بافڵ جەلال تاڵەبانى و شاسوار عەبدولواحید لە بەغدادن

پووختەى هەواڵ
- یەکێتى و نەوەى نوێ دەیانەوێت پەیوەندییەکى هاوسەنگ و بەهێز لەگەڵ بەغداد هەبێت.
- هەردووکیان لە پڕۆسەى سیاسیى عێراقدا خاوەن پێگە و گوێ لێگیراون.
- پێش سەردانەکە بافڵ جەلال تاڵەبانى جارێکى دیکە ڕەتیکردەوە دان بە دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان بنێت.
پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ گەیشتنە بەغداد و پێکەوە لە فڕۆکەخانە دەرکەوتوون.
یەکێتى و نەوەى نوێ
- لە مانگى تەمموزەوە هاوپەیمانیێکى گرنگیان واژۆ کردووە.
- لە هەرێمى کوردستان و بەغداد پێکەوە یەک سیاسەت و بەرنامەیان هەیە.
پێش سەردانەکەى پەیامى نارد
هەرچەندە ئەجێنداى سەردانەکەیان بۆ بەغداد ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێش ئەوەى بڕۆن، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پانێڵى دەستپێکى کۆڕبەندى ستراتیجیی سلێمانى ڕایگەیاند، ئەوەى لە پەرلەمانى کوردستان ڕوویدا داڕمانێکى سیاسیى گەورە بوو، جەختیکردەوە دان بەو پەرلەمانەدا نانێن.
دواتریش لەبارەى بانگەوازەکەى بارزانى، بە ڕۆژنامەوانانى گوت “ئەو پەیامە بە بۆچوونى ئێمە و دوای دیراسەیەکی دوورودرێژ جددی نەبوو”.
جووڵەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى و شاسوار عەبدولواحید دواى زیاتر هەفتەیەک لە هەڵبژاردنى دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هات، کە تێیدا یەکێتى، نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتوو بایکۆتیان کرد.



