چیرۆكی وێنەی شەهیدەكان و جزدانەكەی بەرباخەڵم

لەو كاتەوە لە هەموو گوند و هەوراز و نشێوێك ئارەقەم پێوە هەڵڕشتوون، لە شەڕ و پێكدادانەكانی دوژمن لە گەڵمدا بوون و ورەیان پێداوم.
تا ئێستا سەدان باخەڵی جلەكانمیان كردووە و دەیان جزدانمیان گۆڕیوە، دەیان وڵات و سەدان شار و سەدان ئاهەنگ و هەزاران گەڕەك و هەزاران پرسە و هەزاران جێگە و رێگەیان لەگەڵدا كردووم، بە سەیركردنیان هەزاران دڵۆپە فرمێسكی گەرمم بۆ داباراندوون، بۆئەوەی لێم وننەبن، هەرگیزا و هەرگیز لە شوێنێك دامنەناون، مەگەر لە چەند حاڵەتێكی بچووك و زۆر پێویستی ژیانمدا.
كە سەرباز و ئاسۆ لە 10/6/1985 شەهیدكران، من وێنەی هەردووكیانم لەناو جزدانەكەمدا دانا، ئەوكاتە وا بوو زۆربەی پێشمەرگە كە برادەرە نزیكەكەی شەهید دەبوون، یان سەركردەیەك كە رەمزێكی شۆڕشبوو، وێنەیەكیان دەخستە ناو جزدانەكەیان و لە ناو باخەڵدا، هەڵدەگیران.
شەهید سەفینی نافیع ئاغا، كە وێنەیەكی گچكەی شەهید دكتۆر خالیدی لە جزدانەكەیدا بوو، رۆژێك پێمگوت: (سەفین ئەوە بدە بە من، گوتی: بۆ؟، گوتم: جزدانەكەم جێگەی سێیان دەبێتەوە، گوتی: ئەدی ئەگەر ئەمن شەهید بووم؟، گوتم: نە تۆ و نە هیچ برادەرێكی دی، نە شەهیدبن نە جێگەتان دەكەمەوە، ئیتر وێنەكەی شەهید دكتۆر خالیدی دامێ و گوتی: باشە با ئەو وێنە لە جیاتی منیش بێت ئەگەر شەهیدبووم.
ساڵ بە دوای ساڵدا رۆیی و برادەر دوای برادەر، داخێكی تریان دەنا بە دڵمانەوە و شەهید دەبوون، جارجاریش كە لەگەڵ سەفین دەگەیشتینەوە یەك و جزدانەكەمی دەبینی، قاقایەكی لێدەدا و دەیوت: (چاك جێی خۆم كردەوە).
سەیرەكە لەوەدابوو، لە دوا شەڕەكانی كاتی ئەنفالەكان، سەفین لە هەمان رۆژدا و دوای سێ ساڵ تێپەڕین بەسەر شەهیدبوونی ئەواندا، لە 10/6/1988 لە لووتكە چیایەكی تری ئەو كوردستانەدا شەهیدكرا، بریا مەرگیم نەدیبا، ئیدی بوو بە بەشێك لە یادگاریی ئەو جزدانە.
لە ژیانمدا زۆر شتم ونكردووە، بەڵام ئەو جزدانە، یەكجار نەبێت قەت لێم ون نەبووە، چونكە واهەست دەكەم هەر شەش هەستەكەم لەو كاتەوە بەو باخەڵەوە نووساوە، وا دەزانم دوورنییە پەنجەیەكم، دەستێكم، یان قاچێكم یاخود چاوێكم با بڵێم ون ببێت، یان بكەوێت و لێم بەجێ بمێنێت و لە دەستیان بدەم، بەڵام هەرگیز جزدانەكەم بیرناچێ و ناهێڵم بفەوتێ.
ئەوجارەش كە بزرم كرد لە سوید بوو، بەهۆی گاڵتەوگەپی هەردوو هاوڕێی خۆشەویستم هونەر بەگ و شێخ ئاكۆوە بوو كە دەستكارییان كرد، وامدەزانی ئەوان شاردویانەتەوە، بۆیە هەستەكانم فێڵیان لێكردم، رۆژی دواتر هیچ شوێنێك نەما بۆی نەگەڕێم، كە بێئومێد بووم لە دۆزینەوەی، ناچار پەنام بۆ پۆلیس برد، خوا خێری ژنە سویدییەك بنووسێت كە دۆزیبوویەوە و وەك ئەمانەتێك جزدانەكەی بە پارەوە بردبووە وێستگەی پۆلیس و پێی شادبوومەوە.
كفن باخەڵی نییە بیبەم، بەڵام ئەگەر مردنێكی شەرەفمەندانەم وەك برادەرەكانم بە نسیب ببێت و لەو دنیا سەربەرزانە بیانبینمەوە، خەمم جزدانەكەمە، چونكە دەزانم لەنێو ئەو میللەتانەی وەك ئێمە، بەهای ئەو وردە شتانەی هەمە یان هەن، نییە، هەر ماوەیەكە كە شوێنەواری ئێمە نەما، ئەوانەش شوێنەواریان نامێنێت و لە پەنایەكدا دەڕزێن.
نازانم چیبكەم، جزدانەكە بە وێنەوە بووەتە بەشێ لە ژیانم، ئایا بەردەوام لە باخەڵمدا هەر هەڵیانبگرم؟.
خۆ ئەگەر
لە دەلاقەیەكی ماڵیش دایبنێم و لام نەبێت،
ئۆقرە ناگرم.
ئەگەر جارێكی دیش لێم بزربێ،
بەرگە ناگرم.
شەهید سەرباز
سەرباز عەبدولڕەزاق حەكیم، لەدایكبووی رۆژی 24/4/1960ی شاری كۆیەیە و ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك بزوتنەوەی سۆسیالیستییەوە، هەرئەوساڵەش قۆناغی شەشەمی ئامادەیی تەواوكرد و بووە خوێندكاری پەیمانگەی نەوت.
رۆژی 19/9/1981 بووە بە پێشمەرگە، ساڵی 1984 یەكەمی خولی كادیران بووە و پاشان بووە بە كارگێڕی ناوچەی یەكێتی شۆڕشگێڕان، رۆژی 10/6/1985 لە چیای باواجیی كۆیە، لەگەڵ ئاسۆی هاوڕێیدا، شەهیدكران.
شەهید ئاسۆ
ئاسۆ رەئوف، لەدایكبووی ساڵی 1963ی شاری كۆیەیە و دەرچووی قۆناغی ئامادەیی پیشەسازییە، ساڵی 1981 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك و ساڵی 1983 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 93ی كۆیە، ساڵی 1984 بوو بە كادری ناوچەی یەكێتی شۆڕشگێڕان، بەڵآم بەداخەوە رۆژی 10/6/1985 لە چیای باواجیی كۆیە، لەگەڵ سەربازی هاوڕێیدا، شەهید كران.
شەهید سەفین
سەفین نافع، لەدایكبووی ساڵی 1961ی شاری كۆیەیە و دەرچووی قۆناغی ئامادەیی كشتوكاڵە، ساڵی 1982 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك و ساڵی 1983 بووە بە پێشمەرگە لە ناوچەی شۆڕشگێڕان- سنووری تیپی 93ی كۆیە.
ساڵی 1987 سەركەوتووانە خولی كادرانی تەواو كرد و پاڵێوراوی یەكەم بوو بۆ رابەری سیاسیی تیپی 99ی بیتوێن، بەڵام مەرگ مەودای نەدا، دوای سێ ساڵ و لە هەمان رۆژی شەهیدبوونی ئاسۆ و سەربازی هاوسەنگەریدا، ئەویش لە 10/6/1988 و لە چیای كەپكی حەمەدئاغا، شەهید كرا.





