ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

مۆزەخانەی هونەریی کوردستان؛ کێ مێژووی هونەرەکەمان دەپارێزێت؟

ئەگەر ئەمڕۆ تابلۆیەکی گرنگ لە مێژووی هونەری کوردی ون ببێت، سبەی کێ دەتوانێ بەڵگەی بوونی بدۆزێتەوە؟ یان زانیارییەکانی پەیوەست بە بەرهەمێکی هونەریی بسڕێنەوە، چۆن دەتوانین سەردەمێک بخوێنینەوە کە بەرهەمەکەی تێدا دروستبووە؟ ئەم پرسیارانە تەنیا پەیوەندییان بە پاراستنی تابلۆ و پەیکەر و چاپ و وێنەوە نییە؛ بەڵکو پەیوەندییان بە پاراستنی بیرەوەرییەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە هەیە کە هونەر بەشێکی گرنگە لێی. کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هونەرییە؛  کە بەڵگەی زیندووی سەردەم، بیرکردنەوە، ژیانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییە فەرهەنگییەکانن. هەر تابلۆیەک، پەیکەرێک، چاپێک، یان وێنەیەک دەتوانێت پەڕەیەک لە چیرۆکی سەردەمێک بگێڕێتەوە؛ جگەلەوەش دەشێت بپرسین، ئەویش ئەوەیە کە کێ مێژووی هونەری کوردستان دەپارێزێت؟ لێرەدا مەبەست لەوە نییە کە هیچ شوێنێک بۆ نمایشکردنی بەرهەمە هونەرییەکان نییە، یان هەوڵ بەدراوە بۆ پاراستنیان، بەڵکو کێشەکە قووڵترە: تا چەند سیستمێکی بەردەوام و گشتگیرمان هەیە بتوانێت بەرهەمە گرنگەکان کۆبکاتەوە و زانیارییەکانیان تۆماربکات و بیانپارێزێت؟ چونکە نمایشکردن بە تەنیا پاراستن نییە، بەڵکو بەرهەمی هونەریی کاتێک دەبێت بە بەشێک لە میراتی مێژوویی کە لەگەڵ خۆیدا ناسنامە و زانیارییە پەیوەستەکانی خۆیدا بپارێزرێن وەک ناوی هونەرمەند، بەرهەمەکە، ساڵی دروستکردنی، ماددە، تەکنیک، قەبارە، مێژووی خاوەندارێتی، شوێنی نمایش و زانیارییە پەیوەستەکان، هەموویان بەشێکن لە ناسنامەی بەرهەمەکە. بێ ئەم زانیارییە، بەرهەمەکە لەوانەیە بمێنێت، بەڵام چیرۆکەکەی ون دەبێت. تابلۆی هونەرمەندێک کە چەند دەیە پێش ئێستا دروستکراوە، تەنیا کۆمەڵێک رەنگ و هێڵ و شێوە نییە. ئەو تابلۆیە دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی هونەریی سەردەمێک. هەڵبژاردنی بابەت، شێوازی بەکارهێنانی رەنگ، ماددەی بەکارهاتوو، قەبارەی بەرهەم و تەنانەت شێوازی پیشاندانی. 
لەدەستدانی بەڵگەیەک
 لە پشت هەر بەرهەمێکی بەهادارەوە، چیرۆکێک هەیە: چیرۆکی هونەرمەند، کۆمەڵگە، ژینگە و ئەو کاتەی کە بەرهەمەکەی تێدا دروستکراوە. لەبەر ئەوە، لەدەستدانی بەرهەمێکی گرنگ تەنیا لەدەستدانی شتێکی ماددی نییە؛ لەدەستدانی بەڵگەیەکە کە دەتوانێت داهاتوو لە رێگەیەوە رابردوو بخوێنێتەوە. ئەم کێشەیە کاتێک قووڵتر دەبێت کە بەشێک لە میراتی هونەریی هێشتا پشت بە ئەرشیفی کەسی، ماڵ، ستۆدیۆ، یان گەنجینەی شوێن و دامەزراوە جیاوازەکان دەبەستێت. ئەم شوێنانە دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بەرهەمەکان لەخۆ بگرن، بەڵام پاراستنی میراتی هونەریی تەنیا مانەوەی بەرهەم لە شوێنێکدا نییە. پێویستی بە ژینگەی گونجاو، شێوازی دروستی هەڵگرتن و گواستنەوە، تۆمارکردنی ورد و سیستمی بەڕێوەبردنی بەڵگەکان هەیە. کات دەتوانێت زیان بە ماددەی بەرهەمەکان بگەیەنێت؛ گواستنەوەی نادروست دەتوانێت زیان بە پێکهاتەی بگەیەنێت و نەبوونی تۆمارێکی ورد دەتوانێت زانیارییە سەرەتاییەکان لەگەڵ نەوەکاندا ون بکات. لەو کاتەدا، تەنیا بەرهەمەکە لە مەترسیدا نییە؛ بەڵکو چیرۆکەکەشی لە مەترسیدایە.
شوێنی پاراستنی یادەوەری

لێرەدا جیاوازیی نێوان گەلەری و مۆزەخانە گرنگ دەبێت. گەلەری، بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لەسەر نمایشکردن، ناساندن و پشتیوانی لە چالاکیی هونەریی دەوەستێت؛ بەڵام مۆزەخانە، لەگەڵ نمایشکردن، ئەرکی کۆکردنەوە، پاراستن، تۆمارکردن، بەڵگەنامەکردن و توێژینەوەی بەرهەمەکان و پەیوەستکردنیان بە چوارچێوەی مێژوویی و فەرهەنگییەکەیان هەیە. ئەم جیاوازییە تەنیا جیاوازیی دوو شوێن نییە؛ جیاوازیی دوو ئەرکە. گەلەری دەتوانێت شوێنی بینینی هونەر بێت، بەڵام مۆزەخانە دەبێت شوێنی پاراستنی یادەوەریی هونەر بێت. بۆیە زیادبوونی شوێنەکانی نمایشکردن بە خۆی ناتوانێت بۆشایی پاراستنی مێژوویی پڕ بکاتەوە. کێشەکە تەنیا پەیوەندیی بە بەرهەمە کۆنەکانەوە نییە، بەرهەمەکانی هونەرمەندانی ئەمڕۆش دەتوانن سبەی ببنە بەڵگەیەکی گرنگی مێژووی هونەری، ئەگەر ئەمڕۆ ئەزموونە هونەرییەکانمان تۆمار نەکەین، داهاتوو لەوانەیە بەشێکی گرنگ لە دەنگ و بیرکردنەوەی ئەم سەردەمەی لەدەست بدات. لەو روانگەیەوە، تەنیا پاراستنی بەرهەمەکە بەس نییە. گفتوگۆی هونەرمەند، شێوازی کارکردن، کات و شوێنی دروستکردن، ماددە و تەکنیک، مێژووی نمایش و هەڵسەنگاندنی هاوچەرخەکان، هەموویان دەتوانن سبەی ببنە سەرچاوەی توێژینەوە. ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە هونەر تەنیا بەرهەم نییە؛ پرۆسەیە، بیرکردنەوەیە و بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵگە. لەبەر ئەوە، زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژەکانی هونەر دەتوانن رۆڵێکی گرنگتر لە پاراستنی ئەم بیرەوەرییە بگێڕن. ئەرکی پەروەردە نابێت تەنیا بە دەرخستنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەند کۆتایی پێ بێت؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەی تۆمارکردن و توێژینەوەی مێژووی هونەری ناوچەکە. ئەرشیفی پڕۆژەکانی پێشووتر، بەرهەمەکانی مامۆستا و خوێندکار، کەتەلۆگەکانی پێشانگا، گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندان و بەڵگەکانی چالاکییە هونەرییەکان، هەموویان دەتوانن سبەی ببنە سەرچاوەیەکی بەهادار بۆ توێژەر و مێژوونووس، ئەوەی ئەمڕۆ بەڵگەیەکی بچووک دەبینرێت، دەتوانێت سبەی کلیلی تێگەیشتن لە سەردەمێک بێت. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، پێویستە بیر لە سیستمێکی یەکگرتوو و بەردەوام بکرێتەوە؛ سیستمێک کە تێیدا بەرهەمەکان بە بنەمایەکی روون، کۆ و پۆلێن بکرێن، زانیارییەکانیان بە وردی تۆمار بکرێت، وێنە و داتای دیجیتاڵییان بپارێزرێت و پەیوەندیی هەر بەرهەمێک بە سەردەم و ژینگەی هونەریی خۆی دیاری بکرێت. کەتەلۆگێکی بەردەوام نوێکراوە و ئەرشیفێکی دیجیتاڵی دەتوانن هەنگاوێکی بنەڕەتی بن بۆ ئەوەی زانیارییەکان تەنیا لە دەستی تاکەکەسێک، یان لە شوێنێکی تایبەتدا نەمێننەوە، چونکە پاراستنی میرات کاتێک بەردەوام دەبێت کە زانیارییەکەش لەگەڵ بەرهەمەکە بژی، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانە کاتێک مانای تەواوی خۆیان دەدۆزنەوە کە پاراستنی میراتی هونەریی لەسەر بنەمای پیشەیی، سەربەخۆیی و متمانەپێکراوی زانستی بنیات بنرێت. هەڵبژاردنی بەرهەم و هونەرمەند نابێت بە پەیوەندیی کەسی، ناسنامەی گروپی، یان بەرژەوەندیی کاتی بکرێت؛ بەڵکو دەبێت بەهای هونەری، مێژوویی، فەرهەنگی و توێژینەوەیی بنەمای هەڵبژاردن بێت. چونکە مۆزەخانە تەنیا مێژوو ناپارێزێت؛ لە هەمانکاتدا مێژوو هەڵدەبژێرێت، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای زانستی و دادپەروەرانە نەبێت، مۆزەخانە لە شوێنی پاراستنی مێژووەوە دەتوانێت ببێتە شوێنی دروستکردنی وێنەیەکی سنووردار و هەڵبژێردراو لە مێژوو، ئەمەش لە گرنگترین پرسیارەکانە کە هەر پڕۆژەیەکی مۆزەخانەیی دەبێت لەبەرچاوی بگرێت. هەروەها، مێژووی هونەری کوردی نابێت بە سنووری شارێک، ناوچەیەک، یان سەردەمێکی دیاریکراو کورتبکرێتەوە. 
بەشێک لە چیرۆکێکی گەورەتر
ئەزموونی هونەری کوردی فرەڕەهەند و جۆراوجۆرە؛ لە ئەزموونەکانی نەوەکانی پێشووترەوە تا ئەزموونە نوێ و هاوچەرخەکان، بۆیە پێویستە ئەم مێژووە بە شێوەیەکی پەیوەست و فراوان بخوێندرێتەوە، تا هونەرمەندی پێشووتر و هونەرمەندی ئەمڕۆ هەردووکیان ببنە بەشێک لە چیرۆکێکی گەورەتر. لە کۆتاییدا، مۆزەخانەی هونەری کوردستان تەنیا پڕۆژەی دروستکردنی بینایەکی نوێ نییە؛ پرۆژەی پاراستنی بیرەوەرییە. مۆزەخانەی راستەقینە تەنیا ئەو شوێنە نییە کە بەرهەمەکان لەپشت شووشەوە پیشان دەدرێن؛ دامەزراوەیەکە کە بەرهەمەکە دەکاتە بەڵگە، ناسنامەکەی دەپارێزێت، چیرۆکەکەی تۆمار دەکات و رێگە بۆ خوێندنەوە و توێژینەوەی داهاتوو خۆش دەکات. ئەگەر ئێستا دەست بە کۆکردنەوە، تۆمارکردن و پاراستنی بەرهەمەکانمان نەکەین، داهاتوو لەوانەیە تەنیا بە ناوی هونەرمەندانمان بگات، نە بەو بەرهەمانەی کە دەتوانن چیرۆکی سەردەمەکەمان بۆ بگێڕنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ وەک تابلۆیەک، پەیکەرێک، چاپێک، یان وێنەیەک دەیبینین، لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئێمە چۆن بیرمان کردووەتەوە، چۆن ژیاوین و چۆن جیهانی خۆمانمان بینیوە. لەبەر ئەوە، پرسیارەکە هێشتا بەهێزە و بە پێی کات گرنگتر دەبێت: کێ مێژووی هونەری کوردستان دەپارێزێت؟ وەڵامەکە تەنیا لە دروستکردنی بینایەکدا نییە، وەڵامەکە لە دروستکردنی کەلتورێکی بەردەوامی پاراستن، تۆمارکردن، توێژینەوە و گواستنەوەی بیرەوەرییەکاندایە، چونکە کاتێک بەرهەمێک دەپارێزرێت، تەنیا ماددەیەک ناپارێزرێت؛ دەنگێک دەپارێزرێت، سەردەمێک دەپارێزرێت و بیرەوەرییەک دەپارێزرێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *