شەهید هەرمان گردێشی

شەهید هەرمان، كوڕێكی قۆز و هێمن و لەسەرخۆ بوو، ریشێكی جوانی هەبوو، لەگەڵ خوێندەواری و رۆشنبیرییەكەیدا كەمدوو بوو، بەڵام بۆ هەر پرسیار و پێشنیازێك، وەڵام و رێنمایی خێرای هەبوو، هەر بۆیە پێشمەرگەكان رێزیان لێ دەناو گوێیان لە رێنمایی و قسەكانی دەگرت. ئەو ئارەزووی خوێندنەوەی پەرتووك و بەدواداچوونی هەواڵە رۆژانەكانی هەبوو؛ بەردەوام گوێی لە رادیۆ دەگرت تا لە دەنگوباسی جیهانی ناوەوە و دەرەوە دانەبڕێت، مەبەستیشی بوو هاوڕێكانیشی لە رووداوەكان ئاگادار بن، ئەو هەوڵانەشی رەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو لەسەر هاوسەنگەرەكانی.
شەهید هەرمان، لەگەڵ خوێندەواری و رۆشنبیرییەكەیدا كەمدوو بوو، بەڵام بۆ هەر پرسیار و پێشنیازێك، وەڵام و رێنمایی خێرای هەبوو، هەر بۆیە پێشمەرگەكان رێزیان لێ دەناو گوێیان لە رێنمایی و قسەكانی دەگرت
شەهید هەرمان، بەهۆی ئاستە بەرزە رۆشنبیرییەكەیەوە، لە ساڵی 1986دا نێردرایە ئێران بۆ بەشداریكردن لە خولێكی (گشتی، سەربازی، رۆشنبیری)دا،
دوای تەواوبوونی خولەكە، كرا بە رێكخەری كەرتی یەكی تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
ژیاننامەكەی
شەهید لوقمان قادر ئیسماعیل قادر ناسراو بە هەرمان گردێشی، لەدایكبووی ساڵی 1967ی (گوندی گردێش)ی قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێرە، ساڵی 1982 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، هەر ئەو ساڵە دەستگیركراوە، لە دەزگاكانی بەعس لە هەولێر و كەركوك زیندانی بووە، ساڵی 1983 ئازاد كراوە، ساڵی 1985 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی یەكی تیپی 86ی دەشتی هەولێر، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دووجار بریندار بووە، بەشداریی كاریگەرانەی راپەڕینی كردووە، رۆژی 14/5/1992، لەسەر رێگەی هەولێر- كەركوك، شەهید كرا.




