مەكۆكە

رەهبەر سەید برایم
مەكۆكە شوێنێكی سەخت و عاسێ یە، كەوتۆتە گوندی (كەڵەشێرە)ی سورداش، شوێنكیی بەردەلانی زل و گابەردی گەورەگەورە دەورە دراوە، وەك هۆڵ و مۆڵ گەوڕی ماڵات وایە، چونكە دەتواندرێت بە دەرگا دابخرێت، ماڵات تێیدا دەحەوێتەوە، نزیكە لە ئاوی قامیشە و كانی لۆكە، بەرامبەر (كانی شێخەڵڵا)سەرەتای چەمی رەزان، كەوتۆتە ناو چەمی بەردەفەقێ و ڕێگای عەسكەر و سۆتكە و مایلە، پاش ئەنفالەكانی (1 و 2 و 3 و 4)پارتیزان و قارەمانەكانی خاڵخاڵان یەكەم شەڕیان بەناوی (مەكۆكە) تێیدا تۆماركرد لە ڕۆژمێژووی 5/7/1988.

پاش ئەنفالەکانی دۆڵی جافایەتی و گەرمیان و قەڵاسێوکە و شێخ بزێنی و دەشتی کۆیە ئێمە پۆلێک پێشمەرگە بووین مابووینەوە، درێژە بە خەباتی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی بدەین بە وێرانی و بێ ئاوەدانی. وەكو تیپی 25ی خاڵخان ئەوكات سەرتیپی 25ی خاڵخاڵان بووم. مانەوە لە پاش ئەنفالەکان گرنگیەکی تایبەتی خوی هەبوو لە خاکی سووتاوو بێ ؟ و کیمیاڕێژکرا و داگیرکراو پڕ لە دوژمن، هەروەك لە مانەوەو و خۆڕاگرتنمان لە ژیانی پارتیزانی نەوشیروان مستەفا ئەمین جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)و سكرتێری كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بەڕێگای ڕێکخستن نامەیەکی ئاڕاستە کردین کە دەقی نامەکەتان لەبەرچاوە.
ئەوسا من فەرماندی تیپی 25ی خاڵخاڵان بووم ، مام عەلی بچکۆل لێپرسراوی عەسکەری مەڵبەندی دووی کەرکووک بوو، كە تیپی 21ی كەركوك و 25ی خاڵخاڵانی دەگرتەوە، بەڕۆژ لە چەم و کانی و ڕەز و دارستان خۆمان دەشاردەوە بەشەویش دەگەڕاین بەدوای نان و خۆراکدا ، بژێومان خواردەمەنی بەجێماو و حەشاردراوەكان لەكون و كاژێر و پەنا و ئەشكەوتان، لەگەڵ گوێچكەنانی ڕەق بۆوە و فڕێ دراو، پێی دەژیان و خواردنمان بەدەردیسەر پەیدادەكرد، چونكە ئاوەدانی نەبوو خەڵكی گوندەكانی سنوورەكە ئەنفالكرابوون (نانی مەردان، لەبن بەردان!، لەخاكی سوتماك، چۆڵ و بێ خۆراك) وەك دەڵێن: خۆ مار نەبووین بە گڵ بژین. دژمن هەستی بە ئێمە کرد کەوتنە پیلاندانان و دۆزینەوەمان بەمەبەستی لەناوبردنمان.
ڕۆژانە هەلیکۆپتەر و پیلاتۆز لە ئاسمانی ناوچەکەدا گڕەیان دەهات، هێزێکی تایبەتیان درووستکرد لەو خۆفرۆشانە خەڵکی ناوچەکەنە و شارەزان، لەو چەکدارانە لەگەڵمان بوون لە ژیانی پارتیزانی و خۆشاردنەوە ڕادەست ببوونەوە شارەزای حەشارگە و شێوەی ژیان و باری دەروونی و چۆنیەتیی گوزەرانمان بوون.
ئەو هێزە تایبەتییان کردە گەڕۆک لە شوێنە بەرزەکان بە دووربین چاودێریان دەکردین دووکەڵ و جوولانەوەمان بە وردی شوێن پێ و جێ ئاگردان و جێی حەوانەوەمان دەگەڕان پێشتر مەفرەزەیەکیان دی بووین بە دووربین ئەوسا پڕچ و ڕیشمان هاتبوو وایان زانیبوو کچین و نیچیری نەرمۆڵەین، سەر بەحزبی شیوعین!
ئەو مەفرەزەمان بە ئەرک ناردبوو بناری خاڵان بۆ پەیداکردنی نان و سۆراغی دوژمن و دابینکردنی شوێنی ئەمین، مەفرەزەکەش ئەو تێکۆشەرانە بوون:(شەهید حەمە تایەر -تەکیە ،حەمە هەڵدێر-کۆیە، ئاراس عومەراغای كانی هەنجیری برایماغا – شەماڵ شێخ حسێن-چەمچەماڵ).
هێزی دوژمنی گەڕۆک بەردەوام لە شوێنی پێ شک و نزیک کانی و ئاو بۆسەیان دادەنایەوە بەتایبەتی لە (تاڤگەی بافڵ)لە خۆڕا تەقەیان لەبن بەرد و ئاو و ئەشکەوت و پەنا و ناو چەم و دەرزی شاخ و بن بنچک دەکرد، پووش و دار و دەوەنیان دەسووتاند.
کون و کەلێن و پەنا و ئەشکەوت بن دار و بەرد و دارستانیان دەپشکنی، چەندان جار گوێیان لە دەنگ و بانگیان بووە لەناو چەم و دارستان خۆمان ئاشکرا نەکردووە لە بار و بەسەرکەوتنمان نەزانیوە بۆ شەڕ، شەوانە دەمانەوە دابەش دەبوون بەچەندین قۆڵ هەگبەی پڕ خواردن و تەقەمەنی تەواو نیشانەی پەڕۆی سووریان پێوە بوو بۆ یەکتر ناسینەوەیان.
پاش ئەوەی شوێنی خۆمان گواستەوە، شوێنەواری پێشوویان دۆزینەوە لەبەرە بەیانی 1988/7/5 لێمان نزیکبوونەوە لە (کانی شێخەڵڵا) بەرامبەر ئێمە خڕبوونەوە، ئێمەش بڕیارمان دابوو تا وەکو نەیەنە بەر لوولەی تفەنگ تەقەیان لێ نەکەین خۆمان تووشی شەڕی خۆ فەوتێن نەکەین، گەر تووشی شەڕ بووین شەڕی مان و نەمان بکەین دەستێکی کاریگەریان لێ بوەشێنین ، بەرگری لە خۆمان بکەین، بەهەق هەموو پێشمەرگەکان بە هیممەت و ورە بەرز و نەبەز بوون، نەخشەمان دانا و دامەزراین و دابەشبووین بە دوو قۆڵ.
ئێمە لە مەکۆکە کە کەوتۆتە خوار (گوندی کەڵەشێرە) بەرامبەر کانی شێخەڵای چەمی ڕێزان بە سەرپەرشتی من دامەزراین 14 پێشمەرگە بووین، قۆڵەکەی ترێش بە سەرپەرشتی مام (عەلی بچکۆل) لە (کەرخۆر)ە کەوتۆتە پشت مەکۆکە مەلا فەرمان و عەبدولکەریم هەڵدنی و مام شێرۆ و شەهید ئەحمەد جووتیار و عەتا محەمەد كافرۆش لەگەڵدا بوون.
قۆڵی مەکۆکە دامەزراین بەچواردەوری خۆمان لەسەنگەری قایم سەعات سێ چارێگی دەویست هێزێکی دوژمن رووبەرووی سەنگەرەکانی ئێمە هێرشیان هێنا لە نزیکبوونەوە لەگەڵ یەکەم دەسڕێژی تەقە سێ کەسیان لێ کوژرا و چەک و ناسنامە و بەڵگەنامە و هەگبەی پڕ خواردنمان هێنا، لەڕاستیدا زۆر سوودمان لە خواردنیان وەرگرت و نان و پەنیری قودیان پێبوو لەزەتمان لێ کرد چونکە برسی و ماندووبووین، خوێنیشی پێوەبوو، تەقە و شەڕ دامەزرا لە چەندین قۆڵەوە هێرشیان هێنا دەیانویست چواردەورمان بگرن و لەناومان ببەن، ئێمە لە سەنگەری قایم و نادیار بووین، لەلای (گوندی کەڵەشێرە)ەوە هێزێکی زۆری دوژمن هێرشیان هێنا، بووە بانگکردن لەگەڵ یەکتری چەکدارانی دوژمن دەیانگووت جەلالیەکان لە کوێن؟ ئەوانیش دەیانگووت ئەگەر جەلالی نین کوا عدد جیهازەکەمان؟ عدد جیهازەکەش لەگەڵ یەکەم تەقە کوژرابوو عەرەب بوو ، ئێمە ناسنامە و بەڵگەنامەی چەکدارە کوژراوەکانمان پێ بوو قەناعەتیان کرد پێشمەرگە نین بۆیە (کاکی مستشار) بەڕانک و چۆغەی سوور و کراسی سپی و خاوێن لە شیوێک بەدەرکەوت نزیک نەبووە پێشمەرگەکانمان شاخەڕەش ئارامی نەگرت ڕێک (ئار، بی ،جی)یەکیان بە خڕی پێوە نا و بەری نەکەوت لێک ئاشکرا بووین و تەقە گەرم بوو لە (کانی شێخەڵڵا)وە هێزێکی تری دوژمن بەرەو سەنگەرەکانمان هێرشیان هێنا و وا لێک نزیک و تێکەڵ بووین سەریان لێ دەرنەچوو، خۆ بە خۆ تەقەیان لێکتر دەکرد، جیهازی (هۆکی تۆکی)مان پێ بوو پەیوەندیمان لەگەڵ مام عەلی بچکۆلی دەکرد و هەموو سەرە نێو سەعاتێک شێوەی سەرکەوتنی شەڕەکە و مەعنەویاتی پێشمەرگەمان بۆ باس دەکرد، تەنانەت دڵزار سدیق گووتی: (لۆ قسەی ناكەی لۆ؟) داوامان لێکرد مەفرەزەیەک تەرخان بکەن لە پشتەوە لە هێزەکانی دوژمن بدەن، چونکە چواردەوری گیرا بووین لە کاتی خۆی مەفرەزەیەک بە فەرماندەیی (مەلا فەرمان) فریامان کەوتن بەجارێ دوژمن سەری لێشێواو و چەواشە بوون نەیاندەزانی لە کوێن و چۆن دامەزراوین، شەڕی ڕووبەروو تا سەعات حەوتی ئێوارێ درێژە کێشا سەرەنجام بۆ کردنەوەی ڕێگایەک بۆ دەرباز بوو ، هێرشمان بۆ بردن و پێش خۆمان خاوێن کردەوە، تاسابوون لە ئاست ئازایەتیی ئەو پێشمەرگانە هەڵدەهاتن هەندێک خۆیان بەدەستەوە دەدا ، هاواریان دەکرد (مەمانکوژن، بژی یەکێتی، بژی پێشمەرگە) تا تاریک دەهات 7چەکدارمان لێ بەدیل گرتن بەو ناوانە (1-عومەر حەمەڕەشید عارف، 2-محەمەد عەزیز عارف، 3-مەلا محەمەدی خەیاتی گۆپتەپە، 4-حەكیم عەبدولڕەحمان قەڵاچۆغەیی-حەیدەریی، 5-جەوهەر عەبدولعەزیزی كانی هەنجیری گوڵان، 6-سەردار حاجی ئەمین توركمان باخ، 7- جەلال ڕەزا شۆریجەیی). بۆ نەگبەتی و بەدبەختی و كڵۆڵی كورد ئەو دیلانە هەمووی لەخۆمان بوون! عومەر حەمەڕەشید عارف برای (عەدەد جیهازەكەمان) حەمە تیژەیی بوو! مەلا محەمەدی گۆپتەپە ئامۆزا و خەزوور و زاوای حەمە تیژەیی بوو. عەدەد جیهازیش بڕواپێكراوی ناو یەكێتیی بوو. حەكیم عەبدولڕەحمان برای شەهید (مەجید فەرتەنە)بوو! كە لە ئەنفالی یەك لێمان شەهید بوو. سەردار حاجی ئەمینی توركمان باخ برای شەهید عەلی بوو ساڵی 1985 لە تراكتۆری ماڵی عەبدوڵڵا ڕەشیدی توركمان باخ بە قرشە و پووشەوە سووتا و شەهیدكرا!
یەك لە پێشمەرگەكانمان هاواریكرد و گووتی: بیانكوژین! مەلا محەمەدی خەیاتی گۆپتەپە گووتی: چ دەكوژی من 500 دینارم داوە ببم بە جاش، ژنەكەم ئەنفالكراوە لە گۆپتەپە،لەڕاستیدا ئەوانە هی جاشایەتی و خیانەت نەبوون، ڕۆژگاری ڕەش ناچاری كردبوون! بۆ خۆپاراستن و بەرژەوەندی و پەنایان بۆ مستەشارەكە (ئەحمەد جەبار جەباری) بردبوو! ئەویش بەكاریهێنابوون و خەڵكی ناوچەكە بوون بۆ بەگژداچوونەوەی ئێمە، لەوە ناخۆشتر جێگر كەرتێكمان (ی.ب) قارەمان بوو پێشەنگی ئەو هێرشەی سەرمان بوو، بەڵام هەڵات و بەرنەكەوت.
دیلەکانمان ئازادکردن چونکە نابێ و ناکرێ دیل بکوژرێ وەك نەریتێکی شۆڕشگێڕانە و ڕێگاوبان نەبوو ڕەوانەی سەرکردایەتییان بکەین، لەبەر نەبوونی خواردن پێمان بەخێو نەدەکران پاش تێگەیاندن کوردیش بوون و هی خۆمان بوون، بۆیە لەگەڵ مام عەلی بچكۆل قسەمان بۆكردن و وا چاک بوو ئازاد بکرێن و ئازادمان كردن، پێمان گووتن ئاخر ئێمە نان نییە لەو شاخ وداخە بیخۆین چۆن ئەوداڵی گیانمان دەبن، ئێمە بەرگریی لە كورد و دژی ئەنفال ماوینەتەوە.
دەستکەوتمان 15 کڵاشینکۆفی مزەڵی بوو، زۆر نەگەڕاین ئەگینا دەسکەوت و دیلمان پتر دەبوو چونکە سەرکەوتوو بووین شەهیدمان نەبوو تەنها مەلا فەرمان بە سووکی بریندار بوو بوو.
پاشان ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتین و دوور کەوتینەوە، بۆ ڕۆژی دواتر لەبن ڕەبیەی (لوتك) کە دوژمنی تێدابوو خۆمان حەشار دابوو و بەدووربین دەمان بینی هەلیکۆپتەر بە تیزاب شوێن شەڕەکەی دەسووتاند و کەلاکی کوژراوەکانی باردەکرد.
هێزی پێشمەرگە دەیان داستان و نەبەردی دلێرانەی ئەوتۆی تۆمارکردووە لە مێژوودا دەگمەنە بەڵام (شەڕی مەکۆکە) گرنگیەکەی لەوە دایە لەیەکەم شەڕی پارتیزان بوو لە گەرمەی ئەنفال، لەو کاتەی ژن و منداڵ و پیر و لاوی کورد بێ خەتا و لە خۆڕا گوللەباران دەکران و بێسەروشوێن دەکران، ڕەوانەی بیابانەكانی عەرعەر و نوگرەسەلمان دەكران، سەدان پێشمەرگە ڕادەست دەبوو دەبوونەوە لەبەر سەختی خەبات و بێ ئاوەدانی و حکومەتی بەعس وای دانابوو تەواو شۆڕش و پێشمەرگە تەفر و توونای کردووە ، جارێکی دیکە پێشمەرگە لە خاکی ئەنفال کرا،کیمیاباران نامینێن، بەرگری ناکەن، شەڕی مەکۆکە مەکۆی دلێر ئەو ڕاستییەی سەلماند نەک خاکی کوردستان جێناهێڵێ بەڵکو شەڕی داهێنەرانەش دەکەن و درێژە بە خەباتی شۆڕشگێڕانە دەدەن ، نەبەردی مەکۆکە سەرەتا و نۆبەرەی یەکەمین شەڕی پارتیزانی دەبێ وەک ئەمانەت دەوری پیرۆز و ئازایەتیی ئەو پێشمەرگە دلێرانە لە نەبەردی مەکۆکە بەشداربوون و بۆ ئەو گەلەکەمان بیان ناسی ئەو تێکۆشەرانە کێ بوون، لە هەر کوێیەک بن یادیان بەخێر شەهیدەکانیش هەر نەمر بن:
١- مامۆستا عادل شەریف/ کەرکووک – فەرماندەی كەرت.
٢-مەجید محەمەد کافرۆشی/ کۆیە.
٣-شەهید سمایل شەریف/ کەرکووک.
٤- شەهید سەرکار ئیسمایل/ کۆیە.
٥- محەمەد حەمەڕەشید عارف (محەمەد تیژەیی) / چەمچەماڵ.
٦- مام هەژار مەغدید / کۆیە.
٧- دڵسۆز بەکر فەتحوڵڵا/ کۆیە – فەرماندەی كەرت.
٨- دڵزار ئەمین / کۆیە.
٩- ئەمجەد فەتاح / کۆیە.
١٠- شاخەوان حەوێز/ کەرکووک.
١١- دڵزار سدیق/ کۆیە.
١٢- جوامێر حاجی کاکەوەڵا کەڵەشێرەیی/ سوورداش.
١٣- سەردار کوێخا نەریمان کەڵەشێرەیی/ سوورداش.
١٤-رەهبەر سەید برایم/ کۆیە – فەرماندەی تیپی 25ی خاڵخاڵان.