ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

سەروتار

رەهبەر سەید برایم

گۆڤار لە كۆی هەوارەوە هاتووە كراوەتە گۆڤار، بابەتە چاپكراوەكانی كۆدەبێتەوە دەبێتە خەرمانەی كۆ وتار، گۆڤاری (تێكۆشەر) ئۆرگانی پڕ لە گیانی شۆڕشگێریەت و تێكۆشانە، بۆ ڕێز و سەربەرزی و شانازی بۆ وەشاندن لە جۆشانە، دەنگ و ڕەنگ و پڕشەنگ و سەنگ و تفەنگ و فەرهەنگی تێكۆشەرانە، هەست و نەست و هەڵوێست و ویست و خواست و مەبەست لەسەروەرانە، گوزارشت دەكات لە پێشمەرگەی دێرین و ڕێكخستنی نهێنی و كەمئەندامی سەنگەر و ژنی شاخ و مامۆستایانی شۆڕش (چرای شاخ) و زیندانیانی سیاسی، بۆ ڕابردووی ژان چەشتووی ئارەق ڕشتووی ماندووی ڕۆژانی سەخت دەبێتە باسی، گۆڤاری رۆژگاری پڕ یادگاری هۆشیاری و زانیاری و رامیاری و هەواری تەواری شاسۆیانە! بۆ ڕزگاری و بەرقەراری و كاروباری پێرۆزگاری كۆساری ئاسۆیانە، لە كۆشش و بۆ شۆڕش و لە جۆش و خرۆش و پەرۆش و بیروهۆش و راوبۆچوون، بۆ رۆچوون لەناخی تێكۆشەران كە بۆ ئازادی بەرەو مەرگ دەچوون، گۆڤاری (تێكۆشەر) گەرەكێتی، وەك ئۆرگانێكی یەكێتیی، بەپێی شێواز و تیورەكانی كارتێكردن جۆرەكانی روون بكاتەوە، بە شێوازێكی رۆژنامەوانی لەناخی تێكۆشەران رەنگ بداتەوە، لەو رەهەندانەی پەیوەندی بە راگەیاندن هەیە، پێویستیان بەشیكردنەوە و هەڵسەنگاندن و تێگەیاندن هەیە، لەسەر بنەمای ئەزموون و هەژموونی سەرچاوەكە، متمانە و راستگۆیی رووداوەكە، پەیوەندییان بە ناوەڕۆكی پەیامەكە هەبێ بۆ دابینكردنی رای گشتی، شانازی و سەرفرازی و ئازادیخوازی بە داڕشتن و گوزارشتی، ئاراستەكراوبێ بۆ سەرجەم بوارەكانی تێكۆشانی هاوبەش، بۆ ئەو تێكۆشەرە دێرینانەی بە بیروباوەڕ ئامادەبوون گیانی خۆیان دەكرد پێشكەش، لەپێناوی پاراستنی كەرامەت و پیاوەتی و مەردایەتی، بۆ نەهێشتنی ستەم و زۆرداری و نادادی و نامرۆڤایەتی، زایەڵەی زوڵاڵی زیندوو هێشتنەوەی تەبارەی جۆخینی شەڕەفە، دەبێت فەرشی گوڵزاریان بۆ ڕابخرێت چونكە پیرۆزتر و بەرزتربوون لە كێوی عەرەفە، ئەوەی بە نابینایی لە دایك دەبێت تێناگات لە مانای ڕوناكی، نازانێ تێكۆشەری دێرین چۆن خەباتیان كردووە بە چاكیی و پاكی! نائومێدی یەكەم هەنگاوە بۆناو گۆڕ، بۆیە (گۆڤاری تێكۆشەر) دەرازێنێتەوە بە بابەتی هەمەچەشنە و جۆراوجۆر، هیوا و ئومێد و گەشبینی دەبێت بەرەو ئاسۆ، تێكۆشەرانی كۆن دەگرێتەوە بە شێر و ماشێر و تەوار و شاسۆ، وەختی سەختی ژنانی شاخە كە هاوسەر و هاوسەنگەر بوون لەگەڵ پیاوەكانیان، سەری هەموو ئەو خۆفرۆشانە دەهێنن كە دڕاوە پێڵاوەكانیان، ڕازی بوون بە هەموو ژیانێكی ناخۆش و سەخت، لە خانووی قوڕ و ئەشكەوت و داروبەرد و وەرد و زەوی تەخت، پێشمەرگە و شۆڕش و هاوژینەكانیان و كوردستانیان خۆش دەویست، بۆیە دەگونجان و دەژیان لە بارێكی نالەباری ناپێویست، گۆڤارێكە لە بەرەی گەل و بۆ ئاواتی تێكۆشەرە راستەقینەكانی (ی.ن.ك)ە. بۆ بەرز راگرتن و خۆراگرتن لە مەترسیی بووە ژیانیان لە ئەنجامی تێكۆشانا، یاداشت و پاداشت و راداشت و هێشتنەوەی جوانیەكانی خەباتە، نیشانە و هەتاوی هەڵاتە بۆ تێكۆشەران سایە و ساباتە.

– گۆڤاری تێكۆشەر بۆ ئەو تێكۆشەرانەیە لە زڕەی زنجیر نەترسابوون، بێ منەت بەرامبەر جەللادەكانی دژمن وەستابوون، بەرخودان بە ئەشكەنجەدان، لەناو زیندان، لەخانەی مەردان، نهێنییان نەدركاند، لە شرقەی قامچی چاویان نەتروكاند، خۆڕاگرانی زیندان باكیان نەبوو، لە قامچی و لێدان.

– گۆڤاری كەمئەندامانی سەنگەرە كە گەشمردەی زیندوون، جەستەیان بەخشی بەگیان ماون بەڵام نەمردوون، چ مانێك پڕ كارەسات ویژدان دەهەژێنێ، چ ئازارێك و بەچ بارتاقەیەك رووح رادەژێنی، لە ژیان بێزار و برینیان بێ سارێژ، هەموو چركەیەك گیانیان خەونیان ئازار چێژ، كەم ئەندامی سەنگەر هەیە قاچی بڕاوەتەوە، كەچی پاژنە و بنی پێی دەخورێت و ڕادەچڵەكێ و دەتلێتەوە و كێشەی بۆناوەتەوە، ئاخۆ دەبێ چ هەست و نەست و هەڵوێستێكی ئاگراوی بێ، بارگرانی و نیگەرانی و چ گڕ و پشكۆیەك لە كورەی هەناوی بێ، كارەساتە، بەسەرهاتە، بارودۆخی كەمئەندامانی سەنگەر، لە گێژاوی قوڵایی خەم و خەیاڵ ناگرن لەنگەر.

– گۆڤاری تێكۆشەر، گۆڤاری ئەو دكتۆر و یاریدەدەر پزیشكانە و برین پێچانەیە كە مرۆڤ و پێشمەرگەبوون لەناو شۆڕش و شاخا! برینداریان تیمار و قوتار دەكرد لە ڕۆخی مەرگ و ئازار شكێنی بوون لەزام و ئاخا.

خەستەخانەی شۆڕش، هێمای هیوا و ورە بەخشن، هۆڵی نەخۆش لەناو دار و بەرد و خانووی قوڕ و بن نایلۆن و ژێر چادر، دكتۆرەكان دەبوونە فریادڕەس و فریشتەی ژیان، بە قوەتی قادر ورە و وزە و ئازایەتیان دەدا بە پێشمەرگە و لەناو سەنگەر و شەڕ، ساڕێژی برین و بەری خوێن بەربوونیان دەگرت و دەیانكرد تیمار و چارەسەر.

– گۆڤاری مامۆستایانی شۆڕشە كە چرای شاخ بوون لە شەوە زەنگ، گرمە و زرمەی تۆپ و تەق و تۆق دەبووە لێدانی زەنگ، لەناو بۆردومان و تۆپ و باران و لەناو ئاگر و بارووتەوە، چرای خوێندنیان هەڵكردووە دارا دوو داریان دەوتەوە، نەك دارا دوو دارای دی بەڵكو سێدارەی دی، مامۆستایانی شۆڕش شەونخونی و بێدارەی دی، بەوانەی (مام زۆراب، مام زۆراب)، مێوژی نایاب، دۆی دادە ئاوی زۆرە، دڕیان بەتاریكی دەدا و فێرخوازیان پەروەردە دەكرد بەو جۆرە.

– گۆڤاری تێكۆشەر هی ئەو پێشمەرگە دێرینانەیە، بۆ هەتوانی ئەو برینانەیە، لە رۆژگاری دژواری نالەباری ئەودەمێ پێشمەرگایەتی ئاسان نەبوو، جادە قیر و تەخت و پان نەبوو! بە مەرامی باخ و شەوانی پەمەیی و ماشێن و سامان نەبوو، بەڵكو بە خۆبەشی، بەپێشكەشی، بەدڵگەشی، بە كەشمەكەش، لە خۆشی بێ بەش، بێ داهات و بێ دەرامەت و لە سەر ورگی لادێ دەژیان، دڵ و دەروونی خەڵكیان لەگەڵ بوو چونكە بۆ نیشتمان دڵسۆزبوون بۆیە لە چیان!

 پێشمەرگە گەورەبوو بۆیە بە خەونی گەورەوە كەوتە ڕێوە، دەنا خۆ شێت و دێوانە و یاخی نەبوون دەحەوانەوە لەو شاخ و كێوە، سەرانی بەعس گوتیان ڕێك نەكەون لەگەڵمان تەفروتووناتان دەكەین خاكتان بەتوورەكە دادەبێژین، ژن و منداڵتان دەكوژین رەحمتان پێ ناكەین و بەلێشاو خوێنتان دەڕێژین.

خوشك و دایكی شەهیدەكان و پێشمەرگەكان و زیندانییە سیاسییەكان چاویان تەڕتر بوو لە باران، خۆیان دەشاردەوە، دڵیان دادەخورپا نەیان دەوێرا قسان بكەن لەترسی خیانەتكاران و شۆڤاران و نەیاران!

كوردە تێكۆشەرە سیاسییەكان گوللەباران دەكرد، بەعس پارەی فیشەكەكانیان لە كەسوكاریان وەردەگرت، دەبوو پارەش بدەی و بشكوژرێیت، دەنا تەرمەكەیان نەدەدایەوە نەیاندەهێشت بنێژرێیت!

كە پێشمەرگە لە شاخ و دەپێكرا گوللەی بەردەكەوت دواهەناسەی دەدا و دەیلرخاند، ئەو دیمەن و ماڵ ئاواییان بەكاریگەر بەرزی دەنرخاند، پێشمەرگایەتی گەشمرگایەتی بوو، ئەو پەڕی هەڵوێست و مەردایەتی و كوردایەتی بوو، بەردە رەقەكان باوەشێكی گەرم و نەرم و نیان بوون، پارێزەر و سەنگەر و راخەر و سەرینگەی ئارامی گیان بوون.

لە مێژووی گەلان گەر بگەڕێن ورد ورد، دەگمەنن قارەمانانی كورد، نەگیڤارا نەرێوی بیابان، نە موسڵمانەكانی ئەسحابان، لە شۆڕشگێرانی كورد ئازاتر نەبوون، لە پارتیزانەكان خۆراگرتر و شارەزاتر نەبوون، كورد لە كایەی سیاسەت و دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی دۆڕاوە، ئەگینا هەرگیزاوهەرگیز لەڕووی سەربازییەوە تێك نەشكاوە، لە كیمیاباران و ئەنفال بێ ئاوەدانی چۆڵ و سوتماك، پارتیزانەكانی كورد مانەوە حەوانەوە بێ منەت و (بێ باك)، ئاستەنگ بوو دابینكردنی كەرەستە و خۆراك، پێشمەرگە پنجی ریحانەی كێوی بوون لە دامێنی چیا، تیشكی روناكی ڕزگاری بوون (شەمس و قەمەر، نوور و زیا)بۆنی خاك خۆشترین گوڵاوە، بۆ پارتیزانەكان چی نەدەما لە مەرگ و باوەڕ بەولاوە، چۆلەكە و پەڕەسێلكە ناژین بێ ئاوەدانی، كەچی پارتیزانەكانی كورد حەوانەوە و مانەوە لەناوچەی چۆڵ و كاولكاری و وێرانی، بەعس ماڵی خودایان ڕووخاندبوو، كانی و كارێزیان تەپاندبوو، خۆ مار نەبوون بە گڵ بژین! ئاشبەتاڵیان بە ئاشبەتاڵكرد داینانهێنا وانەی نەبەزین، ئەشكەوتیان بەسەردا ڕووخا نەڕووخان! درێژەیان بە خەباتی پارتیزانی دا لەپەناو پەسێوان لەناو دار و بەرد و لەناو تەڵاشان و كووخان، پارتیزانەكان بەخۆڕاگری هەرمابوون، لە دەورووبەری شار و ئۆردوگا بوون، كفری تا دەگاتە بادینان، بەردە رەقەكان نەرمتر بوون لە دڵی خائینان، پێشمەرگە ئارەق ڕێژبوون بەچیا و چۆڵ و دۆڵ و بەندەن و رووتەن، وەك مسكی ناوكی ئاسكی ناسكی دەشتی خووتەن، پێكەوە كۆنابنەوە باوەڕ و مەحاڵ، پارتیزانەكانی (یەكێتیی)حەوانەوە ناكرێ و نابێ یان تێپەڕاند و سەربەرزانە و زاڵ، بەدحاڵیبوونێك هەیە لەنێوان ئەولادی عەسر و تێكۆشەرە دێرینەكان، بۆ ئەوەی بە ناڕەوا هێرش و فشار نەكەن، ترش و خوێێ نەكەن، قارەمانانی ڕۆژانی سەخت، جیاوازن لەگەڵ خواپێداوانی ڕۆژگاری تەخت و بەخت، ئەوانەی بوونەتە لێپرسراو بە ڕێكەوت و قەزاوقەدەر، گۆڤاری تێكۆشەر دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی سەخت و دژوار و هەڵوێست و زەمانی بیروباوەڕ، دەگێڕێتەوە دەیان نموونەی چالاكی و داستان و شەڕ، دەیەوێ خەباتی سەختی شار و شاخ گرێ بدات، هەر هەڵوێستێكی شۆڕشگێرانە هەبێت گرنگی پێبدات، بنەتۆو بنەكۆ ودینەمۆو ژیلەمۆی خەبات بوون، سمبوڵ و سنبوڵ ودڵ و گوڵی وڵات بوون.

– گۆڤاری تێكۆشەر مەبەستیەتی وەفا بنوێنێ بەرامبەر، ئەو خەڵكە نانبدە و مێوانپەروەرانەی دەشتودەر، وەخت و ناوەخت بە شەونخونی ژان و ژیانیان لەگەڵ پێشمەرگە دەبردەسەر، پارووی قورگی خۆیان دەدا بە پێشمەرگە، خزمەتگوزار و خانەدان بوون یەك نان گیان بوون بۆ ڕاستی و بەڵگە.

– گۆڤاری تێكۆشەر خامە و بۆچوونی ئەو شاعیر و نووسەرانەیە كە مەردانە ڕۆڵیان هەبووە لە بەرگری و بەرەنگاری، سەدان كەس بە هۆكاری شیعر نووسین و هونەر بوونەتە پێشمەرگە بۆ ڕێی ڕزگاری، دەیەوێ دەنگی بگاتە گوێی جەماوەر و بەتایبەت نەوەی تازە، چونكە هەر تێكۆشەرێ دەیگری ڕابردووی جوان و ناوازە و جیاوازە، تێكۆشەران گوڵی سەرسنگی مێژوون، خۆفرۆشان با دەسەڵاتدار و پلەداریش بن هەر ڕووڕەشن وەك ڕەژوون:

میللەت ئەمانە زۆر چاك دەنـــــــــاسی

هەر هێزێ هاتوو خۆی پێ هەڵواسی

بڵێسە لە پریشكێكەوە سەرچاوە دەگرێ، تێكۆشەر بە كەرامەت دەژێت بە مەردی دەمرێ، خەونەكانی رادەخست، بۆ وڵاتی خۆشەویست، دڕك چەند تیژ و بەهێش بێ ئازاری گوڵ نادات، ئازاری ئەوانە دەدات كە دەست بۆ گوڵ دەبات، هەنگاوەكانی بۆ پێشەوە بوو هێواش هێواش، تێكۆشەران ناگەڕێنەوە پاشەوپاش، باخەوانی باخی خۆیان بوون، پاسەوان ناخی خۆیان بوون، تێكۆشەرە دێرینەكان مرۆڤی دەگمەن و جیاوازبوون، لە خۆبوردو خۆنەویست و فیداكار و گیانبازبوون، لایەنی نادیمكرات زەندەقی دەچێت لە رەخنە، وابیردەكاتەوە رەخنەگر ناحەز و نەیار و دژمنە.

بیركردنەوە ئاسانە، كارپێكردنی گرانە، لە وڵاتێ دەژین روباری فرمێسك و خوێن خوڕەی دێت، ئاسمانەكەی بەفرۆكە و دڕۆن هەر زرمە و گرمەی دێت، مەرگ دەبارێ، لە ئاسۆی نادیاری.

گۆڤاری تێكۆشەر شوناسە و ناسنامەی تێكۆشەرانە، گوڵچنی ڕێكخستنە نهێنییەكانە، كە ڕایەڵەی ڕێكخستنیان دەچنی لەناو جەرگەی بەعس، لەژێر مەرگ و سێدارە و چاودێری جاسووس و ترس. بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕێكخستنیان هەڵدەچنی، لەناو جەرگەی دڕندەترین دوژمنی، بڵاوكراوەی شۆڕشیان بڵاودەكردەوە، ناوی ڕێكخستنەكانیان لەناو دڵ و دەروونی خۆیان دەشاردەوە، دروشمیان لەسەر دیواران دەنووسی، دژ بە ڕەفتار فاشستی بەعسی، ڤەشارتی چالاكی ئەوتۆیان دەنواند، دڵی دژمنیان دەلەرزاند و دەتۆقاند، بەعس بەس زمانی مەرگ و سێدارەی دەزانی، گیانی كوردیان بەلاش دەدا بە هەرزانی، لەگەڵ ئەوەش لە شاخەوە فەرمانڕەوایی شار دەكرا، چونكە دڵ و دەروونی جەماوەر لەگەڵ بوو، هاوشان و هاوتا، زۆرجار رەشەبا و گێژەلووكە و گەردەلوول چلە پوشێكی بێ ناشكێ و نایجوڵێنێ، بەڵام داری گەورە لەرەگەوە دەردەهێنێ، مێشوولە بە گیزەگیز شێر لە بێشە دەردەپەڕێنێ.

مەترسیدارە ڕێزی تێكۆشەرە دێرینەكان نەگیرێت، وەك ئەوە وایە لە ئاسمانی تێكۆشانا مانگ بگیرێت.

ئەگەر لە دنیایە بۆی نەبن چی لێدەكەن لە قیامەتێ، دەبێ بژی بە شادی و ئازادی و بە كەرامەتی قامەتێ.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close