پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین بە حەوت ساڵ زیندانی سزا درا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عیراق رایگەیاند، دادگای تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناوەندی بە غیابی، سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ عەممار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشوی سەلاحەدین دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و زیادبوونی گوماناویی سەرمایەکەی.
دادگا جگە لە سزای زیندانیکردنەکە، بڕیاری داوە بە سەپاندنی سزایەک بە بڕی یەک ملیار و 728 ملیۆن و 74 هەزار دینار، کە هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ بڕی ئەو سەرمایەی بە ناڕەوا بەدەستی هێناوە، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی هەمان بڕە پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەپێی یاسای هەموارکراوی دەستەی دەستپاکی.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، نە گەڕاندنەوەی پارەکە و نەدانی سزاداراییەکە، لەدوای بەسەرچوونی ماوەی زیندانییەکەشی نابێتە هۆی ئازادکردنی تۆمەتبارەکە لە حالەتی دەستگیرکردنیدا، تاوەکو تەواوی بڕە پارەکە نەگەڕێنێتەوە.
هەروەها دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبارەکە و هاوسەرەکەی پەسەند کردووە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی کوڕەکەی.





