سەرۆک بافڵ: ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان روویدا لەبیرناکرێت

کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی دەستیپێکرد و قوباد تاڵەبانی وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەی پێشکەشکرد و لەیەکەم گفتوگۆشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئەو رووداوەی رۆژانی پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان روویدا بێڕێزی و پێشێلکاری بوو بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و لەبیرناکرێت.
قوباد تاڵەبانی لە وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا وتی: هیوادارین گفتوگۆکانی ئەم کۆڕمەندە یارمەتیدەربن و بەرچاوڕونیمان بدەنێ لەسەر چۆنییەتی روبەرووبونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی روویان لە ناوچەکە کردووە، سلێمانیش باشترین شوێنە بۆ ئەم گفیوگۆیانە، هەم لەرووی کلتور و لەرووی جوگرافیاشەوە هەمیشە ئاماددە بووە بۆ گفتوگۆ و رەخنەگرتن و گوێگرت، لەوانەش گرنگتر هەمیشە ئامادەی روبەروبونەوەی زوڵم و زۆرداری و نەهامەتی و غەدر بووە.
دواتر لەیەکەم گفتوگۆدا کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێیدا بەشداربوو، رایگەیاند: هاوڕای قسەکانی تۆم باراکم و حکومەتی هەرێم دەبێت بەتەواوی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
وتیشی: ئەوەی لەم دواییانە لە پەرلەمانی کوردستان روویدا هەنگاوێک بوو بۆ تێکدانی دۆخەکە و ئاڵۆزی کرد، ئەوەی لە رۆژانی پێشوو روویدا لەبیر ناکرێت و بێڕێزی و پێشێلکاری بوو بەرامبەر پەرلەمان و رای خەڵک و پەرلەمان کرایە مەیدانی بازرگانی بە راو دەنگی خەڵکەوە، لەهەر وڵاتێکی تر روویبدایە ئەنجامدەرانی دەخرانە زیندانەوە.



