کوردستان و بزاڤی نەتەوەیی کورد
لە عەرەبییەوە: خالید مەجید فەرەج
بەشی یەكەم: کورتە یەکی مێژوویی دەربارەی گەلی کورد
جۆرێک لە کۆدەنگی لەلای لێکۆڵەرانی مێژووی گەلی کورد هەیە کە ڕەچەڵەکەکەی لە جۆرێک لە ناڕوونییەوە پێچراوە لەبارەی ئەوەوە کە ناتوانرێت بەوردی دیاری بکرێت بەپێی قسەکانی دکتۆر ((ارشاک سافراستیان کە لە کتێبەکەیدا)) – کورد و کوردستان[1] کە لە ساڵی ١٩٤٨ دا بە ئینگلیزی لە لەندەن چاپ کراوە دەڵێت:
((ناکرێت ئەسڵی کورد بە وردی دیاری بکرێت، کۆنترین تۆمارە سۆمەریەکان هیچ گومانێک بەجێ ناهێڵێت کە بەر لە دوو هەزار ساڵ پێش زاین گەلێک هەبووە بەناوی ((گۆتۆ)) یان ((کوتی)) دواتر ئاشورییەکان ناویان لێنان – کوتی- لە ناوچەیەک لە ناوەڕاستی دیجلەدا جێگیر بووبوون لە ناوچەی بۆتان شاخی جودی عبربزابدە (عەرەب ناویان نا جەزیرەی ئیبن عومەر) تاوەکوو زنجیرەی زاگرۆس لە رۆژهەڵات))،لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی لێکۆڵەران رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە کورد سەر بە کۆمەڵەی ئارین بەڵام موناقەشە هەر بەردەوامە لە نێوانیاندا لەسەر ئەسڵی گەلی کورد، هەر وەکوو دکتۆر شاکر خصباک لە کتێبەکەیدا (الکرد و المسألة الکردیة)[2] کە باوەڕی وایە:
((دەکرێت لەم بەڵگانەی تاوەکوو ئێستا بەردەستن ئەوە هەڵبهێنجین کە کوردەکان نەوەی گوتییەکانن ئەوانە قەومێکن لە تێکەڵبوونی دانیشتووانە ئەسڵیەکەی شاخەکانی زاگرۆز و شەپۆلە بەراییەکانی ئارییەکان دروستبوون کە ناوچەکەیانی راماڵی))، دوو رۆژهەڵاتناسی دیکە (نولدکە) و (هارتان) تیۆرییەکەیان کە لەسەر بەڵگە فیلۆلۆجیەکان بنیات ناوە کوردەکان[3] بە کرتیەکانەوە دەبەستنەوە و بیردۆزەکەیان هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە وشەی -کرتی- بووە بە وشەی –کاردا- دواتر بۆ کاردۆخی- کە زەینەفۆنی یۆنانی بۆ یەکەم جار لە گەڕانەوەی دە هەزارەکەدا کە ساڵی (٤٠٦)ی پێش زایین بە کوردستاندا تێپەڕبوون ناوی بردوون.
بۆچوونی مینوڕووسکی
عەلامە مینوڕووسکی باوەڕی وایە کە
((کوردەکان ئەسڵیان ئارییە. بەڵام ئاوێتەی رەگەزی تر بوون))[4]، بیردۆزەکەی مینورسکی کە لەسەر زانیاری زمانەوانی و مێژوویی بنیاتنراوە و لە رێگەی لێکۆڵینەوەی زمانەوانییەوە ئەوە هەڵدەهێنجێت کە زمانی کوردی سەر بە کۆمەڵەی ئاریە و لەبەر ئەوەی ((زمانیش بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر ئەسڵی ئەوانەی قسەی پێ دەکەن بۆیە گومانی تێدا نییە کە کورد ئەسڵیان ئاری بێت))[5].
هەروەها عەلامە مینورسکی سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت[6]:
(( ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە گەلی کورد لە بنەڕەتدا لە رۆژهەڵاتەوە کۆچی کردبێت -رۆژهەڵاتی ئێران- بۆ رۆژئاوا -کوردستانی ئێستا- و لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەوێ جێگیر بووبێت.ئەوەش هیچ رێگە لەوە ناگرێت کە پێش هاتنی ئەو گەلە کۆچبەرە قەومێک یان چەن قەومێکی جیاواز لە کوردستانی ناوەڕاست بووبێت لە ژێر هەر ناوێکی لێکچوودا بۆ ناوی گەلی هاتوو لەوێ ژیابن وەک (کاردو) بۆ نموونە و ئەو گەلە هاتووە لەگەڵ ئەو قەومە یان ئەو قەومە خۆجێیانەدا تێکەڵ بووبن بەتەواوەتی ئاوێتەی یەک بووبن بە درێژایی رۆژان و دۆخەکان بووبن بە یەک نەتەوە)).
بۆچونی سدنی سمیث
پسپۆڕی بەریتانی بۆ کاروباری شوێنەوارە کۆنەکان سێر سدنی سمیث: لە توێژینەوەیەکدا کە بەتایبەتی لەسەر داوای مێژوونووسی کوردی خوالێخۆش بوو ئەمین زەکی بەگ نووسیویەتی: گەلی کورد نەتەوەیەکە لەو نەتەوە و گەلانە(هیندو -ئێرانی لەو کاتەدا هاتوون بۆ کوردستان کە میدیەکان و فارسەکان هاتوون بۆ فارس)[7].
بۆچوونی مار
بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی ئەو توێژەرانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێدا عەلامەی سۆڤیەتی ن.مار[8] باوەڕی وایە: ( کوردەکان دانیشتووانی ئەسڵیی شاخەکانی ئاسیای بچووکن)). مار ئەم بیردۆزەی لەسەر بنەمای داب و نەریتەکانی گەلی کورد و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی داڕشتووە ئەو دەڵێت نەریتی کوردەکان لەگەڵ رەگەزەکانی پێشوودا وەک نەریتی ژنهێنان لە کچە مام بۆ نموونە لە یەک دەچن هەروەها لە قوڕگەوە گۆرانی دەڵێن.
هەرچەندە عەلامە مار نکۆڵی لەوە ناکات کە زمانی کوردی ئێستا زمانی ئاریە بەڵام ئەوە دەگێڕێتەوە بۆ کاریگەری رەگەزە هیندو ئێرانییەکە لەسەر کورد لەگەڵ باوەڕی ئەو کە زمانی کوردی لە جەوهەرەکەیدا زمانی دانیشتووانە ئەسڵیەکەیە و بە چەندین تایبەتمەندێتی رەسەن جیا دەکرێتەوە.
زانای رووسی (کونیک)[9] پشتبەستوو بە چەندین بەڵگەنامەی مێژوویی سەلماندوویەتی کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان کورد و باقی گەلانی شارستانی کە لە کۆندا لە ئاسیای ناوەڕاست جێگیر بوون((ئەو پەیوەندی نێوان زمانی کوردی و زمانی ئێرانی کردووە بە بەردی بناغەی تیۆرییەکەی کە دەڵێت: کوردەکان وەکوو ئێرانییەکان و غەیری ئەوان لە گەلانی ئاسیای بچووک، لە رەچەڵەکی ئارین)).
لەو بۆچوونەیدا هەریەک لە ((رینان و دورن و لرش لە لێکۆڵەرانی مێژووی کوردن هاوڕای بوون)).
بێگومان مەنتیقی زانستی ئەو راو بۆچوون و نەقڵە خورافیانە رەتدەکاتەوە کە هەندێک لە نووسەرانی عەرەب و فارس هێناویانەتەوە لەم دوایییانەدا رشید الفیل دووبارەی کردوونەتەوە دەربارەی گێڕانەوەی ئەسڵی گەلی کورد هەمووی بۆ (کرد بن عامر) یان (سام کوڕی نوح) یان جنۆکەکانی سڵێمانی حەکیم!
بەپێویستی نازانم کە باس لە بەڵگە مێژووییەکان و دەلیلە زاستیەکان بکەم بۆ بەرپەرچدانەوە چونکە پووچەڵی و سەخافەتی بەجۆرێک ئاشکرا و روونە، کە موناقەشەکردنی، بە هەدەردانی کات نەبێ هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە، بۆیە دەچمە لای کورتەی بۆچوونی خوالێخۆش بوو ئەمین زەکی بەگ مێژوونووسی کورد و نووسەری کتێبی – مێژووی کورد و کوردستان-لە کۆنترین چاخەکانەوە تاوەکوو ئێستا- کە لە ساڵی ١٩٣١ بە زمانی کوردی و ساڵی ١٩٣٦ بە زمانی عەرەبی لە قاهیرە چاپکراوە، ئەو کتێبە کە بە هەق بە یەکەمین لێکۆڵینەوەی زانستی دادەنرێت کە مێژوونووسێکی کوردی هاوچەرخ پێی هەستابێت چونکە ئەسڵی گەلی کورد و مێژووەکەی کە مێژوونووسی ڕووسی باسیک نیکیتین لەبارەیەوە دەڵێت (مێژوویەکی دێرین و ئاڵۆزە)[10].
بۆچوونی ئەمین زەکی
بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی هەندێک لە مێژوونووسانەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا هەوڵیان داوە ئەسڵی نەتەوەیەک بۆ خێڵێک یان رەگەزێکی دیاریکراو بگێڕنەوە هەروەک چۆن بۆ نموونە لە ئەسڵی مەیموونێک دەکۆڵرێتەوە، ئەوانە خۆیانی لێ هەڵە دەکەن یان ئەو هەقیقەتە نازانن کە نەتەوە جیاوازەکان بە شێوەیەکی عادەتی لە تواندنەوەی خێڵ و چەندین رەگەزدا لە بۆتەی نەتەوەدا (بە چەمکە نوێیەکەی) دروست دەبن بەهۆی کار لێکردنە مێژوویی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسییەکان، هەروەها بەکاریگەری دۆخە جوگرافی و مێژووییەکانەوە[11].
بەپێچەوانەی ئەو ڕاو بۆچوونانەوە تیۆریەکەی ئەمین زەکی بەگ تەرکیز لەسەر خاکی کوردستان دەکات و ئەو راستییە بە هەند وەردەگرێت کە گەڕان بەدوای نیشتمانی قەوم و کۆمەڵە مرۆیییەکاندا کە لێی ژیاون زەروورەتێکی بەڵگە نەویستە بۆ زانینی ئەسڵی ئەو قەومە و دواتر پێکهاتنی نەتەوە بەپێی چەمکە زانستییەکەی نەتەوە[12].
کوردستان نیشتمانی یەکەمی نەسلە مرۆیییەکەی دووەمە و شوێنی بڵاوبوونەوەیەتی بۆ شوێنەکانی دیکە بەپێی رووداوە مێژووییەکان و لە بەرەبەیانی مێژووەوە گەلانی شاخەکانی زاگرۆز لێی نیشتەجێ بوون کە پێک هاتبوون لە قەومەکانی (لولو) و(گوتی) و (خالدی-کالدی) و (سوبارو – هوری) و گەلی عیلامی لە دامێنی خوارووی رۆژهەڵاتیدا دەژیان بەهۆی هەندێک لە نا حاڵی بوون لێکچوون لە زماندا هەندێک لە رۆژهەڵاتناسەکان بۆ ئەوە چوون کە ئەم قەومانە لە نەسلی قەوقازین.
((ئەم گەلانە جگە لە گەلی عیلامی لە ئەسڵی هەرە کۆنی گەلی کوردن)).
((وا دەردەکەوێت کە لێشاوی کۆچکردنەکانی رەگەزی ئاری (هندو – ئەوروپی) بۆ شاخەکانی زاگرۆس و دواتر بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوای کە لە سەدەکانی دە و نۆی پێش زاینەوە دەستی پێ کردووە[13]پاشماوەی دانیشتووانە ئەسڵیەکانی ناوچەی شاخەکانی زاگرۆز و وڵاتی کوردستانی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو هاتووە نوێیانەوە و هەموویانی کردووە بە ئاری و گەلی میدی بەهێزترین و گەورەترین گەل بووە لەناو ئەو هاتووانەدا وەک کۆمەڵە و گەلان، سەرەتا لە رۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ نیشتەجێ دەبن دوابەدوای ئەوە قەومە ئاریەکانی دیکە دێن، پارس، مانای، بارسیوی، بارث، کاردشوس))[14]
بۆچوونی نووسەر:
لەلای ئێمە گەلی کوردی ئێستا رەگەکانی لە نیشتمانەکەیدا کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران بەڵکوو دەیان هەزار ساڵ.پشکنین و تەنقیبات ی شوێنەوارەکان لە ناوچەکانی ئەشکەوتی (شانەدەر) و دوکان و (چەمی رەزان- زەرزی) و شوێنی دیکە کە نیشتمانی گەلی کورد (کوردستان) دەیان هەزار ساڵ زیاترە ئاوەدان و خەڵکی لێ بووە واتا لە کوردستان پێش کۆچەکان بە هەزاران ساڵ کۆمەڵەی مرۆیی لێ بووە هەروەکوو عەلامە ئەمین زەکی باسی دەکات.گومانی تێدا نییە ئەو قەوم و کۆمەڵە مرۆیییانەی کە دواتر هاتوون بۆ کوردستان نە ئاسمان هەڵی کێشاون و نە ئەرز قووتی داون بەڵکوو بەهۆی کاریگەری فاکتەرە ئابووری سیاسی و ئایینی و عەسکەرییەکە و هتد، تێکەڵ و ئاوێتەی دانیشتووانە ئەسڵییەکە بوون.
رۆژ لە دوای رۆژ، کۆمەڵەی خێڵ و قەومە هاتووەکان لەگەڵ دانیشتووانەکەدا لە بۆتەی نەتەوەی کوردی ئێستادا تواونەتەوە، هەرچەندە ئەوان لە یەک رەچەڵەک نەبوون بەڵکوو (پێکهاتەیەکی زۆر تێکەڵ کە لە خێڵێکەوە بۆ خێڵێكی تر جیاوازیان تێدایە) هەر وەکوو لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر (هامی) سەبارەت بە کورد دەیسەلمێنێت- بۆیە تیۆری – خوێنی پاک-ی کۆنەپەرستی سووک کە یەکێک لەوانە هەوڵیدا بیترنجێنێتە ناو مێژووی کوردییەوە تیۆرییەکی بێ بنەمایە لێرەدا و لە مێژووی کوردیشدا.
بێگومان کۆڵین و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بۆ ئەو شوێنەوارە مێژوویییانەی لە کوردستانن پەردە لەسەر ئەو ناڕوونییە لا دەبات کە لە رەچەڵەکی گەلی کورد و هەندێک لە قۆناغە مێژوویییە درێژەکانییەوە ئاڵاوە.بەتایبەتیش زۆر ناوچەی کوردستان هەن کە شوێنەواری مێژوویی گرنگیان لێیە و ئەو پشکنین و کۆڵینانەیان بۆ نەکراوە و دەستی زانایانی شوێنەواریان نەگەیشتوویەتێ. هەر وەکوو مامۆستا ب. نیکیتین لە لاپەڕەی ١٣٩ لە کتێبەکەیدا کوردەکان چاپی عەرەبی یەکەم دەڵێت: ((لەوێ کێڵگەیەکی فراوان هەیە بۆ پشکنەران کە تاوەکوو ئێستا زانست باسی لێوە نەکردووە. دیکسۆن کە سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە لەو وڵاتانەی کە خەرابات و شوێنەواری قەڵای لێیە کە لە کوردستان هەیە، دەڵێت ئەوە بەهەشتی شوێنەوارناسانە!)).
بەڵام ئەوەی کە گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لەڕووی مێژوویییەوە هەزاران ساڵە لەسەر خاکەکەی خۆی کوردستان دروست بووە، گومانی تێدا نییە کە نەتەوەی کورد هەقیقەتێکی واقیعی روونە نکۆڵی کردن لێی یان هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی یان تەعریب کردن و بە فارس و تورک کردنی هیچ دادێک نادات.
بەپێچەوانەوە نەتەوە – وەک رووداوێکی مێژوویی مەوزوعی- دەبێت بە قۆناغەکانی پێگەیشتن و کامڵ بوون دا لەسەر رێگەی رزگار بوون لە داگیرکاری بێگانە و ئیستیعمار و دواتر ئیستیغلالی ناوخۆییدا بڕوات هەر وەک بە قۆناغەکانی سەرهەڵدان و دەست پێ کردندا رۆیشتووە.
ئەوە ئیرادەی مێژووە کە ناتوانین خۆمانی لێ لا دەین و دەبێت یاساکانی بەسەر نەتەوەی کوردیشدا جێ بەجێ بکرێت.
کوردستان یان وڵاتی کوردان
واتا و دیاریکردنەکەی
کوردستان واتا وڵاتی کورد (بلاد الکرد)، لەڕووی لەفزەوە لە دوو وشە پێک دێت (کورد) و (ستان) کە واتای وڵات یان شوێن دەگەێنێت وەک ئەفغانستان یان بەلووچستان کە بە واتای وڵاتی ئەفغان یان وڵاتی بەلوج دێن.
ناوی کوردستان چەندین سەدە دەبێت لە نیشتمانی گەلی کورد نراوە بۆیە کوردستان ناوێک یان هێمایەک نییە بۆ بزووتنەوەیەکی دیاریکراو بۆ نموونە وەک پاکستان، بەڵکوو کوردستان ناوێکی جوگرافی و مێژوویی وڵاتی کوردانە[15].
بۆچوونی شاکر خصباک
دکتۆر شاکر خصباک کە عەرەبێکی عێراقییە و پسپۆڕە لە جوگرافیای کۆمەڵایەتی کوردستان و ناوەندە جوگرافییەکەی دەڵێت[16] ((چەندین راڤە بۆ نێوەندە جوگرافییەکەی کراوە بەڵام دەربڕینی رەگەزی بۆ وشەی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی واتا ئەو وڵاتەی کە کورد تێدا جێگیر بووە، بەڵام سنوورە جوگرافییەکەی ئەو دەستەواژەیە بەردەوام رێک نەکەوتووەتەوە لەگەڵ لایەنە رەگەزییەکەیدا کۆنترین سەرچاوەکان کە دەستەواژەی (کوردستان)ی تێدا هاتبێت سەرچاوە یۆنانیەکانە، نووسەرە یۆنانییەکان و رۆمانەکان کوردستانیان بە ناوی -کوردونس – یان – کوردیای- ناو دەبرد سریانییەکان ناویان نابوو کاردۆ.مەبەست لەو ناوانە ئەو وڵاتە بوو کە کاردۆخییەکان لێی دەژیان کە دەکەوێتە شاخەکانی نێوان دیاربەکر و نسیبین و زاخۆوە و سنوورەکانی بەتەواوەتی دیاری نەکرابوو و ئەو ناوچەیەش هەموو ئەو شوێنانەی نەدەگرتەوە کە کوردی بە فیعلی لێ دەژیا….. بەڵام نووسەرە عەرەبە کۆنەکان لە قسەکردنیاندا دەربارەی وڵاتی کورد ناوە یۆنانییەکانیان بەکار نەدەهێنا بەڵکوو بەناوی – اقلیم الجبال- هەرێمی شاخەکان ناویان دەهێنا ئەو هەرێمە ئەو ناوچەیەی دەگرتەوە کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ئێران تاوەکوو ورمێ لە پێدەشتی عێراقەوە درێژ دەبووەوە تا دەگەیشە بیابانی مەزنی ئێران و ناوچە شاخاوییەکەی باشووری رۆژهەڵاتی ئازەربایجانیشی دەگرتەوە ئەوکات (اقلیم الجبال) لە واقیعدا ئەو ناوچەیەی دەگرتەوە کە نووسەرە یۆنانییەکان ناویان لێ نابوو – میدیا- و مێژوونووسە عەرەبەکان دواتر هەمان ناوچەیان بە عێراقی عەجەم ناو دەبرد بۆ ئەوەی لە عێراقی عەرەبی جیای بکەنەوە)).
دکتۆر خصباک بەردەوام دەبێت و لە لاپەڕەی ١٤-١٥ لە کتێبەکەیدا دەڵێت : (( هەرچی وشەی کوردستانە وەک دەستەواژەیەکی جوگرافی لەوە دەچێت کە بۆیەکەم جار لە سەدەی دوانزەهەمی زایینییەوە لە سەردەمی سەلجوقیەکاندا سەری هەڵدابێت.سوڵتان سنجار، بەشی رۆژئاوا لە هەرێمی شاخەکان (اقلیم الجبال) دادەبڕێت و دەیخاتە ژێر حوکمی (سڵێمان شاە)ی خزمیەوە، ئەو هەرێمە نوێیە ئەو زەوییانەی دەگرتەوە کە لە نێوان ئازەربێجان و لوڕستان- سنە، دیاناوار، هەمەدان و کرماشان، هتد دا بوو- لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە دەکەونە رۆژئاوای شاخەکانی زاگرۆز وەک شارەزور[17]و کۆی سنجق.
((مێژوونووسە عەرەبەکان دواتر ئەو دەستەواژە جوگرافییەیان بەکار هێنا، یەکەمین دەرکەوتنی لە کتێبی – نزهة القلوب[18]– ی مستەوفی قەزوینی دابوو کە لە ساڵی ٧٤٠ کۆچیدا نوسیویەتی، لەوە دەچێت کە ئەو دەستەواژەیە دواتر گشتاندنی بۆ کرابێت تاوەکوو هەموو ئیمارەتە دەرەبەگییە کوردییەکانی لە تورکیا و ئێران گرتبێتەوە)).
لە لاپەڕەی ١٦ لە کتێبەکەیدا کە لای سەرەوە ئاماژەی پێدراوە دکتۆر خصباک دەڵێت –کوردستان دەستەواژەیەکی جوگرافی و رەگەزییە لە هەمان کاتدا)) دکتۆر خصباک لە چوارچێوەی قسەکانیدا دەربارەی سنووری کوردستان پشتیوانی لە بۆچوونەکەی میجر ئەدمونس دەکات کە دواتر باسی دەکەین و زیاتر دەڵێت:( ئەگەر لوڕەکان بە کورد دابنێین هەر وەکوو زۆر لە بەڵگە مێژووییەکان و زمانەوانییەکان ئەوە دەسەلمێنن ئەو کاتە سنووری کوردستان تاوەکوو کەنداوی فارسی بە درێژایی شاخەکانی زاگرۆس دەڕوات))[19] .
دکتۆر خصباک لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ((کەواتە کوردستان سنوورێکی سروشتی و دانیشتووانێکی هەیە کە لە رەگەزێکی جیاوازن سەرەڕای ئەو سنوورەش بەڵام سنووری سیاسی نێو دەوڵەتی نییە ))…
بۆچوونی نیکیتین
مێژوونووس ب. نکیتین دەربارەی ئەو بابەتە دەڵێت [20].
((لەفزی کوردستان واتا وڵاتی کوردان…ناوچەیەکی فراوانە و سنووری سیاسی نییە سنجار کە دوایین پاشاکانی سەلجوقیەکان بوو لە سەدەی دوانزەهەمی زایین دا ئەو ناوەی لە یەکێک لە هەرێمەکانی مەملەکەتەکەی نا. ئەو هەرێمە چەند ویلایەتێکی گرتبووەوە کە زنجیرە چیای – زاگرۆس- لە نێوانیاندا بوو لە رۆژهەڵاتی ئەو زنجیرەیە ویلایەتەکانی هەمەدان و دینور و کرماشانە لە رۆژئاوای هەر دوو ویلایەتی شارەزور و سنجارە.بەڵام پایتەختەکەی قەڵای -بەهار-ـە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەمەدانەوە و ئەو ناوچەیە پێش سەدەی دوانزەهەم ناوی- شاخەکانی جەزیرە بوو- یان دیار بەکر، یەکەمین مێژوونووس کە ناوی کوردستانی هێنابێت قەزوینی بووە[21] لە کتێبەکەیدا بەناوی – نزهة القلوب- ساڵی ٧٤٠ کە دەکاتە سەدەی چواردەی زایین-)).
نیکیتین زیاتر دەڵێت[22]:
((لە سەدەی پانزەهەمدا کوردستان زۆربەی بەشەکانی لەدەستدا فارس دەستیان بەسەر هەر دوو ویلایەتی هەمەدان و لوڕستاندا گرت و لە کوردستانی فارسیدا تەنیا ویلایەتی ئەردەڵان کە پایتەختەکەی سنە بوو مایەوە لە کۆتایییەکانی سەدەی حەڤدەهەمیندا عوسمانییەکان ناوی (کوردستانی – تورکی)یان لە یەکێک لە ویلایەتەکانیان نا، کە هەر یەک لە لیوای دەرسیم و لیوای موش و لیوای دیار بەکری دەگرتەوە)).
بەوەی کە رابورد بۆمان دەردەکەوێت کوردستان تەنیا نیشتمانی کوردە، هەرچەندە سنووری سیاسی نێودەوڵەتی نەبووە و هەرچەندە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا و هەندێک شوێنی -سوریادا دابەش کراوە- و ڕووبەرەکەی بەهۆی داگیرکاری بیانییەوە و هاتنی خێڵە عەرەبەکان بەرەو کوردستانی عێراق و سوریا وەکوو خۆی نەماوەتەوە بچووکتر بۆتەوە، شاری موصل کە ئێستا ڕووکارێکی عەرەبی زاڵی هەیە، بۆ نموونە پێشتر لە سەدەی چواری هیجریدا بۆ زۆرینەی رەهای کورد بووە، -لوسترانج- لە کتێبەکەیدا- وڵاتانی خەلافەتی رۆژهەڵات- کە لە لەندەن ساڵی ١٩٠٥ چاپکراوە دەڵێت ((خەڵکی موسڵ بە شێوەیەکی گشتی لە سەدەی چواردەهەمدا کورد بوون)).
دەکرێت هەمان شت لەسەر شاری تکریتیش بگوترێت کە تاوەکوو ئێستا چەند کۆمەڵەیەکی لێیە کە رەچەڵەکیان کوردە وەک عەشیرەتی – کیکی- کوردی[23].
بۆچوونی نووسەرە عەرەبەکان
جوگرافیاناسە کۆنەکانی عەرەب سنووری عێراقیان بە هێڵێک دیاری کردووە کە بە باکووری – ئەنبار- دا لەسەر فورات تێپەر دەبێت تا دەگاتە تکریت لەسەر کەناری دیجلە و ئەو دوو شارە سەر بە عێراق بوون.دکتۆر فاضل حسین لە لاپەڕەی ٧٨ لە کتێبەکەیدا کێشەی موسڵ وا دەڵێت: ( بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی – عوسبەتولئومەم- لە گەڕانەوە بۆ مێژوونووسان و جوغرافیاناسانی کۆنی عەرەب و ژمارەیەکی زۆر لە نەخشەی عەرەبی و سەدان نەخشەی ئەوروپی کە لەنێوان سەدەکانی شانزە و سەدەی بیستەمدا کێشراون و هەر وەک کتێب و سەفەرنامەی هەموو سەردەمەکان کە لە قوتابخانە سانەوەیە عەرەبییەکان لە میسر بەکارهاتوون. لیژنەکە گەیشتە ئەو ئاکامەی کە سێ ناوچەی دیار هەیە : عێراقی عەرەبی ، جەزیرە و کوردستان. عێراق لە باکوورەوە لە هیت – تکریت یان ناوچەی جەبەل حەمرین تێپەڕ ناکات.بە هیچ شێوەیەک تەئکید لەوە نەکراوە کە هیچ کام لەو زەوییانەی کە جێگەی ململانێیە بەشێک نەبووبێت لە عێراقی عەجەم.تەئکیدی کردووەتەوە کە لە هەموو ئەدەبیاتە جوگرافییەکاندا لە فەتحی عەرەبییەوە هەتا مێژووی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە (١٩٢٥) ئەو زەوییانەی کە جێگەی ناکۆکین نە ئیتعتیبار کراون و نە وەسف کراون کە بەشێک بن لە عێراق و لە رابردوودا ناوی (عێراق) لای دانیشتووانی موسڵ وەک ناوێک بۆ وڵاتەکەیان نامۆ بووە پێیان.
هەروەها شاری کەرکوک کوردەکان دروستیان کردووە و ناوچەکە نیشتمانی – کوتیەکان بوو کە بەر لە ڕەوی عەرەب بۆ باشووری عێراق لێی نیشتە جێ بوون.
مامۆستا فائق السامرائی لەو بارەیەوە ئەو رۆژانەی کە پەنابەر بووە لە قاهیرە لە سەردەمی عبدالکریم قاسم دا لێکۆڵینەوەیەکی نووسیوە تێیدا تەئکیدی لەسەر ئەو راستییە کردووەتەوە کە سنوورەکانی باشووری کوردستان جەبەل حەمرینە کە بە دەیان میل دەکەوێتە باشووری کەرکوکەوە.مامۆستا سامەرائی دەربارەی سنووری کوردستان دەڵێت[24]: (( کوردستان بە واتا فراوانەکەی واتا ئەو وڵاتەی کە کورد وەک کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو هاوچەشن لە خەڵک تێیدا دەژین، وڵاتەکە لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێراندا دابەش بووە لەگەڵ هەندێک لە درێژبوونەوەی لە ناو یەکێتی سۆڤیەت و سوریادا لە باکوورەوە سنوورەکان بە یەریڤان و ئەرزرۆم و ئازەربێجاندا گوزەر دەکات، واتا بە کەوانەیەکدا کە مرعش و تەنانەت حەڵەبیش دەگرێتەوە.
((لە باشووری رۆژئاوا بە لاپاڵی شاخەکاندا دەڕوات تاوەکوو رووباری دیجلە دوای ئەوە رۆژهەڵاتی ئەو رووبارە بۆ خوارەوە دواتر بەلای باکووردا لا دەدات لە هێڵی جەبەل حەمرین هەتا مەندەلی لەسەر سنوورەکانی عێراق ئێران)). مامۆستا سامەڕائی ئەوەش روون دەکاتەوە کە تورکمان و نەستوریەکانیش لە کوردستان دەژین و ئاماژە بۆ بوونی تورکمان لە کەرکوک و دوز و کفری و هەولێر و تەلەعفەر دەدات.
بەڵام مێژوونووسی عەرەب مامۆستا عبدالرازاق الحسيني[25]دەربارەی سنووری کوردستان دەڵێت: (( کوردەکان لە شار و دێهاتەکاندا دەژین کە لە سنووری ئێران عێراقەوە لەسەر هێڵێکی راست درێژ دەبێتەوە لە جەبەل حەمرینەوە هەتا جەبەل سنجار تا دەگاتە سنووری عێراق سوریا)).هەروەها مامۆستا هلال ناجی المحامی[26] لە لێکۆڵینەوەکەیدا کە لە قاهیرە وەکوو دیراسەیەک کە لەلایەن نەتەوەیییەکانەوەیە بۆ مەسەلەی کورد نووسیویەتی، باسی مەسەلەی نەوتی بەم جۆرە کردووە: زۆر بە ڕاشکاوی هەندێک لە نەتەوەیییەکان دژایەتی دانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردن بەهۆی بوونی نەوتی کەرکوک لە کوردستان. مامۆستا ناجی داوای کرد کە واز لەو بۆچوونە بهێنن چونکە نەتەوەی عەرەب سامانێکی نەوتی بێ شوماری هەیە و دەنووسێت(( لە واقیعدا مەسەلەی کورد گرنگی پێدانێکی گەورە دەورووژێنێت نەک لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی شاخاوییە و کورد لێی دادەنیشن ویستی خەڵکەکەی بۆ دامەزارندنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان وا دەکات لە عێراق جیا ببێتەوە بەڵکوو زۆرن ئەوانەی کە باوەڕیان وایە سەربەخۆیی کورد دەکاتە دابڕینی سەرچاوە پڕ لە نەوتەکان لە عێراقی ئازیزمان و بێبەشکردنی لێی.لێرەوەیە کە گرنگیدانیان بە یەکێتی عێراقی دروستکراو و ئەو وەهمەی کە لە بنەڕەتەوە هەڵەیە سەرچاوە دەگرێت)).
((نەتەوەی کورد هەقیقەتێکی واقیعە، کوردەکان لە عێراق هەموو بنەما نەتەوەیییە ڕوون و ئاشکراکانی خۆیان هەیە، لە بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەبە دان بە مافی چارەی خۆ نووسینیاندا لە چوارچێوەی یەکگرتوویەکی فیدرالی یان کۆنفیدرالیدا بنێت کە ببێتە سەرەتایەک بۆ هاوکاری و برایەتییەکی هەمیشەیی لەبری ئەوەی کە خۆ نەبان کردنمان لە واقیع و مێژوو و ئاواتەکانی گەل ببێتە هۆی ئەوەی ئەو گەلە سەربەستی خۆی بە زەبری چەک ئێستا بێت یان لە داهاتوودا بەدەست بهێنێت.ئەگەر سەرکەوتووش نەبێت دەبێتە خەنجەرێکی خیانەت لە پشتی هەموو بزووتنەوە نەتەوەیییە ڕزگاریخوازە عەرەبییەکان لە عێراقدا)) لەوەش زیاتر شاری کەرکوک لەکاتی ئەو ڕاپرسییەی کە بەریتانیا سازی کردبوو بۆ خاتری دانانی میر فەیسەڵ بە مەلیکی عێراق دەنگی بە دژی لکاندنی بە عێراقی عەرەبییەوە دابوو هەر وەکوو بەڵگەنامە عێراقی و بەریتانییە فەرمییەکان خۆیان تەئکیدی لێ دەکەنەوە، هەروەها زۆرینەی دانیشتووانی شاری کەرکوک تاوەکوو ئیستاش هەر کوردن و دوای ئەوان تورکمان دێن کە بەشێکی باش لە دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.بەڵام عەرەب تاوەکوو ئێستا کەمینەن و ڕێژەکەیان لە سەددا دەی دانیشتووانی کەرکوک پێک ناهێنن و ئەو ناوچانەی کە نەوتی لێ دەردەهێنرێت تەواو ناوچەی کوردین و پڕن لە دێهاتی کورد و لەوان زیاتری لێ نەبوون . تاوەکوو ساڵی ١٩٦٣ کاتێک کە حکومەت، هاووڵاتییە کوردەکانی لە دێکانیان ڕاگواست و عەشایەرە عەرەبییەکانی هێنا و لەبەر چاو و گوێی ڕای گشتی جیهانی خستنییە جێی ئەوان.
بۆچوونی ئەدمۆنس
دەربارەی سنوورەکانی کوردستان مێجر ئەدمۆنس[27]لە کتێبەکەیدا کورد و تورک وعەرەب -ئاوا دەڵێت:
((کوردستان واتا ئەو خاکەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە وەک کۆمەڵەیەکی هاوچەشن، لە نێوان تورکیا و عێراق و ئێراندا بەشکراوە. هەروەها چەند درێژبوونەوەیەکی بچکۆلە لە سوریا و یەکێتی سۆڤیەت.سنوورەکانی لە باکوورەوە لەگەڵ هێڵی کێشراو لە یەریڤان- ئەرزرۆم- ئەرزەنجانەوە دەست پێ دەکات دواتر بە دەوری مرعش دا لار دەبێتەوە بەرەو حەڵەب لە باشووری رۆژئاواشەوە بە درێژایی ئەو شاخانەی پلە بە پلە بەرەو دیجلە نزم دەبنەوە دەڕوات دواتر نەختێک بەرەو باکووری جەبەل حەمرین تاوەکوو خاڵێک لەسەر سنووری عێراق ئێران لە نزیک مەندەلی. لە رۆژهەڵاتیشەوە لە ئێران، سنوورەکانی کورد بەرەو باشووری رۆژهەڵاتی یەریڤان دەڕوات و ناوچەکانی ماکۆ و بەشێک لە خوی و رەزائیە و مەهاباد – ساوجبلاق و سەقز و سنە و کرماشان دەگرێتەوە)). پسپۆڕی عەرەبی لە جوگرافیای کوردستانی عێراق مامۆستا شاکر خصباک کە پێشتر باسمان کردووە پشتیوانی لە بۆچوونەکەی ئەدمۆنز دەکات و زیاتریش دەڵێت کە ((لوڕ بە کورد دادەنێت و بەوەش کوردستان دەگەێنێتە کەنداوی فارسی)).
مامۆستا – دیرک کینین[28] دەربارەی هەمان بابەت دەنووسێت و دەڵێت((کوردستان واتا ئەو خاکەی کە کورد زۆرینەی دانیشتووانی رەهای تێدا پێک دەهێنن بە جۆرێک کە ژمارەیەکی زۆر لەو کەمینانەی کە لەگەڵیان دەژین زیاتر بێت.ئەو خاكە کە پڕە لە دۆڵ و شاخەکان پەرژینین و پلە بە پلە دەبن بە گرد و دواتر بۆ پێدەشت.ئەوە خاکی کوردە شاخاویەکانە هەندێکیان تاوەکوو ئەمڕۆش رەوتەنین و کوردەکانی دەشتەکان، ئەوانەی دانەوێڵە دەچێنن یان لە شارەکان دەژین هەندێکیان زۆر ڕەسەنن.
بەپێچەوانەی کەمیی سامانی کانزایی لە کوردستان یەکێک لە دەوڵەمەندترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهانی تێدایە … لە دامێنەکانی باشووریدا ئەم کێڵگانە شاری کەرکوکیش دەگرێتەوە لە باکووریش کێڵگەی دیکەی لێیە وەک عین زالە و بطمة و چەندین بیری دیکە لە ناوچەکانی تردا بەڵام کێڵگەی کەرکوک دەوڵەمەندترینیانە. هەروەها مێژوونووسی کورد ئەمین زەکی بەگ نەخشەیەکی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی بە شێوەیەکی رەها کوردن کێشاوە لە کتێبی کورد و کوردستاندا بڵاوی کردووەتەوە.
بۆچوونی نووسەر
بە بڕوای من کوردستانی ئێستا ئەو وڵاتەیە کە کورد تێیدا دادەنیشێت- لەگەڵ هەبوونی کەمینە نەتەوەیییەکان کە لە ناویاندا دەژین- کوردستان بە درێژایی مێژوو بچووک کراوەتەوە بە جۆرێک کە دیاریکردنی بە شێوەیەکی ورد سەختە بەڵام دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی دیاری بکرێت چونکە دانیشتووانە کوردەکانی تاوەکوو ئێستاش لەسەری دەژین، تەنیا چەند ناوچەیەکی نەبێت کە زەوت کراوە و دوای دەرکردنی دانیشتووانە کوردەکە خەڵکی دیکەی لێ نیشتە جێکراوە.
بە باوەڕی من نابێت مەسەلەی کەرکوک جێگەی کێشە بێت لەبەر ئەوەی گەلی کورد یەکەم دژ بە جیابوونەوەیە لە عێراق و لەبەر ئەوەی سامانی عێراق باکوور و ناوەڕاست و باشووری دەبێت بۆ جەماوەری گەلی زەحمەتکێش بێت بە عەرەب و کورد و تورکمانییەوە.
کوردستان پێگەیەک داگیر دەکات کە بڕبڕەی پشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هێڵی سنوورەکەی لە باکووری رۆژهەڵاتی شاخی ئاراراتەوە دەست پێ دەکات و بە ئاراستەی پشکۆ شۆڕ دەبێتەوە و چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای ئێرانی ئێستا دەگرێتەوە، هەروەها لە باشوورەوە کوردستانی عێراق دەگرێتەوە لە مەندەلییەوە هاوتەریب لەگەڵ جەبەل حەمریندا دەڕوا تاوەکوو لە گەل دیجلەدا یەک دەبڕن، بە جۆرێک کە دەتوانرێت هێڵێکی راست بە ئاراستەی لیوای ئەسکەندەرونە بکێشرێت لەوێشەوە هێڵی سنوور درێژ دەبێتەوە بەرەو ئەرزڕۆم و لەوێوە بۆ لووتکەی شاخی ئارارات.بەڵام رووبەری کوردستان بەپێی وردترین خەمڵاندن لە (٤٠٩،٦٥٠) هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشەیە بۆ (٤٥٠،٠٠٠) بەپێی خەمڵاندنێکی دیکە.
دووەم لە بەر ئەوەی نەوتی کوردستان نەوتێکە بەبێ عێراق و یەکێتی عێراق سوودی لێ نابینرێت.سێیەم لەبەر ئەوەی نەتەوەیییە پێشکەوتووخوازە عەرەبەکە چاوی لە دابڕین و خستنە پاڵی نییە.بۆیە نابێت مەسەلەی کەرکوک کێشەیەک لە نێوان عەرەب و کورددا دروست بکات لەبەر ئەوەی ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوەی دەیانەوێت پێکەوە لە سێبەری یەک دەوڵەتدا بژین چونکە هەموو مکوڕن لەسەر دژایەتی کردنی جیابوونەوە هەروەها ئاوێتەبوون.
بڕوام وایە کە نەخشەکەی خوالێخۆش بوو ئەمین زەکی دەکرێت بکرێت بە بنەمایەک بۆ داڕشتنی نەخشەی کوردستان ئەگەر ئەوە بەنەزەری ئیعتیبار وەربگرین کە ئەو نەخشەیە “رەگەزییە” واتا ئەو کوردانە دەردەخات کە ئێستا دانیشتووانن، نەک ئەو کوردستانەی کە کەمینە نەتەوایەتییەکانی تێدایە لەگەڵ کورد دا دەژین.
گومانی تێدا نییە کە مەسەلەکانی سنوور لەنێوان ئەو نەتەوانەی کە چوونەتە ناو یەکەوە و چەندین سەدەیە لە سێبەری یەک دەوڵەتدا لەگەڵ یەک دەژین بە ئاڵۆزترین و سەختترین کێشەکان دادەنرێت، بەتایبەتیش ئەگەر تێکەڵ بوونی فاکتەرە ئابووری و نەوتییەکان لەو بابەتەدا بە نەزەری ئیعتیبار وەربگرین، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرکردنی مەحاڵ نییە، ئەگەر ئەو راستی و بەڵگە مێژوویی و مادیانە رەچاو بکرێت و بە ڕۆحێکی لێبوردەیی نەتەوایەتی و دوور لە تەماع و مەبەست چارە سەربکرێت.
ژمارەی دانیشتووانی کوردستان
خەمڵاندنە فەرمییەکان جیاوازیان هەیە لەگەڵ خەمڵاندنە ڕاستییەکان بۆ ژمارەی کورد، ئەویش بەهۆی سیاسەتر فەرمیییر تۆرانییەکە کە هەر نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی کورد دەکات.هەروەها ئاری شاهنشاهی کوردەکان بە بەشێک لە نەتەوەی گوایە ئارییە دادەنێت و نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی کورد دەکات.بەربەستێکی دیکە هەیە لەڕێگەی دیاریکردنێکی وردی ژمارەی کورد ئەویش نەبوونی سەرژمێرییەکی وردە بۆ دانیشتووانی کوردستان و قایل نەبوونی عەشایەر و جووتیارە کوردەکان بە تۆمارکردنی خۆیان لە کاتی سەرژمێرییە فەرمییەکاندا لە ترسی بردن بۆ سەربازی و دانی باج.
لەگەڵ ئەوەش چەندین خەمڵاندن بۆ ژمارەی کورد هەیە.
مەوسوعەی سۆڤیەتی کە لە ساڵی ١٩٥٢ دا دەرچووە ژمارەی کوردەکان بەم شێوەیە دەخەمڵێنێت:
لە ٢ بۆ ٣ ملیۆن لە تورکیا. لە ٢ بۆ ٢،٥ ملیۆن لە ئێران ملیۆنێک و دووسەد هەزار لە عێراق و سێسەد هەزار لە سوریا و دووسەد هەزار لە پاکستان و ئەفغانستان هەروەها لە ساڵی ١٩٣٩ دا لە ئەرمینیای سۆڤیەتی ٤٥،٨٦٦ کوردی لێ بووە. بەو شێوەیە کۆی کوردەکان بەپێی خەمڵاندنەکەی مەوسوعە سۆڤیەتیەکە دەکاتە حەوت ملیۆن کەس.
بەڵام دکتۆر عبدالرحمن قاسم لوو ژمارەی کورد بەم شێوەیە دەخەمڵێنێت:
لە تورکیا (٤،٦٠٠،٠٠٠) لە ئێران سێ ملیۆن لە عێراق( ١،٤٠٠،٠٠٠) لە سوریا(٤٠٠،٠٠٠) بەپێی خەمڵاندنەکەی ئەو ژمارەی دانیشتووان لە کوردستان(٩،٤٠٠،٠٠٠) کەسە، دکتۆر قاسم لوو ژمارەی کوردەکانی تاراوگە بە زیاتر لە یەک ملیۆن مەزەندە دەکات بۆیە بە پێی خەمڵاندنە کۆتایییەکەی ژمارەی کوردەکان دەگاتە (١٠،٤٥٠،٠٠٠)کەس لەگەڵ ئەوانەی کە کورد نین و لە کوردستان دەژین ژمارەکە دەگاتە ١٢ ملیۆن[29].
ئەگەر ئەو خەملاندنانەی هەندێک لە نووسەرانی کورد کە زیاد ڕەوی تێدایە بخەینە لاوە من باوەڕم وایە کە خەمڵاندنەکەی دکتۆر قاسم لوو لە ڕاستییەوە نزیکترە لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە کوردەکانی عێراق نزیکەی دوو ملیۆن دەبن لەگەڵ ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستانی عێراق دەژین لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لە شاری بەغدا. من باوەڕم وایە کە کوردەکانی تورکیا ٦ ملیۆن کەس دەبن بۆیە وای بۆ دەچم کە ژمارەی دانیشتووانی کوردستان زیاد لە ١٤ ملیۆن کەس دەبێت بە جۆرێک کە ژمارەی کورد لەو ژمارانەی کە دکتۆر قاسم لوو مەزەندەی کردووە کەم تر نییە بەڵکوو زیاترە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان. بۆ نموونە دکتۆر ژمارەی کوردەکانی لوبنانی حساب نەکردووە کە دەیان هەزار کەس دەبن هەروەها کوردەکان لە هەموو قەفقاس و هەندێک لە لوڕەکان بە کورد دانانێت.ئەوە جگە لە جیاوازی زیادبوون لە ژمارەی ساڵانەی ژمارەی کوردەکان لە نێوان مێژووی دەرچوونی ئەو سەرچاوانەی کە پشتی پێبەستوون لە کاتی نووسینی ئەتروحەکەیدا و لە نێوان رۆژی ئەمڕۆماندا.
[1] Arshak safrastian: Kurds and Kurdistan London, the Harvill Press Ltd.23 Lower Bolo gravest ret 198
ل ١٦-١٧ لە چاپی یەکەم، مامۆستا عبداللە شاڵی ئەم کتێبەی ساڵی ١٩٦٠ دا کردووە بە کوردی و لە چاپخانەی کامەرانی لە سلێمانی چاپکراوە،
[2] دکتۆر شاکر خصباک لە کتێبەکەیدا – الکرد والمسألة الکردیة کە بە عەرەبی لە بەغدا لە شوباتی ساڵی ١٩٥٩ دا – لە چاپخانەی الرابطة چاپکراوە ل ١٣. دکتۆر شاکر خصباک نیشتمانپەروەرێکی عەرەبە دکتۆرای لە لەندەن لەسەر تێزەکەی کە لەژێر ناونیشانی – جوگرافیای کۆمەڵایەتی ناوچەی سلێمانی – کوردستانی عێراق وەرگرتووە.
[3] هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٤.
[4] مێژووی کورد و کوردستان نووسینی خوالێخۆش بوو ئەمین زەکی بەگ ل ٤١ چاپی یەکەم . قاهیرە، چاپخانەی الحدادة ١٩٣٦ م.
[5] بگەڕێرەوە بۆ لێکۆڵینەوەکەی مینورسکی لە ( دائیرەی مەعاریفی ئیسلامی بە ناونیشانی – ساغ کردنەوەی ئەسڵی گەلی کورد).
[6] مێژووی کورد و کوردستان ل ٣- چاپی عەرەبی دووەم بەغدا- چاپخانەی صلاح الدین ساڵی ١٩٦١.
[7] هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ٦١ چاپی عەرەبی یەکەم.
[8] کورد-باسیل نکیتین ل ٢١ چاپی یەکەمی عەرەبی بیروت- دار الروائع
[9] سەرچاوەی پێشوو ل ١٩
[10] باسیل نیکیتین لە کتێبەکەیدا کوردەکان ل ١٠ چاپی عەرەبی یەکەم.
[11] بگەڕێرەوە بۆ کتێبی مامۆستا عبدالفتاح ابراهیم لە زانستی کۆمەڵناسیدا، بابەتی ئوممە و نەتەوەکان.
[12] مێژووی کورد و کوردستانل ٦٣-٦٤ چاپی عەرەبی یەکەم.
[13] کرزون- لە پێشەکی گەشتەکەیدا بۆ ئێران دەڵێت، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە ئەم کۆچە بیست سەدە پێش زاین رووی دابێت، بگەڕێرەوە بۆ کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگ ل ٦٤ چاپی عەرەبی یەکەم.
[14] چاپی عەرەبی یەکەم.
[15] بۆیە وادەڵێم چونکە هەندێک لە ڕەگەزپەرستە دەمارگیرەکان باوەڕیان وایە کوردستان هێمایەکی دروستکراوە!! بۆ بزووتنەوەیەکی جوداخوازی بەڵکوو کارەکە لای هەندێک گەیشتە ئەوەی کە تەنیا ناوبردنی کوردستان جووداخوازی و کفرە! لە راستیدا تەنیا شۆڤێنیستی کوێرانەیە کە ئەو خەمڵاندن و تێروانینانە دروست دەکات.
[16] ل ١٣- ١٤ لە کتێبەکەی دکتۆر شاکر خصباک- الکرد و المسألة الکردية- چاپی عەرەبی یەکەم – چاپخانەی الرابطة- بەغدا.
[17] شارەزوور دەستەواژەیەکی کۆنە وەک ئاماژە بەکار دێت بۆ ناوچەکانی سلێمانی – کەرکوک- هەولێر هەروەها قەزاکانی خانەقین و مەندەلی و شارەبان – بەشێکی- جاروبار لیوای موسڵییش تەنانەت لە تۆمارە فەرمییەکانیشدا بەکارهاتووە. تاوەکوو ئێستا فەرمانگەکانی تاپۆ لە عێراق لە تۆمارەکانیاندا ئەو دەستەواژەیەی تیایە بەو واتایەی کە پێشتر بەکورتی باسمان کرد دێت.
[18] نزهة القلوب…کتێبی حمداللە المستوفی یە ساڵی ٧٤٠ کۆچی نوسراوە ناوی کوردستانی زۆر تێدا هاتووە.بگەڕێرەوە بۆ-بلدان الخلافة الأسلامیة-نووسەرەکەی لوسترانج ل ١١٨ چاپی فارسی محمد حرفان وەری گێراوە- فەسڵی شەش ل٩٣- و ل ١٠٩ و سیانزەهەمین ل ٢٠٠.
[19]هەمان سەرچاوەی پێشوو ٢٠
[20] باسیل نیکیتین ل ٢٥ لە کتێبەکەی کوردەکان چاپی یەکەم – بیروت.
[21] نووسەری – نزهة اللقلوب- حمداللە المستوفی القزوینی
[22] ب- نیکیتین لە کتێبەکەیدا الأکراد ل ٢٥ چاپی عەرەبی یەکەم.
[23] بگەڕێرەوە بۆ کتێبی وڵاتانی خەلافەتی رۆژهەڵات نووسەرەکەی Le strange فەسڵی دووەم، ل ٢٦ چاپە فارسییەکە.
[24] بگەڕێرەوە بۆ کتێبی –خناجر و جبال- لأحرار العراق کە احمد فوزی نووسیویەتی ل ٢٠-٢١ چاپی عەرەبی یەکەم.
[25] مامۆستا عبدالرزاق الحسینی لە کتێبەکەیدا – العراق قدیما و حدیثا-ل٣٣-٣٤ چاپی عەرەبی.
[26] خناجر و جبال ل ٧٠ الطبعة العربية الأولی
[27] بگەڕێرەوە بۆ کتێبەکەی مێجەر س. جی ئەدمۆنز بە ناونیشانی ( Kurds Turks and Arab) ل٣ چاپی ئینگلیزی یەکەم لەندەن ١٩٥٧.
[28] بگەڕێرەوە بۆ کتێبەکەی مامۆستا دیرک کینین بە ناونیشانی (The kurds and kurdistan)
[29] ئەم ژمارەیە یان خەمڵاندنە هی ساڵی ١٩٧١ ـە واتا ئەو ساڵەی کە نووسەر کتێبەکەی بۆ جاری دووم چاپ کردووەتەوە …وەرگێڕ…




