کێشەی گێڕانەوە، لە بیرەوەری مێژوویدا
هەوراز محەمەد
رەخنەی سەرەکی لە فەلسەفەی مێژوو، ئەوەیە تەنها رووداوەکان بە شێوەیەکی ئەبستراکت و لە وێنەیەکی گەورەدا تۆمار دەکات. هەندێکجاریش رەخنە لە مێژوو ئەوەیە، کە دەسەڵات دەینوسێتەوە. دەسەڵاتێک کە سەردەمێک دواتردا دەبێتە دەسەڵات، کە مەرج نیە لە چرکە ساتەکانی رووداوەکاندا ئەو دەسەڵات بووبێت یان توانایی هەبووبێت.
لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا بیرکردنەوە لە نووسینەوەی مێژووی تاکەکەس، خۆی وەک جێگرەوەی زانستی مێژوو وێنا دەکات و ئارگۆمێنتی ئەوە پێشکەش دەکات، کە رووداوە بچکۆلەکان دێنێتە گۆ، کە توانیوویانە فاکتەری روودانی رووداوە گەوەرەکان بن. جگە لەمەش ئەگەر لە زانستی مێژوودا ژیانی حەقیقی تاک لەناو چیرۆک و رووداوەکاندا نائامادەیە، ئەوا لەم جۆرەی تری مێژوونووسینەوەدا پێچەوانەیە و ژیانی تاکەکانی تیادا دەنووسرێتەوە هەڵبەتە، بەمەش دەگوترێت (بیرەوەریی). بیرەوەرییش دوو جۆرن، جۆرێکیان یاداشتی رۆژانەن، کە دەنووسرێن و سەردەمانێک دواتر کۆدەکرێنەوە و سەرلەنوێ دەنوسرێنەوە، جۆرێکی تریشیان ئەوەیە یاداشت نەکراوە و سەردەمانێک دواتر بەناوی بیرەوەرییەوە دەنووسرێنەوە.. ئەم وتارە هەوڵدەدات لە دیدگایەکی زانستییەوە شیکاری بیرەوەری بکات.
لەراستیدا بۆ تێگەیشتنی تەواوەتی چیرۆک و رووداوەکان، هەردوو جۆرەکە (زانستی مێژوو، بیرەوەریی) گرنگن و زیاتر دەتوانن هاوکاربن بۆ تێگەیشتن و شیکارکردن، بەڵام وەک چۆن رەخنە لە زانستی مێژوو هەیە ئاواش رەخنە لە بیرەوەریی هەیە. بگرە گەلانی زیندوو کەلێنە پڕ نەکراوەکانی ناو مێژوو، بە ڕۆمان و فیلمی سینەمایی مێژوویی پڕ دەکەنەوە.
رەخنەی هەرە جدی و زانستی لە روانگەی دەروونناسیەوەیە و بەپێی تێگەیشتنی تێۆری شیکاری دەروونی کەسایەتی، مرۆڤ هەر کات بەر رووداوێک دەکەوێت هەرگیز وەک رووداوەکە خۆی بەر رووداوەکە ناکەوێت، بەڵکو لە روانگەی گەشەی کۆمەڵایەتی کەسێتی (هزری، هەستەکی، پێگەیشتوویی) بەر رووداوەکە دەکەوێت، واتا لە روانگەی خۆیەوە رووداوەکە دەبینێت و لە دەرەنجامی پرۆسێسە دەروونی و دەمارییەکانی مێشکی خۆیەوە رووداوەکە لەناو یادەوەرییدا تۆمار دەکات.
دەروونشیکاری کەسێتی ئەم دۆخە وا دەبینێت، کە ئەوەی مێشک لە خانەکانی کۆکردنەوەی زانیاریدا تۆماری دەکات، خودی رووداوەکەیە، بەڵام لەناو بۆتەی هەڵوێستێکی ویژدانیی تاکەکەسیدا لەبارەی رووداوەکەوە. ئەمەش ئەو دۆخەیە کە، لایەنگیری و هەڵوێستی پێوە تۆمار دەبێت. ئاشکرایە بەپێی سەلماندنەکانی دەروونناسی وەک چۆن پەنجەمۆر و بیلبیلەی چاوی هیچ دوو کەسێک لەیەک ناچێت، ئاوهاش هیچ دوو مرۆڤێک نیە کەسێتیان وەک یەک بێت، چونکە فاکتەرەکانی دروستبوونی کەسێتی لێکجودان. هەر بۆیە تۆماری رووداوەکانیش بەجۆری جیاواز لە دەروون و یادەوەریدا دەچەسپن.
هاوتای ئەم دۆخەش لەبەرئەوەی لایەنی دەماریی مێشک دۆخێکی هەیە، کە خانەکانی تۆماری یادەوەریی بەپێی تێپەڕین کات تووشی پوکانەوە دەبن، بۆیە گرفتی بیرچوونەوە روودەدەن. مێشک پرۆسێسی تایبەت بەخۆی بۆ ئەم دۆخە هەیە ئەویش پێچانی رووداو و زانیارییەکانە لەیەکتر و لە هەڵوێستی تری کەڵەکەبوو، کەدواتر و دوای تێپەڕینی کات ئەم رووداوانە بیردێنەوە، تەنیا خودی رووداوەکە نیە، هێندەی هەڵوێستی ویژدانییە لەبارەی رووداوەکەوە. هەر بەپێی دەروونشیکاریی کەسێتی تاک، وەک چۆن لە چرکەساتی رووداوەکەدا تاک وەک خۆی رووداوەکان نابینێت، چونکە دەروون پێشخانی هەیە، ئاوهاش لە دوای تێپەڕینی کات بەپێی (هەڵوێست، بەرژەوەندی، بیرچونەوە، وردە گۆڕانەکانی کەسێتی، گۆڕانی بیروباوەڕ) کاریگەری لەسەر گێڕانەوە دەکەن و ئەمەش پاشخانی کەسێتیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی رووداوێک.
هەر بۆیە بەپێی دەروونناسی (بیرەوەریی و یادگاریی و گێڕانەوە)، ناتوانن ببنە جێگرەوەی زانستی مێژوو. بەڵام پێکەوە هاوکات لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا بێ دەستکاری و شاردنەوە و رتووشکردن، دەتوانن تێگەیشتنی تەواوەتی بخوڵقێنن و بەتایبەت بۆئەوەی توێژەرانی مێژوویی بتوانن شیکاریی ئەنجامبدەن.
یەکێک لە گرێ دەروونیەکانی دەستەبژێری کورد، بۆ تێگەیشتن لەمێژووی خۆی و گەلەکەی کەمی و بەردەست نەبوونی سەرچاوەکانە، لەسەر مێژووی کورد، لە مێژووی دێرین تا مێژووی هاوچەرخ. دەکرێت هەر ئەم گرێ دەروونییە بەجۆرێک ببێتەوە بە پاڵنەر بۆ کارکردن لەم کایەیەدا و هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی مێژوو. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین هەڵوێستەیەک لەمەڕ دیاردەی نووسیینەوەی بیرەوەریی و هێنانەوە بەر باسی مێژووی نزیک و هاوچەرخ بەتایبەت لای کارەکتەرە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی کورد، بکەین.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندین کتێب و پرۆگرامیی تەلەفزیۆنی و بەرنامەی دۆکیومێنتاری لە میدیا و هەژمارە ئەلەکترۆنییەکانی سۆشیالمیدیادا ئامادە و بڵاوکراونەتەوە و بەردەوام بڵاو دەبنەوە و خەریکە دەبێتە شەپۆلێک و سەرجەم تۆڕەکانی میدیا جەماوەرییەکان دەتەنێت و لەبەر گەرم و گوڕی باس و خواسەکانیش دەبنە رۆژەڤ و خوان. هەڵسەنگاندن بە باشە یان خراپەی ئەم دیاردەیە رەنگە ئەرکی ئەم نووسینە نەبێت، بەڵکو دەکرێت شیکاریی و خستنە رووی هەندێک دۆخ بهێنینە بەر باس، کە دیاردەکە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت:
یەکەم:
هەموو کەس مافی گێڕانەوەی هەیە، بەڵام ئایا هەموو کەس دەتوانێت لەگێڕانەوەدا راستگۆ بێت؟!
لەبەرئەوەی زۆرینەی ئەو بڵاوکراوانەی لەم ماوانەدا پەخش دەبن، سیاسین و زۆرینەیان لەبارەی مێژووی هاوچەرخی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش لەبارەی بزوتنەوە شۆڕشگڕییەکانی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلولن و بەتایبەتتریش لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. لە ئێستای کۆمەڵی کوردەواریدا کەسانێک بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئایکۆنی چاکە نیشان بدەن، خۆیان دوور لە حیزب و سیاسەت دەگرن و ئەگەر پاشخانێکی سیاسیشیان هەبێت، نەفرەتی لێ دەکەن تاوەکو قبوڵی کۆمەڵایەتی و زۆرینە بەدەست بێنن، کە خۆی ئەمە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیە. هەر بۆیە گەر بەچاوێکی ورد تەماشای ناوەڕۆکی زۆرینەی نووسینەکان بکەین و کۆی گشتی پرۆسەی بەیانکردنەکە بکەین، بەم دەرەنجامانە دەگەین:
- گێڕانەوەکان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئێستایی بەرهەمهاتوون، پێوەری دونیای ئێستای دوای شۆڕش بەکاردەبرێت بۆ پێوانەکانی سەردەمی شۆڕش و خودی بزووتنەوەکە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش زیاتر هەڵسەنگاندنە نەک گێڕانەوە، خوێندنەوەیە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە نەک بینینی رووداوەکان وەک خۆی.
- داماڵینی بزوتنەوەکەیە لە بیری شۆڕشگێڕی و وێناکردنیەتی وەک بزوتنەوەیەکی چەکداری بێ ئایدۆلۆژیا و بێ پرەنسیپ، کە دۆخی سایکۆلۆژی و تەنانەت (دۆخی سایکۆپاتی کارەکتەرەکانی بەڕێوەبەرێتی بزوتنەوەکە) بردویەتی بەڕێوە، هەروەها وێناکردنی وەک دەستەیەک مرۆڤی شاخاوی قین لە دڵ، کە جگە لەوەی خەریکی خۆخۆری و شەڕی یەکتر لەناوبردنن خەریکی هیچی تر نەبوون.
- ئەگەر لە شوێنێکیش باسی فیکر و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی کرابێت، زیاتر تەرکیز لەسەر نوسینە نهێنی و بەیاننامە و هەڵوێستنامەکانە، کە لەسەر یەکتر نووسراون و بڵاوکراونەتەوە.
- چڕکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر ئایکۆنە باڵاکانی بزووتنەوەکان و وێناکردنی یەکتر وەک خواوەندی شەڕ و دیوی تاریک.
- شەهیدەکان قوربانین و دەکرا خۆیان بۆ ئەمانە بەکوشت نەدایە.
دووەم:
کردارەکان، بەر لە رووداوەکان گوفتاربوون، گوفتارەکانیش سەرەتا بیرکردنەوە بوون، بیرکردنەوەش دروستدەکرێت!
ئەم دۆخەی لە ئێستادا میدیا جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستانی تەنیوە، دۆخێکی تەندروست نییە، هێندەی پەرچەکرداری نێگەتیڤ بە ئاڕاستەی دژە شۆڕش و هێندەی تر کاڵکردنەوەی ئینیما بەرهەمدەهێنێت. بەڵکو دۆخێکی سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی لای جەماوەر بەرهەمهێناوە، کە ئەم دۆخە ناهەموارەی حوکمداری لە کوردستان و ئەو ناعەدالەتیەی هەیە هەر بەرهەمی ئەو بەناو شۆڕشەیە! ئەمەش پەشیمانیی و نیگەرانیی لای شۆڕشگێڕە راستەقینەکان دروستکردوە و بۆ گەنجانیش هەست و بیرکردنەوە لەوەی (بەعس باشتر بوو لەمان!)ی بەرهەمهێناوە. ئەم ئاماژە سەرەتاییانە بەرەو کوێمان دەبات:
- گەنجانی خوار تەمەن (٣٥) ساڵ زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پێی ئامارە فەرمییەکان وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم پێک دەهێنن بە نزیکەیی (٦٠%)ی دانیشتوان، ئەم تەمەنەش کەسیان دۆخی ژیانی بەر لە راپەرینیان بە شێوەی هۆشیاریی تیادا ژیان، بیرنایەت. بۆیە تەنها لە رێی گێڕانەوە و دەرەنجامگیریی، رابردوو دەخەمڵێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەوەی میدیا بەرهەمی دەهێنێت ئاسانتر دەبێتە بیرکردنەوە و لە ئێستادا بووە و ئەسڵەن بوونتە گوفتار و پێشبینیەکانیش بۆ بوونیان بە کردار جۆراو جۆرن.
- ئەم دۆخەی، کە دروستکراوە بەتێگەیشتنی ورد لێی ئامانجدارە و یەک رەوت و بزوتنەوەی بەئامانج گرتووە، ئەوەش ئاشکرایە کە یەکێتیی نیشتمانییە، ئەگەر یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت یەکێتی هەر لە بوونیادەوە لەسەر بنەمای جیاوازیی دروستبووە و دەستەبژێری ناو یەکێتی خەڵکانێکی رامنەکراون و بەردەوام لە وێستگە جیاوازەکاندا راو رەخنەی خۆیان هێناوەتە سەر زار و نووسین، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا لە ئارادایە، ئێستا و رابردوو و داهاتووی بزووتنەوەکە دەسوتێنێت. خۆ ویستانەبێت یان خۆ نەویستانە وێنای یەکێتیی لە بزوتنەوەیەکی نیشتمانیی و خاکپارێزەوە دەگۆڕێت بۆ رەوتێکی چەکداریی خاوەن ململانێی نێوخۆیی و یەکتر قڕکەری بێ بیرکردنەوە..
- بیرکردنەوەی باوی بەرهەمهاتوو (ئەمانەی ئێستا بەرهەمی ئەو رابردوەن، جاران ئاوایان کردوە، ئەی ئەگەر لە داهاتووشدا هەبن چیترمان بەسەر دێت، بۆیە پێویستە بە هەر نرخێک بووە رابماڵرێن!!) زۆریەنی ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن گەنجانن، گەنجانیش بیرکردنەوەکانیان بە سەدان رێگا بۆ دروستکراوە!
سێیەم:
مێژوو، بیرەوەریی، بەڵگەنامەکان، دەبێت ببنە کەرەستەی توێژینەوەی زانستی، بۆ بەرهەمهێنانەوەی بیر و سوود لێوەرگرتنەوە. ئەگەر لە رابردوو هەڵەیەکی ستراتیژیی کراوە، بکرێتە وانەیەک بۆ ئەوەی دووبارە نەکرێتەوە. نەک ئەوەی ئێستا هەیە، بە هەموو لایەک خەریکی دادگایی مێژووی خەباتن و لە ئێستاشدا هەمان هەڵەکانی مێژوو بە خراپتریشەوە دووبارە دەکەنەوە! بە تێگەیشتنی زانستی دەروونشیکاری، بیرەوەییەکان نابنە سەرچاوەی سەرەکی نووسینەوەی مێژوو، هەرواش ناکرێت لەسەر ئەو نووسینانە وێنای ژیانی رابردووی خەباتی گەلێک بکرێت و رووناکی بیری تێکۆشان لە هزری گەنجاندا بکوژێنرێتەوە. لەم سۆنگەیەوە هەق وایە تێکۆشەرانی دێرین بەچاوێکی وردتر و دونیابینییەکی فراوانترەوە ئەم رەوشە لەبەرچاو بگرن. چیتر خۆیان و بزووتنەوەکەیان و خەباتی گەلێکی ستەمدیدە نەخەنە ژێر پرسیارەوە و داهاتووی خۆیان و گەلەکەشیان بە نائومێدی نەسپێرن!




