بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

چاوێک لە پشت هاوێنەی کامێراکەیەوە

هێرۆخان وەک هاوڕێ و هاوژینی مام جەلال و رۆڵی لە شاخ و شاردا

هیوا كازم

کەسایەتییەی زۆر کاریگەر و فرەڕەهەندی مێژووی هاوچەرخی کوردستان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (هێرۆخان) یان (دادە هێرۆ) تەنها خێزانی سەرۆک مام جەلال نەبووە، لە مێژووی گەلاندا کەم پیاوی مەزن هەن کە هاوشانی خۆیان، ژنێکی کەموێنەیان لە پشتیان نەبووبێت، بەڵام کاتێک باسی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) دەکەین، باسی ژنێک ناکەین کە تەنها لە پشت سێبەری سەرۆک مام جەلالەوە وەستابێت، بەڵکو خۆی وەک تێکۆشەرێک، رووناکبیرێک و داینەمۆیەک بۆ کاروانێکی دوورودرێژی خزمەت لە شاخ و شاردا ناسراوە، هێرۆخان خۆی لە پێشەوەی رووداوەکانبووە.

لە سەردەمی چەک و سەنگەردا، پێشمەرگەیەکی چاونەترس و هاوسەنگەرێکی دڵسۆزی رێگای رزگاری كوردستان بوو، لە سەردەمی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەشدا بووە بە دایکی میهرەبان و خەمخۆری كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی، هێرۆخان کامێراكەی شانی لە شاخی کردە چەکی دۆکیۆمێنتکردنی راستییەکان، دواتریش لە شاردا بووە چرای میدیایەکی نوێ و خاوێن، پاراستنی منداڵانی و هونەرێکی رەسەن داگیرساند، لە شاشەی كەناڵی کوردساتەوە تا مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە و خەندەی منداڵانی بێسەرپەرشت لە منداڵپارێزی كوردستان و هاوكاریكردنی هونەرمەندان و نوسەران و چەندان كاری تر، هەمووان گەواهی ئەوە دەدەن کە هێرۆخان تەنها ناوێک نییە لە مێژوودا، بەڵكو بە دڵنیاییەوە شوێن پەنجەی ئەو لە بواری میدیا، کلتور و کاری مرۆییدا بە جۆرێکە، کە مێژووی هاوچەرخی سلێمانی و کوردستان بەبێ ناوی ئەو ناتەواو و پڕ لە كەموكورتی دەبێت، هەر چەندە سلێمانی شاری هەڵوێست و داهێنانە و هەمیشە بە رۆڵە دڵسۆزەکانییەوە دەناسرێتەوە، بەڵام کەم کەس هەن وەک (هێرۆخان) نازناوی دایکی ئەم شارەیان پێبڕابێت، هەر كەسێك هێرۆخان بناسێت دەزانێت كە چۆن ژنێک دەتوانێت بە تەنها ببێتە دەزگایەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیەک، ئەگەر زمان و کلتوری کوردی لە دوای راپەڕینەوە خاوەنی قەڵغانێکی بەهێز بووبێت بۆ پاراستنی، بە دڵنیاییەوە ئەو قەڵغانە هێرۆخان بووە.

هێرۆخان لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر، ئەدەب و نیشتمانپەروەری كوردستان و شاری سلێمانی لە 12ی حوزەیرانی 1948 چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، كچی نوسەر، روناكبیر، شاعیری، مافناس، چیرۆكنووس، رۆژنامەنووس، خەباتکاری و سیاسەتمەداری گەورەی كورد (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد)ە، ئەو وەک ژنێکی رەچەشکێن و کارێزمایەکی سەردەم، مێژوویەکی پڕ لە شانازی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە، میدیا، دابینکردنی مافەکانی منداڵان و گەنجاندا لە کوردستان و عێراق تۆمارکردووە.

ناسینی هێرۆخان

نەرمین عوسمان، تێكۆشەری دێرین و هاوڕێی هێرۆخان بەم شێوەیە باسی هاوڕێیەتییەكەیانی بۆ كوردستانی نوێ كرد و رایگەیاند : من لە خوێندکارانی باڵی مەکتەبی سیاسی بووم، زۆرینەی کۆبوونەوەکانمان دەبردە ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هێرۆخانیش ئەندامبو و دەهات، یانی ئێمە ئەو کات کچ و کوڕ تێکەڵبووین لە ئەو خانانەی کە چالاکیی خوێندکارانی تێدا دەکرا، زۆرینەی کۆبوونەوەکان، چونکە بەهۆی ئەوەی خوێندکاران لە بەشە ناوخۆییبووین،  زۆربەیشیان لە دەرەوەی بەغدا دەژیان، کەم ماڵ هەبوو لەوێدا، لەو ماڵانە بێت کە ئێمە بتوانین کۆبوونەوەی تێدابکەین، زۆربەی کۆبوونەوەکانمان دەبردە ماڵی مامۆستا ئیبراهیم، ئەمە وایکرد کە ئێمە زیاتر لە یەكتر نزیکببینەوە، هەروەها پاش بەیانی 11ی ئازار و بڕیاری دوای کۆنگرە ئەوەبوو كەوا دامودەزگا و رێکخراوەکان یەكبگرنەوە، ئیتر ئەوەبوو مام جەلال داوایكرد لە (من و هێرۆخان، پرشنگ مەمەند، ست درەخشان، ست ئەنجووم و زۆر کەس لەمانە، خەڵكی تریش  زۆر هەبوون، لە هەولێر و لە بەغداوە هاتبوون، ئیتر وتی دەبێت خۆتان کاندیدبکەن بۆ سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتان، من ئەو کاتە ئەندام نەبووم لە ئافرەتان، چونکە من هەر کارم لەناو خوێندکاراندا دەکرد. ئیتر بە قسەی مام جەلال چووین هەر دووکمان خۆمان کاندیدکرد، هەڵبژێردراین بە ئەندامی سکرتاریەت.

 هەروەها کە چووم بۆ شاخ لەوێ هێرۆخانم بینی، ئەو کاتە من و رووناک شێخ جەناب بەیەكەوە رۆیشتین لە سەرکردایەتی تەنها هێرۆخانی لێبوو، هێرۆخان هاوڕێمبوو، ئیتر پێشوازییەکی زۆریان لێ کردین و ماوەیەک هەر لەلای ئەوان بووین، ئەو کاتە مام جەلال لە دەرەوەبوو، یانی ژنێکە توانیویەتی لەگەڵ ئەم هەموو ژیانەی پێشووی، خۆی زۆر باش گونجاندبوو لەگەڵ ژیانی شاخدا.

قۆناغ دوا راپەڕین و كارەكانی هێرۆخان

سەبارەت بە كارەكانی لە دوای راپەڕین و پێگە و بەهێزی و خەونی هێرۆخان وەك ژنێكی ئازا و بوێر، نەرمین عوسمان دەڵێت دوای ئەوەی لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991دا دەسەڵاتی بەعس بەرەو خواروی عیراق راو دەنرێت، ئیتر ئەزموونی شاخ کۆتایی دێت و هێرۆخان وەکوو ئەوەی لەمێژ بێت خۆی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئامادەکردبێت، هەر زوو دەست بە دامەزراندنی چەندین رێکخراو و دامەزراوەی میدیایی و کولتووری دەکات، دامەزراندنی ناوەندی راگەیاندنی خاک، پاراستنی ئەمنە سوورەکە، دامەزراندنی رێکخراوی منداڵپارێزی كوردستان، کەناڵی کوردسات، چەندین گەلەری و ناوەندی کولتووری لە کارە دیارەکانی هێرۆخانن، پرۆژە مەدەنی و جیاوازەکانی هێرۆخان تائێستایش کە چەندین ساڵ بەسەر دامەزراندنیاندا تێپەڕیوە، هێشتا سەر تۆپ و لوتکەی ئەو پرۆژانەن کە بۆن و بەرامەی کوردایەتییان لێ دێت و بە جدی و دوور لە ژاوەژاوی سیاسی کاردەکەن.

هێرۆخان ژنێكی زۆر بەهێزبوو، واتە لەژێر کاریگەریی هیچ كەسێكدا را و بۆچوونی خۆی نەدەگۆڕی، ئەمە یەکێکبوو لە سیفەتەکانی کەوا لە کەم ژندا بەدیدەکرێت.

بێگومان هێرۆخان خەونی زۆری هەبوون، یەکێک لە خەونە گەورەکانی ئەوەبوو (کوردستانێکی گەورە) ببینێت.

كوردسات و هێرۆخان

یەکێک لە کارەکانی هێرۆخان دامەزراندنی دەزگای میدیای کوردسات بوو، دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتی دەزگای  میدیای کوردسات و خوشکەزای هێرۆخان، بەم شێوایە باسی کەناڵی کوردسات و كارەكانی هێرۆخانی کرد لەو دەزگایە و وتی، ئەگەر بمانەوێت باسی هێرۆخان بكەین، ئەو هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی تەرخانکرد، خزمەتی هەموو چین و توێژەکانی کردوە لەوانە ژنان، منداڵان، هونەر، میدیا و چەندین بواری تر، کەسێکە کە دووبارەبوونەوە مەحاڵە و من زۆر شتی لە بواری میدیا لە هێرۆخان فێربووم، کەسێک بوو بەبێ جیاوازی کاری بۆ هەموو چین و توێژەکان دەکرد، هەوڵی داوە شاشەی کوردسات بۆ خزمەتی گەلەکەی بەکاربهێنێت نەک بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی، تەنانەت چەند جارێک من پێم وتوە دادە تۆ ئەو هەموو کارەتکردووە بۆ بڵاوینەکەینەوە لە کوردسات دەی وت من کارەکانم بۆ ئەوە ناکەم پیشانی خەڵک بدرێت بەڵکو بۆ خزمەتی خەڵک دەیکەم، هێرۆخان وەک خاوەن و دامەزرێنەری کوردسات مامەڵەی لەگەڵ هونەرمەندان نەکردوە بەڵکو وەکو دۆستێک، دایکێک و هاوڕێیەک مامەڵەی لەگەڵکردوون، هەر کەسێک چی پێویست بوبێت توانیویەتی لەگەڵ هێرۆخان ئازادانە موناقەشەبکات و چییان پێویستبووبێت لە رێگای شاشەکەوە هاوکاریکردوون، وەک دایکێک بووە بۆ هونەرمەندان، هەوڵی داوە بەرهەمەکانیان لە رێگای کەناڵی کوردساتەوە بگەیەنێت بە خەڵک، هەمیشە پێش بڵاوبوونەوەی کلیپەکان لە ژوورەکەی خۆی لە کەناڵی کوردسات سەیری کلیپەکانی دەکرد و پێداچوونەوەی بۆ دەکرد، بیرمە جارێک کلیپێکی پیشاندام و سەیرمانکرد کە تەواوبوو بە منی وتی هیچ تێبینیەکەت هەیە، میش پێم وت کلیپێکی جوانە و گۆرانیەکەش خۆشە، وتی سەیری بکەرەوە و منیش سەیرم کردوە و جاری سێیەمیش وتی سەیری بکەرەوە لە ناوەڕاستی کلیپەکەدا ڤیدیۆکەی وەستاند و وتی ئەم جارە چۆنبوو، لە پشتی گۆرانیبێژەکە لە شاخەکەدا ئاگرێك هەبوو كە دووکەڵیکی رەش دەردەکەوێت کە تەنها یەک یان دوو سانتمی دیاربوو، وتی ئێمە بە خەڵک دەڵێت ژینگە بپارێزن دیارە ئەوان لەو شاخە تایە دەسوتێنن بۆیە من پێم خۆش نییە ئەم کلیپە لە کەناڵی کوردسات بڵاوبکرێتەوە، بۆیە هێرۆخان خانمێک زۆر ورد بوو هەروەها کوردستانی زۆر خۆش دەویست، پێی دەوتم پێویستە لە کوردسات خەڵک بەکارنەهێنیت بەڵكو هەمیشە دەرگای کوردسات بۆ هاووڵاتییان باکراوەبێت، هەر كەسێك لەڕێگای کوردساتەوە داواکاری هەبوایە هەوڵی چارەسەکردنی کێشەكانیانی دەدا و هاوكاری دەكردن، بۆیە شاشەکەی بۆ خۆی بەکارنەهێناوە بەڵكو میدیاکەی هی خەڵک بوو، زۆرجار لەگەڵ خۆشم باسی ئەوەیکردووە و وتوویەتی کوردسات تێکەڵی هەندێک بابەت مەکەن و بیپارێزن بۆ ئەوەی خەڵک توشی سەرئێشەی نەبێت، ئەگەر کەسێکی وەک دادە هێرۆت لە پشتبێت ئەواو هەست دەکەیت هەموو دنیات لە پشتە و دەتوانی بە جوانترین شێوە کاری خۆت بکەیت، هاوڕێیانی بەرنامەی بەرنامە ئەو راستیە دەزانن کاتێک کێشەیەک دروست بوایە خۆی دەکرد بە بەرپرسیار بۆ ئەوەی ئەکتەرەکان توشی کێشە نەبن ئاواش هەمووانی فێردەکرد کە نەترسن لە کارەکانی خۆیان.

ئەرشیفی هێرۆخان لە شاخ

دێرین لەتیف رەشید، دەشڵێت، خزمەتەکانی هێرۆخان تەنها لە دروستکردنی دەزگای میدیای کوردسات نەبووە، بەڵکو لە شاخیش رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە ئەرشفیکردنی مێژووی وڵاتەکەمان، ئەو چرکەساتانەی ئەو تۆماریکردووە مێژووی ئێمەیە و هەوڵەکانی ئەو وایکرد مێژووەكە تەنها بەقسە و چیرۆکی سەر زاری خەڵک نەبێت، بەڵکو بە ڤیدیۆ ئەو مێژووەی پارستووە، تا بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە و بزانن کە مێژووی ئەم وڵاتە چییە و بەچیدا تێپەڕیوین، کە سەیری ڤیدیۆكانیش دەکەیت دەبینیت هێرۆخان چەند کەسێکی سادەبووە و هیچ کاتیک خۆی لە پێشەوە نەبوو و هەمیشە هەوڵی داوە هاوڕێکانی بپارێزێت و لەکاتی بۆردوومان و هێرشەكانی دووژمن خەمی هاوڕێکانی و پێشمەرگەکانی بووە، لە ڤیدیۆکاندا ئەمانە بە روونی دیارن.

ئەگەر هەوڵەکانی هێرۆخان نەبوایە بڕوا ناکەم میدیای کوردی لەم قۆناغەی ئێستادا بوایە، ئەگەر ئێستا سەیری میدیای كوردی بكەیت كارەكانی هێرۆخان دەبینیت لە هەموو میدیاكاندا رەنگیداوەتەوە، کەناڵی کوردسات لە هەناوی کەناڵی خاکەوە لە دایکبووە ئەوبوو نەیهێشت لۆگۆی خاک هیچ پەیوەندییەکی هەبێت بە دروشمی حزبی و سیاسی، وتی پێویستە خاك خزمەت بە هەموو لایەک بکات، ئەوەبوو وایکرد کەس بیری بۆ ئەوە نەچێت كە ئەم کەناڵە حزبییە، چونکە لەو کاتەدا بابەتی رەنگ زۆر قوڵبوو و نەیهێشتووە ئەوە کاریگەری هەبێت لەسەر لۆگۆکەی، هەروەها بۆ نێرگزەکەی کەناڵی کوردسات ئەو ویستی شتێکبێت کە رەمزێکی کوردانەبێت بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان، ئێمەش لە کوردسات هەوڵمان داوە هەر لەسەر سیاسی هێرۆخان بەردەوام بین.

مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە

 سەبارەت بە رۆڵی هێرۆخان لە دامەزراندنی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، ئاکۆ غەریب بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە، بە كوردستانی نوێ رایگەیاند : هەر لەساڵی 1994 هێرۆخان بیرۆکەی ئەوەی هەبووکە ئەمنە سوورەکە بکات بە مۆزەخانەیەک بۆ پاراستنی نەهامەتی و کارەساتەکانی کورد، بەڵام دوو هۆکار لەبەردەمیدابوون بەربەست، یەکەمیان ئەو ئاوارە کوردانەبوون کە لەدوای کۆڕەوە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان نەیان ئەتوانی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونکە ئەو ئاوارانە خەڵکی کەرکوک و خانەقین و ناوچە کێشە لەسەرەکانبوون، ئەو بڕوای وابوو تا جێگەی شایستەیان بۆ دابین نەکات نابێت ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکات، لەبەر ئەوە بڕیاردرا لەڕێگەی مناڵپارێزی کوردستانەوە و بەسەرپەرشتی شاناز خان، لەوڵاتی بەریتانیا کەمپەینێکی پیتاک کۆکردنەوەیان راگەیاند و توانرا یەک ملیۆن پاوەن کۆبکەنەوە و دوای ئەوەی شارەوانی سلێمانی زەوی دابینکرد، بەو پارەیە خانوو بۆ ئاوارەکانی ئەمنە سوورەکە و ئوتێل سلێمانی پاڵاس دروستکرا، دوای چۆڵکردنی، کێشەی دووەم سەریهەڵدا، کەبەشێک لەلێپرسراوانی ئەو سەردەمە، رایجیاوازیان هەبوو، هەندێک ئەیانگوت بکرێت بە کۆمەڵگەی فەرمانگەکان یان بکرێت بە نەخۆشخانە هەندێکیش بەلایانەوە باشبوو بڕوخێنرێت و لەشوێنەکەیدا مۆڵ و ئاپارتمانی تیادا دروستبکرێت، بەڵام هێرۆخان هەر مکوڕبوو لەسەر بیرۆکەکەی خۆی و کۆڵی نەدا، هەرچەندە فشارێکی زۆریان بۆ هێنا بەڵام بەناچاری هێزێکی لەپێشمەرگەکانی سکرتارییەتی لەوێ نیشتەجێکرد و ئیتر کەس زاتی ئەوەی نەکرد دەستوەردان بکات، بەداخەوە بەداخەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پڕۆژەکە دواکەوت، بەڵام دوای 31ی ئاب کارەکان بەخێرایی دەچووە پێشەوە و کۆمپانیای نەورۆز هەستان بەجێبەجێکردنی کارەکانیان کە هەڤاڵان کاک تەیب جەبار و کاک زیرەک سەرهەنگ سەرپەرشتییان دەکرد. لە دوای روخانی رژێم بەعس لە ساڵی 2003، ئیتر تانک و تۆپ و هەندێک لەوچەکە قورسانەی کوردستانیان پێ وێران دەکرد لەگۆڕەپانی ئەمنە سوورەکە جێگیرکرا، بەو مەبەستەی بۆ هەمیشە لەیادەوەری نەوەکاندا بمێنێتەوە. هەرچەندە بەهۆی کەمی بودجەوە کارەکان بەسستی بەڕێوەدەچوو، بەڵام زیندانەکان وەکو بەشێکی کاریگەر بەڕووی میوان و دیپلۆماتەکاراندا كراوەبوون، دواتریش بەشێکی تایبەت بەمین کرایەوە. لەساڵی 2009دا من توانیم بودجەیەک لە بەڕێز کاک عومەر فەتاح وەربگرم کە ئەوکاتە سەرۆکی حکومەتی دەڤەری سەوزبوو. بەو پارەیە توانیمان هۆڵی سینەمای یەڵماز گۆنای و مۆزەی کەلتوریی دابمەزرێنین. دروستكردنی ئەم  مۆزەخانەیە بەو مانایە بنیاتنرا كە تەنها ناوەندە سەركوتكارییەی بەعسدا نەبوو بۆ ئەشكەنجە و شەهیدكردنی رۆڵەكانمان، بەڵکو پڕۆژەیەکیشبوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوون، هەروەها هۆڵی سینەمای یەڵماز گۆنایش، بۆ زیندوو راگرتنی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد بوو کە بەهۆی کوردبوونییەوە زیاتر لەسەد ساڵ حوکمی غیابی هەبوو، لەهەمان کاتیشدا گەوهەرێکی لە فیلم بۆ جێهێشتووین.

مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە – تا لەیادمان نەچێت

وتیشی، هەرچەندە لەو ماوەیەدا دوورو نزیک من سەرپەرشتیم دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2011وە بەفەرمی خۆم تەرخانکرد بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە – تا لەیادمان نەچێت،،،کە ئەمە ئێستا ناوە راستەقینەکەیەتی، لەگەڵ هێرۆخان پێکەوە پڕۆژەیەکمان دانا بۆ تەواوکردنی مۆزەخانە بەگشتی، ئینجا بڕیارمان دا کە ببێتە چەترێکی نەتەوەیی و موڵکی هەموو رەنگە جیاوازەکان، هەروەها ئێمە وەک یەکێتی شانازی دەکەین کەتوانیمان شوێنێکی واگرنگ بۆ گەلەکەمان بپارێزین، هێرۆخان بەردەوام لەبیرو خەیاڵی ئەوەبوو كەوا پڕۆژەی جوان بۆ ئەم نیشتمانە بنیات بنێ، هەر لەم سۆنگەیەوەبوو کە بڕیارماندا مۆزەی پێشمەرگە لەسەر گیرفانی پێشمەرگەی دێرین و هەندێک لە رێكخستنە دێرینەکان دابمەزرێنین و خۆمان پارەمان بۆ کۆکردەوە، لەدوو مانگی یەکەمی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەتەلەفۆن قسەمان کردو پێم وت پێویستە بتبینم و لەسەر بابەتێکی گرنگ بدوێین، ئەویش وتی هەر ئێستا وەرە منیش کارێکی گرنگ پێتە، کەچووم وتم تۆ کارەکەی خۆتم پێ بڵێ وتی نەخێر تۆ بێڵێ، منیش وتم ئامادەکاریمان کردووە بۆدامەزراندنی مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕێ داعش، یەکسەر وتی رۆڵە منیش هەر بۆ ئەو بابەتە ئەمەوێت قسەت لەگەڵ بکەم، ئیتر پڕۆژەکەمان گەڵاڵەکرد و هەر ئەو رۆژە دەستبەکاربووین، هەر پڕۆژەیەک بۆ خزمەتی گەل و زیندوڕاگرتی مێژووی میللەتەکەمان بوبێت. دوودڵ نەبوو لەجێبەجێکردنی و ئەیگوت دەسپێبکە سواڵت بۆ ئەکەم. ئەمنە سوورەکە هەرمۆزەخانە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی کەلتوری و رووناکبیریشە، چونکە جگە لەهۆڵی سینەما گەلەرییەكی هەیە بۆ کاری هونەری شێوەکاران و کۆفی نێتەکەش زۆر چالاکی هونەری و رۆشنبیری تیادا ئەنجام ئەدرێت و هێرۆخان جاران لە زۆربەی چالاکییەکان ئامادەئەبوو، هونەرمەندان و نووسەران و رۆشنبیرانی بەسەر ئەکردەوەو بەمانای وشە هاوڕێ و پشت و پەنایانبوو.

سیخورمە و خاك و پیشتوانی هێرۆخان

سەبارەت بە دامەزراندنی كەناڵی خاك و گۆڤاری سیخورمە ئاكۆ غەریب دەشڵێت، من یەکێکبووم لە دامەزرێنەرانی ناوەندی خاک، بەدەیان شەو تاکو بەیانی لەگڵمان دەمایەوەو لەسەر وردودرشتی بابەتەکان رایخۆی هەبوو، ئەو دەیویست ئەم پڕۆژەیە سەرەتایەک بێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆ و ئازاد، ئەو باوەڕی وابوو بۆ ئەوەی پێشبکەووین دەبێت رەخنە بنیاتبنێین و رۆژنامەوانی ئازاد دروستببێت، بەردەوام لەناو هەموو توێژەرانی کۆمەڵگەدا تەماسی راستەوخۆمان هەبێت، پێش ئەوەی خاک تیڤی دەست بە پەخش بکات ئێمە گۆڤاری سیخورمەمان بڵاوکردەوە، لەو روانگەیەی کە رەخنە بەزمانی تەنز و کاریکاتیر بێتە ناو رۆژنامەوانی کوردییەوە، بۆیە بەهەموو توانایەوە پشتگیری لەم مۆدێلەی کاری رۆژنامەوانی دەكرد.

مناڵپارێزی كوردستان

لەسەر كارە مرۆیەكانی و هەوڵەكانی بۆ پارستنی منداڵ و گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی وازیان لە خوێندن هێناوە و دامەزراندنی منداڵپاێزی كوردستان و سەنتەرەكانی گەنجان لە شار و شارۆچكەكان، كوردستانی نوێ قسەی لەگەڵ، نوعمان عبدلرحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی منداڵپارێزی كوردستان، كرد و ئەو بەم شێویە باسی هاوكارییەكانی هێرۆخانی كرد و راگەیاند : بیرۆکەی مرۆڤدۆستانەی هێرۆخان بۆ پاراستنی منداڵان، لە یادەوەرییەکی سەردەمی خوێندنی خۆی و وازهێنانی هاوپۆلێکی لێهاتووی بەناوی (زوهره‌) بەهۆی دەستکورتییەوە چەکەرەی کرد ئەم ئازارە لە ناخیدا مایەوە تادوای کارەساتی ئەنفال و بینینی دۆخی سەختی منداڵان لە ئۆردوگاکاندا، بڕیاریدا پڕۆژەیەکی نیشتمانیی بێلایەن دابمەزرێنێت. لێرەوە لە ساڵی 1991، بە هاوکاریی چەند دڵسۆزێک و بە کەمترین ئیمکانیات لە قەڵاچوالان، بەردی بناغەی (رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان)ی دانا، بەو ئامانجەی منداڵان لە ململانێی سیاسی دووربخاتەوە و ژینگەیەکی تەندروستیان بۆ فەراهەم بکات، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونەوە خاتوو شاناز له‌ له‌نده‌ن ‌به‌ ره‌سمی مۆڵه‌تی رێکخراوەکەی وه‌ربگرت تا بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش کاربکه‌ن و  فه‌ندیش په‌یدا بکه‌ن بۆ ناوه‌وەی کوردستان‌.

هاوكاریكردنی منداڵان

ئەو زیاتر قسەی كرد و وتی، لەو کاتەوە بەخششەکانی هێرۆخان بۆ رێكخراوەكە بێ دابڕان بەردەوامبوون، لە ساڵی 1992 گۆڤاری (پەپوولە)ی بۆ منداڵان دەرکرد. پاشان لە ساڵی 1997 پاڵپشتیکرد لە دروستکردنی مەڵبەندەکانی رۆشنبیری منداڵان (کازیوە) لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، رانیە و قەلادزێ و شانبەشانی دامەزراندنی یەکەمین (سەنتەری چالاکی گەنجان)ی لە سلێمانی لە ساڵی 1998 مەبەستی دەرخستنی بەهرەی لاوان، دواتر لە شارەکانی دەربەندیخان، رانیە، کۆیە، کەلار، خانەقین، کەرکوک، هەڵەبجە و شۆڕش، پڕۆژەکانی ئەو سنووری کوردستانیشی بەزاند و لە پاش 2003 لە رێگەی منداڵپارێزەوە خانەی منداڵانی بۆ منداڵە پەرتەوازەکانی بەغداد کردەوە.

وەرگرتنی خەڵاتی ڤاتیكان

ئەو نوعمان عبدلرحمان، دەشڵێت، هێرۆخان هاوکارییەکانی لە رێگەی پرۆگرامەکانی پاراستنی منداڵ، پەروەردە، تەندروستی و گەشەپێدانی توانای گەنجان بەردەوامن، هەندێک لەوانە دروستکردنی ستادیۆمی وەرزشی (هەڵەبجە 2007)، دروستکردنی 4 هۆڵی خوێندن لە زانکۆی کەلار 2008، دروستکردنی یاریگایەک لە شاری کەرکوک 2010، دروستکردنی 5 یاریگای تارتان لە شاری سلێمانی 2011، ئەمە جگە لە دابینکردنی بودجە بۆ قەستەرەی دڵی منداڵان و نەخۆشییەکانی تری منداڵ، بۆ رێزلێنان لەم خزمەتە مەزنە بێ جیاوازییانە لە بواری پێکەوەژیان، مافی مرۆڤ و هاوکاریی کەمدرامەتان، لە 15ی کانوونی دووەمی 2017 خەڵاتی پۆپی ڤاتیکان و بیستەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی (ئەسیسی پاکس)ی پێبەخشرا، وەک یەکەم ژن لەسەر ئاستی عێراق و جیهان لە ماوەی 20 ساڵدا ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت. هێرۆخان هەمیشە وەک سیمبوڵی دایکێکی میهرەبان و سێبەرێک بۆ بێنازانی نیشتمان دەمێنێتەوە.

هاوكاریكردنی نوسەران

ئەمیرە محەمەد نوسەر و یەكێك لەو ژنانەی كە هێرۆخان هاوكار و پیشتوانیبووە لە نوسینەوەی بەشێك مێژووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەو قوربانیانەی داویەتی و تۆماركردن و دۆكۆمێنتكردنی بە كتێب، ئەو بەگێڕانەوەی چیرۆگێك دەستی بە قسەكانی كرد و وتی، لە ساڵی 2007 رۆژێك لە ماڵی هێرۆخان دانیشتبووم و وتی هەستە با بڕۆین، منیش نەم دەزانی بۆ كوێ دەچین و نەشم پرسی بۆ كوێ دەچین پێكەوە رۆشتین و منی برد بۆ ئەمنە سوورەكە، هەرچەندە وەكو پێش راپەڕین دەترسام لەو شوێنە، بەڵام ئەوە یەكەمجاریشمبوو بچمە ئەمنە سوورەكە، ئیتر گەڕاندمی بە ناو ژوور و هۆڵەكانی بیناكەدا كە هاتیشنە حەوشەكەی وتی چیت لاگەڵاڵەبوو، منیش وەڵام داییەوە و وتم لێرەوە هەنگاوێك دەنێم بۆ نووسینەوەی مێژووی یەكێتی، شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، برینداران، كەسوكاریان و قوربانیدانیان، ئەم سەردانەبووە هۆی ئەوەی دەستبكەم بە نووسینی كتێب لەسەر شەهیدا و تۆماركردنی ئەو مێژووە، كە ئێمە چووینە ئەوێ چاكنەكراوبوو بە باشی، بەشەكان جیانەكرابوونەوە بە تەواوەتی و وتم هێرۆخان پێویستە بزانین ئەم ئۆتۆمبێڵ و چەكانە هی كامە وڵاتن، پێویستە بزانین كام وڵات هاوكاری سەدامی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان و لێدان لە پێشمەرگە، لەو رووەوە و پێویستە تۆماربكرێت ئەوەبوو بۆ رۆژی دواتر خوالێخۆشبوو كاك محمود بێسەری چەند پێشمەرگەیەكی نارد بۆ لام ئەوانیش ناوی ئۆتۆمبێلەكان و جۆری چەكەكانیان پێوتم و منیش هەموویم تۆماركرد، دواتر لە یەكێك لە هۆڵەكان چەند مینێكم بینی وتم با لەگەڵ دەزگای كاروباری مین قسە بكەین و بزانین ئەو مینانە چین و جۆرەكانان چییە و كاریگەریەكانی چین، قسەمان لەگەڵكردن و ئەوانیش بە سوپاسەوە هاوكاریانكردین و جاڕنامەیەكی نەتەوەیەكگرتووەكانیان هێنان كە هی قەدەغەكردنی مین بوو بە تایبەتی مینە دژە کەسییەکان، عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ئەو رێكەوتنامەیەی ئیمزاكردووە، ئێمەش گەورەمان كردووە دامان نا، تا ساڵی 2010 من لە كاكردن لە ئەمنە سوورەكە بەدەوامبووم لەگەڵ هێرۆخان، تا بە بڕیاری سەرۆك مام جەلال بوون بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و دواتریش پێكەوە زۆر كارمانكرد و زۆریش هاوكارمبوو زۆر پڕۆژەمان كرد پێكەوە ئەنجامدا، جارواهەبوە لە حەفتەیەكدا سێ بۆ چوار جار یەكمان بینیوە و لەسەر ئەو پرۆژانە قسەمان كردووە.

هێرۆخان و مێژووی كورد و یەكێتی

ئەمیرە محەمەد دەشڵێت، بەهۆی پشتیوانی و هەوڵەكانی هێرۆخانەوە من تا ئێستا 25 كتێبم بە ناوی دیاری ئازادی لەسەر مێژووی یەكێتی، شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، بریندارانی سەنگەر، قوربانیانی شۆڕش و ئەو نامانەی كە لە زیندارنەوە دەرچوون نوسیووە و ئامادەمكردووە و چەندین پێشانگای تایبەتم لەسەریان كردووەتەوە، بەڕێز هێرۆخان ئیلهام بەخشمبووە لە نووسینەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و زۆر سوپاسی دەكەم كە بەردەوام لە تۆماركردنی ئەرشیفی زارەكی و كۆكردنەوەی ئەرشیفی نوسراوی بەڵگەنامەكان هاوكارم بووە، قسەیەكی هێرۆخان هەیە كەپێی وتووم و هیچ كاتێك بیرمناچێتەوە ئەویە رۆژێكیان بۆ كاركردن لەسەر پرۆژەیەك و ئامادەكردنی كتێبێكبوو چووم بۆ لای، ناوەڕۆكی كتێبەكە باسی ئەو زیندانیانە دەكات كە لە شكاندنی ئەمنە سوورەكە لە رۆژی راپەڕین رزگاریانبووە، لەگەڵ زۆربەیان چاوپێكەوتنم كردبوو، پێم وتی بەشێكی ئەوانە یەكێتی نین و یان یەكێتی نەماون و بوون بە حزبی تر، هەروەها لەو كاتەدا زیندانەكە زیندانی لایەنی تریشی تێدابوو، ئەو بەم دێڕە وەڵامی دامەوە و پێی وتم، ئەگەر ئەو كەسە خیانەتی لەم میلەتە نەكردبێت و دەستی بە خوێنی پێشمەرگە سوور نەبووبێت، ئەوا پێویستە باسی ئەوانیش بكرێت و نابێت دەستكاری مێژوو بكرێت و مێژوو بشێوێندرێت، پێویستە مێژوو چۆنە وەك خۆی دابنرێت.

زیاتر پیشانبدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *