قەتەر: هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەوپێشچوون

تاران داوا لە واشنتۆن دەکات وەڵامی پێشنیازەکانی بداتەوە لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ. نرخی نەوتیش لە دابەزیندایە، چونکە گەشبینییەک هەیە بۆ نزیکبوونەوەی چارەسەری ململانێکە.
مەرجەکانی ئێران و بنەمای چارەسەری کێشەکان
دوێنێ، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بە دەنگ پێشنیازی ئێرانەوە بچێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی هەشت مانگە بەردەوامە.
عیراقچی ئاماژەی بەوەکرد، ململانێ لەگەڵ ئێران ناکرێت لە رێگەی ئامرازی سەربازیی، یاخود توندکردنی سزاکانەوە چارەسەربکرێت، بەڵکو تاکە چارەسەر ئەوەیە پشت بە دیپلۆماسییەت ببەسترێت و داواکارییەکان و مەرجەکانی ئێران تاووتوێ بکرێن، کە لە «پێشنیازی دوو رۆژەدا» هاتووە و تائێستا لەبەردەستدایە.
ماوەیەک لەمەوبەر تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازی بۆ ئەمریکا کرد لەگەڵ گەیشتنە رێککەوتن لە ماوەی دوو رۆژدا گەرووی هورمز بکرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی واشنتۆن قایل بێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات و سزاکان هەڵبگرێت و ئابڵوقەی دەریایی سەر بەندەرەکانیش بوەستێنێت



