دکتۆر فازڵ؛ ئەندازیاری دیالۆگ و شەهیدی سەر مێزی گفتوگۆ

- ژیان و پێگەی زانستی و سیاسی
- خەون و دیدگای سیاسی
- تەڵەی خیانەت و شەهیدبوون
داڕشتنەوەی: گۆنا ئیبراهیم
ژیان و پێگەی زانستی و سیاسی
شەهید فازڵ مەلا مەحمودی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە، لە ساڵی ١٩٤٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ئەو یەکێک بوو لە تێکۆشەرە دیارەکان و لە دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو. دوای نسکۆی شۆڕش و بەهۆی ڕازی نەبوونی لە شێوازی خەباتی ئەو سەردەمە، ڕووی کردە سووریا و پاشان لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێ بوو.
دکتۆر فازڵ وەک کەسایەتییەکی دیاری کوردی و سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەیەکی زانستی بەرزی هەبوو؛ وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی ڤییەننا وانەی ڕامیاری (زانستی سیاسی) دەوتەوە، هاوکات کارمەندی ئەنستیتۆی ستراتیجیەتی نەمسا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. بەهۆی ئەم پێگە دیپلۆماسی و زانستییەوە، هەرکاتێک مام جەلال یان کاک مەسعود بارزانی سەردانی نەمسیایان بکردایە، چاویان پێدەخست و ڕاوێژ و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکرد.

خەون و دیدگای سیاسی
خەونی دکتۆر فازڵ، ژیان بوو لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا کە بە ئاشتی لەگەڵ هاوسێیەکانی (فارس، عەرەب و تورک) بژیت. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە ئایینی ئیسلام دەتوانێت ئەم نەتەوانە کۆبکاتەوە، بەمەرجێک توندڕەوی تێدا نەبێت.
سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژاوا، دیدگایەکی ڕوونی هەبوو؛ پێی وابوو ئەمریکا و ئەورووپا خۆیان بەرپرسن لە پارچەپارچەکردنی کوردستان، بۆیە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی کورد ناکەن و نابێت چاوەڕوانی دەستی ئەوان بین. تاکە ڕێگەش بە لای ئەوەوە، دیالۆگ بوو بۆ پێکەوەژیان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ماف و دابونەریتی گەلی کورد.
لەسەر ئەم بنەمایەش، دکتۆر فازڵ بووە دامەزرێنەری پلاتفۆرمی گفتوگۆ (الحوار) لەگەڵ کەسایەتییە چەپەکان و بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عەرەب و فارس)، وەک: ئەحمەد بن بێلا، وەجیه کەوسەرانی، سعود مەولا و چەندینی تر. هەروەها هاوڕێیەتییەکی نزیکی لەگەڵ زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمەدا هەبوو، وەک: عادل عەبدولمەهدی، بەنی سەدر، و ئەحمەدی خومەینی (کە خاوەن بیرکردنەوەیەکی چەپ بوو و دواتر بەشێوەیەکی گوماناوی بێسەروشوێن کرا).

تەڵەی خیانەت و شەهیدبوون
لەسەر داوای خوالێخۆشبوو مام جەلال، دکتۆر فازڵ ئەرکی نێوەندگیر لە گفتوگۆی ئاشتی نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتە ئەستۆ. بەداخەوە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە تەڵەی متمانەی بۆ کورد نایەوە و پلانە گڵاوەکانی خۆی جێبەجێ کرد.
لەکۆتا دانیشتنی گفتوگۆکەدا، لە ڕێکەوتی ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ (کە ڕێکەوت بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان)، نوێنەرانی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆکە لە ڤییەننا ناپاکیان کرد و هەر یەکە لە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، د. فازڵ، و عەبدوڵڵای قادری ئازەریان شەهید کرد.
ڕوحی ئەو کەڵەپیاوانە شاد بێت کە زۆر نامەردانە لەسەر مێزی گفتوگۆ شەهید کران، لە کاتێکدا تەنها تاوانیان داواکردنی ماف و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بوو.
ڕسوایی و نەفرەت بۆ ڕژێمی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران.



