ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

سەركردە عیراقییەكان خەبات و قوربانیدان و مێژووی یەكێتی بەرزدەنرخێنن

بەبۆنەی داگیرساندنی مۆمی 51 ساڵەی تەمەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، سەركردە عیراقییەكان بە گەرمیی پیرۆزبایی لە سەرۆكی یەكێتی و تەواوی هەڤاڵانی حزبەکە دەكەن. ئەوان لە پیرۆزباییەكانیاندا، وێڕای بە گرنگ زانینی سیاسەت و ستراتیژی ئەم حزبە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكات پێداگریی لە پەیوەندی مێژوویی خۆیان لەگەڵ یەكێتی و سەرۆكەكەی دەكەنەوە.

بنیاتنانی عیراقی نوێ
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی کردووە و دەڵێت: لەم بۆنەیەدا خەبات و رۆڵی سەرەکی و مێژوویی یەکێتی لەگەڵ هێز و لایەنە نیشتمانییەکان لە تەواوی رەوت و ئاڕاستە جیاوازەکاندا بەرز دەنرخێنین لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەشداریکردن لە بنیاتنانی عیراقی نوێی دیموکراتدا، هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ تەواوی کۆمەڵانی خەڵک بەدیهاتوون.

هیوای سەرفرازی و سەركەوتن
قەیس خەزعەلی سەرۆکی بزووتنەوەی (عەسائیب ئەھلی حەق) لە پەیامێکیدا بۆ یەکێتی دەڵێت: خۆشحاڵێن لێرەدا پیرۆزباییەكی گەرم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەین، بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، هەروەها پیرۆزبایی لە برای ئازیز بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی بكەین، هیوای سەرفرازی و سەركەوتن بۆ سەرۆك بافڵ و سەرجەم سەركردە و ئەندام و هەوادارانی یەكێتی دەخوازین لە پێناو خزمەتی عیراق و گەلەكەی.
لەم بۆنەیەدا هەوڵی نیشتمانییانەی گەورەی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) وەبیردێنینەوە كە رۆڵی هەرە گەورەی هەبوو لە دامەزراندن و چەسپاندنی بنەمای پرۆسەی سیاسیی و دیموكراسی لە عیراقی دوای ساڵی 2003.
هەموو ساڵێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارێزراو بێت، داوا لە خوای گەورە دەكەین عیراق و گەلەكەی بپارێزێت و نیعمەتی ئاسایش و یەكبوون و خۆشگوزەرانی بەردەوام بێت.

پیرۆزبایی فایەق زێدان
بەبۆنەی تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر یەكەم چەخماخەی مێژوو و خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد و تێیدا وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتر بۆ یەکێتی دەخوازێت.

سەرکەوتن و بەردەوامبوون لە خەبات
لای خۆیەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتی و کادران و جەماوەری حزبەکەی کردووە دەڵێت: پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتی و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم.
حەلبوسی لە پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتن و بەردەوامبوونی بۆ یەکێتی خواستووە لەو «رێڕەوە خەباتگێڕییەی کە خزمەت بە گەلی کوردستان و عیراق دەکات».

ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕینی نیو سەدە بەسەر تەمەنی یەکێتیدا، رایگەیاندووە،  پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە سەروویانەوە برای بەڕێز بافڵ تاڵەبانی دەکەم بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، لەو یادەدا، بە رێزەوە یادی کاروانی مێژوویی دامەزرێنەری کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی (رەحمەتی خوای لێبێت)، دەکەمەوە کە رۆڵی هەبوو لە چەسپاندنی رێبازێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای فرەیی و دیموکراسی.
لە پەیامەکەدا هاتووە، جەخت دەکەمەوە ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە لە کاروانی ئەم هێزە دێرینەدا کە بەردەوامە لە خزمەتکردنی نیشتمان و بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانی ئازادی و دادپەروەری و کارکردن لەگەڵ هێزە نیشتمانییە جیاوازەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە عیراقدا.
دەشڵێت: لە خودا داواکارم سەرکەوتن بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هێزە نیشتمانییەکانی تر بەردەوام بکات و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ بەدیبهێنێت لەپێناو بەرژەوەندی و خێری وڵات و گەلدا.

رێبازی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن
هەروەها راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق سەرەڕای ئەوەی ساڵیادی ئەو حزبە پیرۆز دەکات، هاوکات رایگەیاندووە، ستایشی هاوکارییەکانی یەکێتی دەکەین لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی و پەرەدان بە کاری نیشتمانیی هاوبەش.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەم بۆنەیەدا کاروانی سیاسی و نیشتمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرزدەنرخێنین، لەپاڵ رۆڵیان لە پەرەدان بە رێبازی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا.
لە پەیامەکەیدا ئەعرەجی دەڵێت: لەم یادەدا بە هەموو شانازییەکەوە یادی کاریگەریی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال و پێگە بەهێزەکەی دەکەینەوە لە پەرەدان بە یەکێتی خاکی عیراق و نزیککردنەوەی روانینەکان.

چەسپاندنی بەهاكانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری

عەبدولکەریم ئەلبەسری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، پیرۆزبایی له‌ سه‌ركردایه‌تی، كادیران و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی کردووە و دەڵێت: به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشحاڵم ‌گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ بكه‌م به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ كاتێكدا كه‌ هاوبەشی ئه‌م بۆنه‌یه‌تان ده‌كه‌ین، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین، مێژووی نیشتمانیی ئێوه‌ و ئه‌و خزمەت و دەستکەوتانە بەرزدەنرخێنین كه‌ پێشكه‌شتان كردون له‌پێناو عیراق و چەسپاندنی بەهاكانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیریدا.
شۆڕشی نیشتمانی مام جەلال
هاوکات بە بۆنەی تێپەڕینی زیاتر لە پێنج دەیە بەسەر مێژوو و خەباتی یەکێتیدا، رەیان كلدانی سەرۆكی بزووتنەوەی بابلیۆن، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و سەرکردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەکێتی دەکات و جەخت لەسەر رۆڵی مێژوویی سەرۆك مام جەلال و پێگەی كاریگەری ئێستای یەكێتی دەكاتەوە، پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەپێناو سەقامگیریی بۆ عیراق و هەرێم دەردەبڕێت.
رایگەیاندووە، یادی كاروانی شۆڕشی نیشتمانیی مام جەلال دەكەینەوە كە خوێندنگەیەكی سیاسی بوو و ئاسەوارێكی قووڵی لە مێژووی عیراقی نوێدا بەجێهێشتووە لە قووڵكردنەوەی كەلتوری لێكتێگەیشتنی نیشتمانی و دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا. ئێستاش هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنین لە سەركردایەتیکردنی یەكێتی و بەردەوامیدان بە رێبازی میانڕەوی، گفتوگۆ و كاری هاوبەش، بەوجۆرەی كە سەقامگیری پتەوتر بكات و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بكات.

بەردەوامیی ئاسایش و گەشەسەندن
بەبۆنەی 51ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رەشید ئەلعەزاوی ئەمینی گشتی حزبی ئیسلامی عیراقی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی دەکات و دەڵێت:  بەو هیوایەی سەرکەوتنی زیاتر لە کاروانە سیاسییەکەتاندا بەدیبێت کە هەمیشە جێگەی سەرسامی بووە، بەو پێیەی پشت بە میراتە گەورە و جیاوازەکەی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) دەبەستێت، هەروەها بەردەوامیی ئاسایش و گەشەسەندن بۆ هەرێمی کوردستان دەخوازم.

بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوە
پارێزگاری کەرکوکیش هەوڵەکانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرز دەنرخێنێت و لە پەیامێکیشیدا بە بۆنەی تێپەڕینی پێنج دەیە لە تەمەنی یەکێتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی کردووە.
لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆکی یەکێتی، پارێزگاری کەرکوک جەختی لە خۆشحاڵی خۆی کردووەتەوە بۆ بەشداریکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرکردایەتی و ئەندامانی حزب لەم بۆنەیەدا و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم سەرکردایەتی و رێکخستنەکانی  یەکێتی کردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستوون لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا.
پارێزگار ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی کارەکان کردووە بەشێوەیەک کە بەشداربێت لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوە و پێشکەوتوو بۆ عیراق و بەهێزکردنی بنەماکانی شەراکەت و دیالۆگ و کاری پێکەوەیی، بە جۆرێک خزمەت بە خەڵکی پارێزگای کەرکوک بکات و خواستەکانیان بهێنێتەدی.

مێژووی پڕ لە بەخشینتان بەرز دەنرخێنین
لە چوارچێوەی ئەو پیرۆزباییانەدا کە بۆ یادی 51 ساڵەی تەمەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نێردراوە، فراکسیۆنی مەسیحی سویانا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەیامێکی ئاراستەی تەواوی سەرۆک و سەرکردایەتی و لایەنگران و ئۆرگانەکانی یەکێتی کردووە و دەڵێت: خۆشحاڵین کە جوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاراستەی ئێوە و سەرجەم سەرکردایەتی و کادر و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین، بەبۆنەی هاتنەوەی 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەتان، هیوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاترتان بۆ دەخوازین لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەر و لایەنگرانتان.
لەکاتێکدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەتان لێ دەکەین، ئەو مێژووە پڕ لە بەخشین و تێکۆشانەتان لەپێناو عیراقێکی دیموکراتی ئازاد بەرزدەنرخێنین، لەگەڵ جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەهێزکردنی کاری سیاسیی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان و عیراق.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *