ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون؟

لە راستیدا ئەم وتارە هێندەی بۆ هەڵوەستە و قسە لەسەرکردنە هێندە بۆ خوێندنەوەی راگوزەر نییە، لە كۆڕەكەی نۆرنبێرگ ویستم بڵێم كورد سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفال چۆن مامەڵەی كرد و لە بەرامبەردا ئەوانی دیکە بۆ نموونە ئەرمەن و جولەکە لە بەرامبەر كوشت و بڕ و هۆلۆكۆستدا چۆن مامەڵەیان كرد، ئەمەم وەك بەراورد باسكرد، بەراورد لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ جینۆساید و سڕینەوە و ئاوەزی قوربانیدا، هەر لەو بەراوردەشەوە هاتمە سەر ئەوەی كورد بۆ چوونە ژورەوەی مێژوو، بۆئەوەی بچێتە دیرۆكەوە، بۆئەوەی لە مەترسی ئەنفال و جینۆسایدی بەردەوام رزگاری بێت، دەبێت كام رێگە هەڵبژێرێت، كورد سەرەڕای ئەوەی تەمەنی جینۆسایدكردنی لەوە زۆر درێژتر بوو كە دەستیبرد بۆ نەوت و ویستی لە رێی نەوتەوە بچێتە سەر نەخشەی جیهان و زۆرجاریش دەسەڵاتداران بە شانازییەوە باسی ئەو چوونە سەر نەخشەی جیهانەیان دەكرد، بەڵام لەنێوان نەوت و جینۆسایددا بۆ خاوەنی نەوتی هەڵبژارد، هەڵبژاردنی نەوت بۆ گەلێكی ستەملێكراوی لە بوون خراو، هەڵە كوشندەكەی هەڵبژاردن بوو، ئێمە نەمانتوانی جینۆساید بكەینە هێڵی پەڕینەوە بۆ دنیای خۆ خاوەنی لە كاتێكدا لە پرسی جینۆساید و ئەنفالدا ئێمە ستەمكار و هەموو دنیاشمان دەخستە دۆخی قەرزار بوون بە گەلێكەوە كە مافی بوون و ژیانی لێسەندراوەتەوە، كەچی لە دەستبردن بۆ نەوت جگە لەوەی مشەخۆر و چاو برسی و خاوەنسەرمایەی تەوەزەل دروست دەكرێت لە بری ئەوەی سۆزی دنیاش بە لای كێشەكەتدا رابكێشی لووتی كۆمپانیا زلەكان بە لای بۆنی نەوتدا رادەكێشی و بۆ ئەوان پرسی جینۆساید و ئازار و ئەنفال هەر پرس نین.

ئێستاش درەنگ نییە، بۆئەوەی كورد لە رێی پرسی جینۆسایدەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت

هەڵبەت جیاوازیی ئێمە لە مامەڵەكردن لە تەك سڕینەوە و جینۆسایدا لەگەڵ ئەوانی دیکە لێرەوە دەردەكەوێت، كاتێك ئەوی دیکە دێت بابەتی كوشت و بڕ و هۆلۆكۆست دەكاتە كاری رۆژ و بەردەوامی پێدەدات و لێیەوە دنیای نوستوو، تا ئەو رادەیە سزا دەدات كە داوای لێبوردنی لێبكرێت و قەرەبوو بكرێتەوە، گرنگ چوارچێوەی پارێزبەندی و خۆ خاوەنی بۆ دروست بكرێت، كە چوارچێوەی خۆخاوەنی دروستبوو، ئیدی بابەتی قەرەبووكردنەوە و دادوەری گوێزەرەوە و داوای لێبوردن هەرچەندیش دوا بكەوێت لە بیرناچێت و دەبێتە قەرزی ئەستۆ، پرسیاری ریشەیی ئەوەیە ئێمە بۆ دەستمان بۆ چەكێك نەبرد كە دنیا قەرزاری ئێمە دەكات، بەڵام دەستمان بۆ چەكێك برد كە دواتر ئێمە بە قەرزاری لێی دەرچووین، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە ناكرێ‌ دەست بۆ نەوت بەرین، ئەمەیان سات و کاتی خۆی دەویست، یانی ئێمە لە سات و کاتی دەست بۆ بردنەكە و پشتكردن لە پرسی ئەنفال و جینۆساید نەماتوانی سەركەوتووبین، بۆ هیچ كۆمپانیایەك كە بە دوای دەسكەوت و نەوت و گازەوەیە گرنگ نییە تۆچیت بەسەرهاتووە، رەنگە لە رووی بەزەیی پێداهاتنەوە هەندێك شیرینیت بداتێ‌ و یەك دوو چاكەی كۆمەڵایەتیش لەگەڵ خەڵكەكەت بكات، بەڵام ناتباتە دیرۆكەوە و بە دوای قازانجەوەیە، گرێبەست و مامەڵەش بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەكات و سوودیش لەو بارودۆخە ئابوورییە خراپەت دەبینێ‌ و ئەوەش دەزانێ‌ تۆ بە چی تەڵەزگەیەك دەورە دراوی، كاتێك بە تەنیشت گوندە وێران و بێ رێگەوبان و بێ خزمەتگوزاری و بێ ئاو و كارەباكەتدا تێدەپەڕێ‌ و دیواربەندی شەهید و ئەنفالكراوانت دەبینێ‌ هیچ سۆزێكی بۆیان نییە و پەلەیەتی بگاتە ئەو شوێنەی زۆرترین نەوت و گازی هەیە، هەڵبەت ئێمە لە رێی جینۆسایدەوە دۆستگەلی زۆر باشمان بۆ پەید بوو من بە نموونە ناوی دانیاڵ میتەران، یۆست هیلتەرمان، پیتەر گالبرێس و خەڵكی دیكەم هێنا، بەڵام نەوت كام دۆستی راستەقینەی بۆ دروستكردین هەموو ئەوانەی لە ریفراندۆمدا لەتە سێوەكەیان خوارد، دواتر كوردیان دایە دەست رەشەبای قەدەر، خۆ دەشێت لەو ناوانەی سەرەوەش كەسانێك هەبن بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان كردبێتەوە، ئەوەیان بابەتێكی دیکەیە،  زۆرجار، یان دەكرێت بۆ نەتەوەی كورد بڵێین هەمیشە شوێنمان لە دەرەوەی مێژوودا هۆكارەكەی خۆمانین، واتا كورد خۆی هۆكاری سەرەكی جێمانە لە دەرەوەی مێژوودا، ئەمەش لەو هەڵسوکەوتەوە دەردەكەوێت كە كورد لەكاتی دەرفەتدا دەیكات و دەیەوێت لە ساتە سەخت و رێ‌ هەڵدێرەكاندا لاسایی نابینا بكاتەوە، بڕوای تەواوم بەوە هەیە ئێستاش درەنگ نییە، بۆئەوەی كورد لە رێی پرسی جینۆسایدەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، لە ماوەی رابردوودا هەر یەك لە شەفیقی حاجی خدری، عەلی مەحمود، رزگار حەساری و من لە هۆڵێكی بچووكی زۆر گەرما لە دەنهاخی هۆڵەندا لەگەڵ ژمارەیەك كوردی زازا، گوێمان بۆ یەك دوو پڕۆفیسۆری كورد رادێرا بوو كە باسی ئازار و جینۆسایدی دەرسیمیان دەكرد، لەبەر خۆمەوە گوتم گەلۆ ئێمە چەند درەنگ برینی خۆمان دەبینین، ئەوەی نەتوانێ‌ برینی خۆی ببینێ‌ و هەست بە ئازارەكەی نەكات ناتوانێ‌ ئەوەی دیکە تێبگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا درەنگ نییە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close