لە یادی 32 ساڵەی شەهیدبوونی وەستا موئمین دا

شەهید وەستا موئمین، جیا لەوەی كە پێشمەرگەی خۆبەخش و خۆنەویستی كوردستان و شۆڕشی نوێ بوو، كوڕی خێزانێكی نیشتمانپەروەری بە هەڵوێست و شۆڕشگێڕ بوو. پیاوێك، دەستكەرەوە لە شەڕدا و دەستڕەنگین لە دوای شەڕ، واتا، پیاوی هەموو چركە و قۆناغە پێویستەكان بوو.
رەنگە زۆرێك هەروەك پێشمەرگە و مامۆستا ناسیبێتیان و كەمتر وەك تفەنگساز و چەخماخساز ئاشنای بووبن، بەڵام خاوەن سەلیقە و شارەزاییەكی ئەوتۆبوو كە لە بواری چەكسازیدا هێندەی خەباتی پێشمەرگایەتییەكەی رۆڵی گرنگی بینیوە.
ئەوكاتەی تفەنگی پێشمەرگە بەهۆی كۆنییەوە، یان بەهۆی بەركەوتنی فیشەك و پارچەی چەكی دوژمنەوە لەكار دەكەوتن، وەستا موئمینی پێشمەرگە، بە سەلیقەی وردی خۆی چاكی دەكردنەوە و نەیدەهێشت پێشمەرگەیەك بێ چەك و دەستبەتاڵ بێت، تەنانەت (تفەنگی گرینۆف)ی كۆنی روسی كە بەرەو بەسەرچوون و لەكار كەوتن دەچوو، ئەو وەستایانە و خۆی ئاسا گۆڕانكاری تێدا دەكرد و دەیكرد بە رەشاشی دوورهاوێژ لە جۆری b.k.c.
كاروانی خەباتی شەهید وەستا موئمین، كاروانێكی دوور و درێژی بێ بڕانەوەیە لە خۆبەخشی و دڵسۆزی و دەستڕەنگینی لە پێناوی گەل و نیشتمانەكەیدا.
كورتەی ژیاننامەكەی
موئمین سەلام سادق ناسراو بە وەستا موئمین، لەدایكبووی ساڵی 1957ی گەڕەكی ئیمام قاسم-ی كەركوكە، دەرچووی قۆناغی ناوەندییە و ساڵی 1974 لەگەڵ باوكی و دوو برای بوون بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول.
ساڵی 1975 لە ئێران وانەی بە منداڵانی ئاوارە وتۆتەوە، هەمان ساڵ پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی1981 بووە بە پێشمەرگە.
شەهید وەستا موئمین لەكاتی شەڕدا پێشمەرگەی سەنگەر بووە، لە دوای شەڕ وەستای چەك و چەخماخساز و سازكردنەوەی چەكی لە كاركەوتووی دەستی پێشمەرگە بووە، سەربــاری ئــــەوەش مامۆستای گوند بووە و بـــە تایبـــەتیش لە گـــــوندی (هۆمـــەرامــــان)ی ناوچەی قەرەداخ، نەیهێشتووە منداڵانی لادێنشین بێ مامۆستا و دوور لەوانە و خوێندەواری بمێننەوە.
ساڵی 1988 بە چەكی كیمیایی برینداربووە، بەشداریی كاریگەرانەی راپەڕینی 1991ی كردووە و دواتریش وەك رێبەری سیاسی و ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگەدا ئەركی پێدراوە.
بـــــەداخەوە، رۆژی 8/6/1994 لــــــــــە شـــــەڕێكدا لــــە گونـــــــدی (گردە نازێ)ی شــــارەزوور، لـــــەگەڵ دوو هـــــاوڕێیدا، شەهیدكران.




