بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

سەعدی گچکە سەرکردەیەکی بەور

سامی قادر

رۆژی ٨ / ٣ / ١٩٧٨ چەند ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لەئاسمانی کوردەواری داچۆڕان، ئاسمان گۆڕا و زەوی هەژا، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە دڵیان داخورپا و دوژمن لە شادیا شاگەشکەبوو، شەهید سەعدیش یەکێک بوو لەو ئەستێرانە و دڵە مەزنەکەی، کە پڕبوو لە خۆشەویستی کوردستان و ئامانجی پیرۆزی سەرکەوتن و سەرفرازی چوارپارچەی وڵاتەکەی لە لێدان کەوت. سەرکردەی ماندوو نەناس و کەڵە پیاو، سەرجەم ژیانی لە لاویەتییەوە نەزری کوردایەتی و کوردەواری کردبوو، دوای ڕێککەوتنامەی جەزایر کە بۆ زۆر کەس کارەساتێکی ئەژنۆشکێن و هیوابڕان بوو، لای زیادتر مایەی چەکەرەکردن و باڵابوونی هیوا و دۆزینەوەی ڕێبازی راست و رزگاری گەلە ستەمدیدەکەی بوو. وێرای ئەوەی دوژمن دوریخستبۆوە باشوور و ڕۆژانە بە تەوسەوە دەیانچرپاندە گوێچکەی کە ئیتر ئەو کێشەیەی ئەو خۆ بۆ تەرخان کردبوو بۆ تاهەتای کۆتایی پێهاتووە، بەڵام گڕی خۆشەویستی کوردستان و ئازادی نەتەوەکەی لە دەروونی ئەودا هەر لە کڵپەدابوو، ئەو دەیزانی چ بەڵێنێکی لەگەڵ خاک و باوەڕدا بەستووە بۆیێ گاڵتەی بە عەقڵی ئەوان دەهات و بەبەردەوامی لەگەڵ هاوباوەڕانی لە تەکبیردابوو کە چۆن یەکبگرن و مشوری (ئەسبابی شەڕ پەیداکەن)بوو. دوو دنیای چەند لێک جیاوازە سەعدی بە بڕوا و گوڕوتینتر بەرامبەر شکستە کاتییەکەی، دوژمنیش مەست بە پێکی سەرکەوتنە چۆک دادانەرەکەی. بۆیێ سەعدی گچکەی سەرکردەی ڕۆژە سەختەکان لە ٨ / ٨ / ١٩٧٦ بووەوە میوانی شاخ و دۆڵەکانی کوردستان و مژدەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی دا بە گوێچکەی خەڵک و تۆوی دڵەڕاوکێ و تۆقینی لەدەروونی دوژمنی داگیرکەر چاندەوە. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شانبەشانی هاوڕێکانی توانی متمانە بداتەوە بە کۆمەڵانی خەڵک کە دوچاری پاشاگەردانی هەلومەرجی شکست هاتبوون و بۆیان قووت نەدەچوو، لە میانەی سەردان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جووتیارانی گوندەکان و ڕوونکردنەوەی بیروبۆچوون و بەرنامەی (ی . ن . ک ) و باڵەکانی ناویەوە کۆمەڵێک تێکۆشەری خستە ڕیزەکانیەوە و بەشێکی زۆریشی چەکدارکرد بە بیروباوەڕ، لە رێزی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشدا زۆر بە وردی و کارامەیی ئەرکەکانی وەک سەرکردەیەک جێبەجێ دەکرد.

ئەگەرچی شەهید سەعدی گچکە کادیری سەرکردایەتی باڵی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام هەمیشە وەک پێشمەرگە لە ڕیزی مەفرەزەکاندا کارەکانی ئەنجام دەدا، لە پیادەکردنی بنەماکانی شەڕی پارتیزانی بەرامبەر لەشکرێکی پڕچەک و چەکدارکراو بە تازەترین تەکنەلۆژیای سەربازی زۆر شارەزا و لێزان بوو، لەدیاریکردنی ئەرک و فرمانەکان پسپۆڕێکی لێهاتوو. دیارە سەرکردەیەکی وەک سەعدی گچکە کە تەمەنی لەناو شۆڕشی نوێی گەلەکەمان نزیکەی دووساڵێک بوو، ئەگەرچی ئەمە تەمەنێکی زۆر کەمە دەبینین لەم ماوە کەمەشدا جێ پەنجەی لە هەموو بوارەکان دیاربوو، کە مایەی ئەوەیە دان بەوەدا بنێین کارامەیی و لێهاتوویی ئەم مرۆڤە مەزنە لە بوارەکانی کاری سەرکردایەتی، ڕێکخستن، پێشمەرگایەتی، ئیدارەدان، پێگەیاندن و پەروەردەکردنی دڵ و دەروونی پێشمەرگە و فەرماندەیی کردن لە نواندنی چالاکی بمانگەینیتە ئەو ڕاستییەی کە بڵێین بە دەگمەن لە مێژووی گەلانی دونیا و گەلی خۆشمان کەم وا ڕێککەوتووە تاقە کەسێک ئەرکی کۆمەڵێک کادیری جۆراوجۆر لەخۆ بگرێ و سەرکەوتووانەش بە ڕێوەیان ببات.

کەم نەبەردی هەیە لە سنووری چالاکییەکانی دەشتی هەولێر، دامێن و لۆفەکانی مەسیف سەلاحەددین، وراتی کۆیە، دەشتی کۆیە، خۆشناوەتی، مەرگە و پشدەر شەهید سەعدی ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی بەڕێوەبردنی چالاکییەکەی نەکردبێ بە مەزنترین سەرکەوتن و کەمترین زیان. لە ڕۆژانی ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٩٧٧ لە بناری دێدەوان، نەبەردی حەسەن موترب بە گورزی چاوشکاندنی بەکرێگیراوان و بێ هیوابوونی بەعس دەژمێردرێ. مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ لە ژێر رێنمایی و سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی شەهید سەعدی چالاکیەک ئەنجامدرا، کە لە ڕووی کاری پێشمەرگایەتییەوە بایەخێکی تایبەتی هەیە، کە لە زروف و زەمانێک بەڕێوەچووە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە لەو هەلومەرجەدا لەبەر چەند هۆیەک. ئەگەر سەرکردەیەکی یەکجار کارامە و لێزان و باوەڕ بە حەتمیەتی سەرکەوتن وەک سەعدی گچکە نەبێ مەحاڵە خۆی لەمجۆرە چالاکییە بدات بە تایبەت لەکاتی وەرگرتنی زانیاری بوونی دوژمن شوێن و کات نەدەتوانرا دیاری بکرێت و پێویستی بە پەیجورکردنیان هەبوو، کە ئەمەش بێگومان دەکەوتە دوای نیوە شەوی ئەو ڕۆژە تا سۆراغیان دەکرا بۆ مەفرەزەیەکی سەرەتایی و پارتیزان ئەرکەکە زۆر بە زەحمەت دەکەوێت کە بیەوێت بنەماکانی شەڕی پارتیزانی پەیڕەو لێبکات، بە تایبەت دەبێ دوای ئەنجامدانی هەر چالاکیەک بەلایەنی کەمەوە زیاتر لە چوار پێنج سەعات لەو شوێنە دووربکەوێتەوە بۆ سەرلێشێواندن و خۆلادان لە پەلاماری بێگومانی دوژمن کە ڕاستەوخۆ دوای چالاکیەکە دەستی پێدەکات و هۆیەکانی گەیاندن وەک ئۆتۆمۆبێل و زیل و زرێپۆش لە زەمین و هەلیکۆپتەر لە ئاسماندا لەبەردەستیدا بێشومارە، چجای ئەوەی ڕۆژی پێشتر دوژمن هەر لەبەرەبەیانەوە بە هەلیکۆپتەر کە ژمارەیان لەسەرووی بیست دانە دەبوو گەمارۆی ناوچەکەیان دابوو، هێزی پیادە و زەمینیش ئەو ناوەیان تەنیبوو و ئەگەری مانەوەی لە هەندێک شوێن و کۆتایی نەهاتنی پڕۆسێسەکە هێشتا ڕوون نەبووبۆوە، کە هەڤاڵێکی سەر بە ڕێکخستنەکانی ( ی . ن . ک ) ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەعدی گچکەوە دەکات و پێی ڕادەگەینێ مەفرەزەیەک بەدەزگایەکی بێتەلی کۆڵەپشت و ئەفسەرێکی ئیستخباراتیان لەگەڵ دایە لەم ناوە ماونەتەوە.

بیهێنە بەرچاو مەفرەزەیەکی پارتیزان بەچەکی سووک لە شەوێکی سارد و زوقماوی، هۆی گواستنەوەی تەنیا قاچەکانیان بێ سەرەرای هیلاکی ڕۆژەکەی زیادتر لە چوار پێنج سەعات بکەوێتە پەیجور و دۆزینەوەی مەفرەزەی حکومەت، ئەو شەوە مانگ لە چواردە بوو لەو زستانە سەختە ئەو شەوە یەک پەڵە هەور لە ئاسمان نەبوو لە سەر زەمینێکی ڕووت، ئەمانە هەموو کاری دژواربوون بۆ چالاکیەکە، بەڵام شەهیدی فەرماندە و ڕێبەر بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەزموونی کاری پێشمەرگایەتی و لێهاتوویی خۆی بڕیاری ئەنجامدانی چالاکییەکەیدا، کۆبوونەوەیەکی سەرپێی لەگەڵ شەهیدان محەمەد عەجەم، قادر مستەفا، شاخەوان عەباس، سەیدکاکە ئەنجامدا و دوا بڕیاردرا. دوای دۆزینەوە و دەست نیشانکردنی شوێنەکە. ئەرکەکان  دابەشکران. کاتژمێر ١٢ و ٥٥ خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٨ / ١٢ / ١٩٧٧ دەست بە هەڵکوتانە سەر شوێنی مانەوەی مەفرەزەکەی حکومەت کرا و شەڕ دامەزرا، شەرەکە تا کاتژمێر ٢ و٢٠خولەکی خایاند. ئەم نەبەردیە بە خوێنی محەمەد عەبدوڵڵا خەڵکی سێگردکان کە پێشمەرگەی دەستەکەی شەهید قادر مستەفا بوو کۆتایی پێهات لە مەفرەزەکەی حکومەتیش دووکەس کوژران، ئەوانی تر بەسەری شکاو و پێخاوسی بۆی دەرچوون.

سەرکەوتن لەم نەبەردییە لە کات و زروفی ئەو ڕۆژگارە لوت و چاو شکاندنێکی گەورەبوو بۆ حکومەت و ئەوانەی بوبوونە پێش قەڕەوڵی لەشکری داگیرکاری عێراق، سەرکەوتنێکی یەکجار مەزنی مەفرەزە سەرەتاییەکان بوو هەروەها بێهیوابوون و شکست هێنانی چالاکی سیخوری و سەربازی عێراقی نیشاندا بەوەی ڕۆژی پێشتر زیادتر لە ملیۆنێک دیناریان لە قووتی گەلانی عێراق سەرف کردبوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسێسەک دژی پێشمەرگە و تیایدا مایەپوچ بوبوون و ڕاستەوخۆ دوای هەشت سەعات لە کشانەوەی بەشێک لەهێزەکەیان و چۆلکردنی ئاسمانی ناوچەکە لە هەلیکۆپتەرەکانی، کە بێگومان ڕاشیانگەیاندبوو کە پێشمەرگە بوونی نییە لەم سنورەدا ئینجا مەفرەزەیەکیان بکەوێتە بەر چالاکی پێشمەرگە و تارو ماربکرێن.

بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵێک کادیر و پێشمەرگە بە ناوچەی پشدەرایەتی کەوتنە ڕێ بۆ گەیشتن بە نۆکان. لەسەر زێ هەواڵی بوونی مەفرەزەکەی لە تەک شەهید سەعدی دابوون گەینرابوو بە دوژمن، بۆیێ دوژمن کەوتبووە ئامادەکاری و هەڵبژاردنی کات و شوێن بۆ لەداو خستنیان، لەبەر ئەوەی دوژمن بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر شەهید سەعدی هەیبوو لە بەرئەنجامی چالاکییەکانی لەدژیان کردبووی لە لایەکی ترەوەش گەیشتبووە ئەو ڕاستییەی کە شەڕێک سەعدی گچکەی لەگەڵ دابێت دەبێت دەیان و سەدان حسابی وردی سەربازی بۆبکەن لەبەر ئەوەی ئەم کەڵە پیاوە کێوێک بوو لە ورە وزات و مامۆستایەک بووە لە کاری شەڕی پێشمەرگانە لە دژی تەکنەلۆژیا و ژمارەی بێشوماری دوژمن هەمیشەش لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا دوای وەشاندنی گورزی کەمەرشکێن لە دوژمن سەرکەوتووانە لەشەڕەکەدا دەرچووە.

ڕۆژی ٨ / ٣ / ١٩٧٨ تاریک و ڕوونی بەیانی، واتە لەگەڵ بولێڵ دا لە ئاسمانەوە دووقات بەرامبەر بە ژمارەی پێشمەرگە، کە سەرجەمیان ٤٢ کەس بوون هەلیکۆپتەر کەوتە فڕین بە ئاسمانی دەشتێوی باشووری قەڵادزێ. لە زەمینیش دەیان ناقلە و زرێپۆش سەربازیان گەیاندە نزیکی شوێنی شەڕگە، پێشمەرگە گەورەترین چەکی دەستی بریتیبوو لە ئاربیجی. شەڕێکی نابەرامبەر دامەزرا تا ئێوارە هەشت هەلیکۆپتەر بە هەردوو جۆری ئالیوت و غەزال پێکران و لەمەیدانی شەڕ دوورخرانەوە، چەندین زریپۆش و زیلی سەربازی سوتێنران و زیادتر لە ٤٠٠ ئەفسەر و سەرباز بە کوژراو و بریندار کەوتنە گۆڕەپانی شەڕ بەرامبەر تەنیا بە ٤٢ پێشمەرگە کە چواردەیان شەهید بوون و پێنجیشیان بە برینداری بە دیل گیران ودواتر لە قەسابخانەی موسل لە سێدارەدران. بێگومان ئەگەر بە وردی بڕیاری شەهید سەعدی گچکە جێبەجێ بکرایە وەک نووسەری کتێبی ( یاخی بوون لە مێژوو) ی مەلابەختیار ڕوونی کردۆتەوە، پشتی شەڕگە چۆل نەکرایە و دوژمن نەگەیشتبوایێ، ئەوە بێسێودوو بەرەنجامی کۆتایی شەڕەکە بە پێچەوانەی واقیعی ڕووداوەکە دەبوو پێشمەرگەش بە زیانێکی کەمتر لە چارەکی ئەوەی کە بووە کۆتایی دەهات.

نەبەردییەکی وەک ئەوەی دەشتێو، کە بە خوێنی سەرکردەی بەور، فەرماندەی هەرێمی هەشت، شەهید سەعدی عەزیز ناسراو بە سەعدی گچکە و فاروق سەدیقی کادیری پێشکەوتوو و ڕێبەری سیاسی هەرێم و دوانزە پێشمەرگەی تر، تۆمارکرا بە پیتی زێڕین لە سەروەرییەکانی گەلەکەمان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لەمێژوودا تۆمار دەکرێ و هەر بە زیندوویش دەمینێتەوە.  ئەم وتارە لە ٣ / ٣ / ١٩٩٨ نووسراوە.

زیاتر پیشانبدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *