نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ناجێگیرە
چەند ڕۆژێکە نرخی زێڕ و کانزا گرانبەهاکان ناجێگیرە و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بەخۆوە دەبینێت، تەنیا شەممە لە بەیانییەکەی تاوەکو شەو، هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی نۆ هەزار دینار بەرز بوویەوە، ئەمەش لەدوای دابەزینی خێرای نرخی زێڕ لە ڕۆژی هەینی.
هۆکارە زانراوەکان: چەند ڕۆژێکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکان ناجێگیرە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکیی ئەمریکا، بەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ و زیو دروستکردووە و نرخەکەی دادەبەزێنێت، هەروەها بەهۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سنوورداربوونی بازرگانیکردن، لەلایەکی دیکەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهێزبوونی دۆلار، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ناسەقامگیریی بازاڕ و ناجێگیریی نرخی زێڕ.
ژمارەکان وا دەڵێن: بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا، تەنیا دوێنێ شەممە بەیانییەکەی لە کاتی کرانەوەی بازاڕ تاوەکو شەو، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ، نزیکەی نۆ هەزار دیناری چووەتە سەر بەمشێوەیە:
– شەممە بەیانییەکەی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21= 924 هەزار دینار بوو، بەڵام درەنگانی شەو بۆ 933 هەزار دینار بەرزبوویەوە.
– مسقاڵێک زێڕی عەیار 18= لە 792 هەزار دینار بۆ 800 هەزار دینار بەرزبوویەوە.
– مسقاڵێک زێڕی عەیار 22= لە 968 هەزار دینار بۆ 977 هەزار دینار بەرزبوویەوە.
– مسقاڵێک زێڕی عەیار 24= لە یەک ملیۆن و 56 هەزار دینار بۆ بە یەک ملیۆن و 66 هەزار دینار بەرزبوویەوە




