شەهید لوقمان مەخموری
هەر لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، لێرە و لەوێ بە شێوازی جیاجیا و بە فیتی نەیارانی كورد، چەندین حزب و گروپ بەردەوام كێشە و ئاریشەیان بۆ یەكێتی دروست دەكرد؛ هەر لە رێگریگرتن لە هێنانی چەك و تەقەمەنی تا كەلوپەلی دیكەی پێویستی و ئامێری رادیۆ لە سنوورەكانی سوریا، توركیا و ئێرانەوە.
لە زۆر سەردەم و قۆناغیشدا، چەندین حزب دەبوونە دژ و بەرەیان دژی یەكێتی پێكدەهێنا، بەڵام ئەو رۆژە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لەوە تێنەگەیشتن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەگ و ریشەی لەگەڵ خاك و خەڵك و هەوای ئەم وڵاتەدا تێكەڵ بووە و رۆڵەكانی بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی)، گۆشكردووە.
بەداخەوە، لەو سەردەمەدا و لە ژێر ناوی پێشمەرگەدا، دوژمنانی كورد زۆر پێشمەرگەی یەكێتی و شۆڕشی نوێیان بە خۆڕایی و بەبێ هیچ بیانوویەك شەهید كرد، لەوانە: (كەریم سارۆخ و حەیدەر عەلی و لوقمان عەزیز مەخموری) كە بە بەبێ ئەوەی لە شەڕدابن و سەنگەریان لە كەس گرتبێت، لە كاتی پشوودا لە گوندی (تەلخێمی گچكە)، بەناهەق شەهیدكران.
ژیاننامەكەی
شەهید لوقمان عەزیز نادر سەفەر ناسراو بە لوقمان مەخموری، لەدایكبووی ساڵی 1963ی قەزای مـــــــەخمورە و لــــــە عەشــــیرەتی (پاڵانی)یە، ساڵی 1981 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، لە مانگی 5/1982 لە لایەن ئەمنی مەخمورەوە دەستگیركراوە و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی موسڵ كراوە، مانگی نۆی هەمان ساڵیش ئازاد كراوە.
لە كۆتایی ساڵی 1983دا بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی یەكی تیپی 87ی قەرەچووغ، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی لە زۆر نەبەردی و دەیان شەڕی قارەمانانەدا كردووە، لەوانە: (شەڕی هیران، شەڕی جادەی كەركوك، بەرەنگاربوونەوەی هێزە تەعریبكەرەكانی گوندە كوردییەكان، شەڕی یەدی قوو، زیارەت و قەراسنج).
بەداخەوە، رۆژی 29/12/1985، لە گوندی تەلخێمی گچكە، لەگەڵ دوو هاوڕێیدا و بە ناهەق، شەهید كران، شەهید لوقمان، برایەكی دیكەی بەناوی (مەسعود) شەهید كراوە.




