوانی ئەنفالدا

ئارام هەڵەدنی

زۆر ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت لەسەر مردنی مناڵێك بنوسێت كە تەنها چەند ساڵێك لەم جیهانە بەرینەدا ژیانی بینیوە، بەعسیەكان بوون بە هۆكاری ڕوح كێشانی و نەیانهێشت بەردەوام بێت لە ژیان.

كوشتنی مناڵا هیچ پاساوێك هەڵناگرێت بۆ بكەرەكانی، ئەوانەی بەو كارە هەستاون دڕندەترین مرۆڤی سەر زەوی بوون، بێ ویژدانی و دڵڕەقی و دڕندەیی ئەوان بەراورد ناكرێت لەگەڵ هیچ دڕندەیەكیتر.

دنیای پاك و بێگەردی مناڵ بە هیچ جۆرێك ناكرێت تێكەڵ بە شەڕی گەورەكان بكرێت، ئاخر لە كوێی دنیادا و بە چ یاسایەك مناڵی ساوا و شیرەخۆر لە بەردەمی دایكی دەڕفێنرێت و جیا دەكرێتەوە و زیندە بەچاڵ دەكرێت؟!

ئەو لە كاتی لە دایك بونیەوە تا كۆتا ژیانی گوێی بە دەنگی تۆپ و هاژەی فڕۆكە كراوەتەوە و یەكەم وشە كە گوێ‌ بیستی بووە ناوی سەددام و بەعس و عەسكەر و تۆپ و تەیارە بووە.

یەكەم كردنەوەی چاوی نیگایەك بوو بۆ دوكەڵ و پاشماوەی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكان و شوێنگەی تۆپەكان، كە هەموو سەرە سەعاتێك وەكو دیاری سەدام دەبەخشرا بە مناڵانی كورد.

ستەم و دڵڕەقی ئەوەیە مناڵێكی شیرە خۆری ناو كۆشی گەرمی دایك بكرێتە ئامانج، مناڵێك كە لە چاوەڕوانی شیری مەمك و ئاوی دەستی دایكدایە، لە چاوەڕوانی باوكیدا كە نوقڵ و بسكیت و شەربەت و ئۆتۆمۆبێلی یاری كردن و تۆپی پێ‌ و جۆرەكانیتری یاری كە حەزەكانی ئەو تێر دەكات بە دە‌ستی بگات، دەبوایە ژیانێكی باش و ئایندەیەكی گەشی بۆ دەستەبەر بكرایە و ڕێز لە پاكی و بێگەردی بگیرایە.

ئەبوبەكر محەمەد خەڵكی قەزای دوكان بوو هەر بە مناڵی ئەنفال كرا، لە خانەوادەیەكی كوردی مسوڵمان لە دایك بووە ناوی ئەو لە ناوی ئەبوبەكری یەكەم خەلیفەی مسوڵمانانەوە هاتووە و باوكیشی بە ناوی پێغەمبەری ئیسلامەوە ناونراوە.

دەبێت بپرسین بۆچی و بە چ پاساوێك لە ژێر ناونیشانی ئایەتێكی قورئان ئەبووبەكرەكانی كورد ئەنفال كران؟!

دەبێت چ تاوانێكیان كردبێت غەیری كورد بوونیان، كە ئەوەش لە دەسەڵاتی خۆیاندا نەبووە و پەروەردگار بەو شێوەیە هێنابوونیە ژیانەوە، تاوانی ئەبوبەكر چیبووە لە خێزانێكی بە ڕەچەڵەك كورد لە زێدی باب و باپیری كە كوردستانە لە دایك بووە، ئەو چ گوناهێكی هەبوو لە كورد بوونی كە بەلای بەعسیە شۆڤێنیەكانەوە گەورەترین تاوان بووە؟!

باوكی ئەبوبەكری سێ‌ ساڵا، كاتێك شەوارەی لەسەر كوڕەكەی گرت لە سەرەتای لە دایك بوونیدا ناوینا ئەبوبەكر، بە سونەتی ئیسلام بانگی ئیسلامی بە هەردوو گوێیدا چركاند، هەرگیز بیری لەوە ناكردەوە كە ڕۆژێك دێت نەوەكانی خەلیفە ئەبوبەكر دەستیان سور دەكەن بە خوێنی ئەبوبەكری كورد!

ئەبوبەكری تەمەن سێ‌ ساڵ، لە ناوچە تەڕ و پارەوەكانی قەزای دووكان چاوە گەشەكانی بە دنیای پڕ مەینەتی هەڵهێنا، بەڵام چاوەكانی لە بیابانە گەرم و لمینەكانی سەماوە و نوگرەسەلمان و عەرعەر، لە وەرزی گەرمای پڕوكێنەردا لێكنا و بۆ هەتاهەتایە نەیكردەوە.

جەستەی نازدار و نەرم و شلی پاراو بە ئاو و هەوای سازگاری كوردستان كە وەك كلی ناسك وابوو خرایە ناولمی گەرمی بیابان و بووە خواردنی سەگە ڕەشەكان كە لە فێرگەی بەعسدا وانەی خواردنی لاشەی پیرۆزی كورد فێر كرابوون.

تاوانی كوشتنی مناڵێكی ساوای بێ‌ تاوان زۆر ناخ هەژێنە، لە گێڕانەوەی سەربوردەی كوشتنی ئەبوبەكرەكانی كورد ناتوانین خۆڕاگربین و بە سانایی بەسەرماندا تێپەڕێت، بەڵام دەگەینە ئەو ڕاستیە كە حیزبی بەعسی عەرەبی ئەوەی بۆی كرا كردی بەرامبەر گەلێكی بێتاوان،  هەرگیز تەمەن و ڕەگەز ڕێگر نەبووە لە بەردەم جێبەجی كردنی پلانەكەیان، بەعسیەكان و خودی سەدام بەو شێوەیە مانفێستی خۆیان كرد بۆ هەموو جیهان كە ئەوان هەرچی بكەوێتە بەردەستیان كۆمەڵكوژی دەكەن.

ئەوەی ڕژێمی بەعسی دەیكرد جەنگ نەبوو لە گەڵ وڵاتێكی دوژمن، بەڵكو جەنگێكی تاك لایەنە و سەركوتكردن بوو لەگەڵ هاونیشتیمانیانی خۆی، ئەوەی لە تاوانی ئەنفالدا ڕویدا هەرگیز ناونانرێت شەڕ، بەڵكو قڕ كردنی گەلێك بوو بە بێدەنگی  لە وڵات و خاكی خۆیدا.

بەعسیەكان پەلاماری دڕندانەیاندا بۆ سەر هاوڵاتی سڤیلی ئەو گوندانە كە لە هەوڵی بەڕێكردنی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خۆیاندا بوون، ئەوان نە چەكیان پێبوو نە لە چاوەڕوانی پەلامارێكی لەو شێوەدا بوون.

زیاتر پیشانبدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close