لە ساڵیادی شەهیدان، مامۆستا سەیفەدین و جەلیل گەڵاڵی-دا

ساڵی 1982 لە هەمووكاتەكانی تر زیاتر جوتیارەكانی شارەزوور لە خۆشحاڵیدا ئەژیان و بەپەرۆشەوە لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەڕوانی، لەبەرئەوەی رژێمی بەعسی دوژمن بە گەلی كورد و جوتیارانی كوردستان، لەو ساڵەدا سەرقاڵییەكانی چڕببۆوە بە شەڕی عیراق-ئێرانەوە، زەمینەیەكی باشتر و فراوانتر بۆ شۆڕشی نوێخواز رەخسابوو كە بە ئاسانی پێشمەرگە و كادرەكانی سەردانی جوتیار و گوندنیشنەكانی زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بكەن، بەتایبەت كە كادرەكانی ئەو شۆڕشە لە ناخی جوتیارەكانەوە هەڵقوڵابوون، جوتیار و گوندنشینەكانی كوردستان پێشمەرگە و شۆڕشی نوێی بە فریادڕەس و پەنای خۆیان دەزانی تا لە دەسەڵاتی رەشی رژێمی بەعس رزگاریان بكات و مەترسیی راگواستنیان لەسەر نەهێڵێت و تا ئەبەد لە زێدی باو و باپیرانیان بە ئازادی بژین.
لەو ساڵەدا، جوتیار و كادر و پێشمەرگەكان بە ئازادی دەست لە ملانی یەكتری بوون، هەموو سەرقاڵی داڕشتنی پلانی بەرگریكردن بوون لە ناوچەكە، لە گەل و نیشتمان و هەروەها بۆ بەدیهێنانی خواستی جوتیارەكان، بەتایبەت كادرەكان كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەمیشە لە سەردانی ماڵە جوتیارەكاندا بوون و كۆبوونەوەی تایبەت و فراوانیان سازدەدا و جووتیارەكانش بە ئەوپەڕی شانازییەوە پێشوازیان لێ دەكردن و تامەزرۆی هەواڵ و روونكردنەوەی رووداوەكانیان لێدەكردن، لەنێویاندا، هەردوو كادری لاو و دڵسۆزی شۆڕش و جوتیارەكان، مامۆستا سەیفەدین هاواری كاكەیی و جەلیل حەمە فەرەج گەڵاڵی بوون كە بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتیكردنی رێكخستن و هۆشیاری جەماوەری سنووری شارەزووریان پێ سپێردرابوو لە سنووری هەرێمی یەكی ئەوكاتە و دواییش مەڵبەندی یەك، لە ئەنجامی سەردان و بەسەركردنەوەی ماڵە جوتیارەكاندا و لەدوا مانگەكانی بەهاری ساڵی 1982، زۆر بەپەرۆشەوە بەناوچەكەدا دەگەڕان و زۆربەی ماڵەكان دەچوون و كۆبوونەوەیان لەگەڵ خەڵكەكەدا دەكرد، بەجۆرێك ببوون بە بەشێك لە ئەندامانی خێزانەكانی سنووری شارەزوور، ئەگەر چەند رۆژێك دیار نەبوونایە، جوتیارەكان خۆیان بەهەڵەداوان بەدوایاندا دەگەڕان و لێیان دەپرسینەوە.
بەهۆی چالاكی و پەیوەندیی بەتینی ئەو دوو كادرەوە لەگەڵ جوتیارەكان، دوژمن پیلانی لەناوبردنیانی دانا، ئەوەبوو دەزگاكانی ئەمن و ئیستخباراتی ناوچەی شارەزوور و زەڕایەنی ئەوكاتە پیلانەكەیان جێبەجێ كرد، رۆژی 21/6/1982 بە رێنمایی كەسێكی دیاری خۆفرۆشی كورد و بە دەستی سیانی دیكە، ئەو دوو كادرەدا دڵسۆزەی كورد، لە ماڵێكی دێی قازاوی سەرچەمی تانجەرۆدا، شەهید كران.
بەوكارە تاوانكارییە، ئەو رۆژە سەرجەم جوتیارەكانی كوردستان و ناوچەی شارەزوور و دێی قازاو رەشپۆش و دڵ پڕ لەئێش و ئازار بوون، لەیەكەم ساتی بیستنی شەهیدكردنی ئەو دوو كادرە، سەرجەم دانیشتووانی ناوچەكە شڵەژان و بەوپەڕی خەمخۆرییەوە بەرەو شوێنی تاوانەكە چوون، تەرمەكانیان ئامادەكرد و بەبێ گوێدانە هەلومەرج و كاردانەوەی بەعس، لە گوندی ئالان و حاصل بەخاكیان سپاردن و پرسەیەكی شكۆداریان بۆ دانان كە لە هەموو شوێنەكانی كوردستانەوە، خەڵك بەشدارییان تێداكرد.
ماوەتەوە بڵێین، سێ لە تاوانبارەكان بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنران، ئەوەی دیكەشیان بە رسوایی و شەرمەزارییەوە، رۆژەكانی ژیانی بەڕێدەكات.
شەهید جەلیل گەڵاڵی
شەهید جەلیل حەمە فەرەج- جەلیل گەڵاڵی، لەدایكبووی ساڵی 1957ی گوندی (كانی پانكەی خواروو)ی شارەزوورە، ساڵی 1979 ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی تەواوكردووە.
ساڵی 1978 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە، رۆژی 21/6/ 1982 لە گوندی (قازاو)ی شارەزوور، شەهید كرا.
شەهید مامۆستا سەیفەدین
شەهید سەیفەدین عەلی كەرەم- مامۆستا سەیفەدین هاواری، لەدایكبووی ساڵی 1957ی گوندی (هاوار)ی هەڵەبجەیە، ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1978 كە خوێندكاری قۆناغی سێیەمی خانەی مامۆستایانی سلێمان، بوو بە پێشمەرگە، مانگی 10ی هەمان ساڵ لە سەركردایەتی خولی كادیرانی تەواوكردووە و دواتر گەڕاوەتەوە ناوچەی شارەزوور و وەك كادیرێكی سیاسی كاری كردووە، رۆژی 21/6/ 1982 لە گوندی (قازاو)ی شارەزوور، شەهید كرا.




