كۆچێك لە بێدەنگیدا چــــلەی عەمـــید رێكــــخەر

40 رۆژ بەسەر كۆچی دوایی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین و تێكۆشـەری گەلەكــەمــان، (حاجـــــی رێكــخەر)دا تێدەپەڕێت، چل رۆژە سەنگەرەكان، تێكۆشەرە دێرینەكان و گۆڕەپانی خەبات و پێشمەرگایەتی، پیاوێكی هێمن، دەستپاك و خاوەن نیەتێكی پاك و بێگەردیان لە دەستداوە.
حاجی رێكخەر، تەنها ئەفسەرێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە نەبوو، بەڵكو قوتابخانەی رەوشت و وەفا و خۆڕاگری بوو، تەمەنی خۆی لەپێناو خاك و نیشتماندا بەخت كرد، پێشمەرگەیەكی دانەبڕاو و تێكۆشەرێكی دێرینی یەكێتی بوو، لەو رۆژانەی كە خەبات قوربانی و سەركێشی دەویست، حاجی رێكخەر لە ریزی پێشەوەی بەرگریدا بوو، خەسڵەتە بەرزەكانی وەك خاكیبوون، سادەیی، بێدەنگی و دووركەوتنەوە لە هەر كێشە و ئاڵۆزییەك، وایان كردبوو كە ببێتە خۆشەویستی هەمووان.
پیاوێك بوو كەم دەدوا و زۆر كاری دەكرد، كەسێكی خۆ راپێشكەر نەبوو، سینگ لەپێش نەبوو بۆ قسەی بریقەدار، هەمیشە دەستپاك و دڵسۆزی ئەركەكانی بوو، لەدوای 31ی ئاب و لە ئاوارەییدا، لە فەرماندەیی دووی هەولێر لەبەشی ئیدارەی هێزەكان، خەمخۆرانە خزمەتی کردووە.
مێژووی ژیانی ئەم فەرماندەیە، پڕە لە سەروەری و قوربانیدان چ لەشاخ و چ لەسەر هەڵوێستی سیاسیی مەردانەی خۆی، زیاتر لە هەشت ساڵ دوورخستنەوە و ئاوارەیی لە شاری كۆیە، بەڵام هەرگیز چۆكی دانەدا و پرەنسیپەكانی خۆی نەگۆڕییەوە، لێرەوە بیرەوەرییە هاوبەشەكانمان لە سەردەمی سەختی ئاوارەییدا لە (فەرماندەیی دووی هەولێر) زیندوو دەبنەوە، ئەو ڕۆژانەی كە بەیەكەوە لەژێر یەك سەقفدا، بە هیوای رۆژێكی رووناكتر بۆ گەلەكەمان، ئازار و مەینەتییەكانی غوربەتمان تێدەپەڕاند، ئەو لەوێشدا نموونەی رووسووری و خۆڕاگری بوو، حاجی ڕێكخەر لە كاروانی سەربازیی خۆیدا، تا دوا ساتی پێشمەرگایەتی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی كـــرد و دواین وێســـتگەی كاروانە شــەرەفمەندەكــەی، جێگری لیوای(10)ی هەولێر بوو لە وەزارەتی پێشمەرگە. لەوێش وەك هەمیشە، فەرماندەیەكی دادپەروەر، خەمخۆری پێشمەرگەكان و پارێزەری سەروەریی خاك بوو.
ئەمڕۆ لە چلەی ماتەمینیدا، بەڵێن بۆ رۆحی پاكی حاجی رێكخەر نوێدەكەینەوە كە هەمیشە یادەورییەكان، پاكی و هاوڕێیەتییە راستەقینەكەی لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێننەوە، كۆچی ئەو برینێكی قووڵە، بەڵام مێژووە پڕ لە شانازییەكەی سەرەخۆشی و ئارامیمان پێ دەبەخشێت. رۆحی شاد و یادی هەمیشە بەخێر و مانادار بێت.
ژیاننامەكەی
تێكۆشەری نەمر، بەهرام عەبدوڵڵا مامە عەلی، ناسراوە بە رێكخەر، لەدایكبووی ساڵی 1967ی شاری هەولێرە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1986 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
ئەو ساڵانەی پێشمەرگە بووە، بەشداریی لە چەندین هێرش و بەرگریدا كردووە لە سنوورەكانی مەڵبەندی سێی هەولێر و سەركردایەتی، جارێكیش برینداركراوە، دوا پلەشی پێش راپەڕین، جێگری لێپرسراوی ئیدارەی بەتالیۆنی هەشت بووە، لە راپەڕیندا رۆڵی كارای بینیوە، لە دوای راپەڕین لە چەندین پێگەدا خزمەتی كردووە، دوا ئەركیشی، جێگری فەرماندەی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە بووە بە پلەی عەمید، بەداخەوە، رۆژی 3/5/2026، كۆچی دوایی كرد.




