نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون؟

ئەم ناونیشانە «نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون» وتارێکی نووسەر و رۆژنامەنووسی هاوڕێم «لەتیف فاتیح فەرەج»ە؛ کە لە ژمارە «9714»ی رۆژی 9/8/2026ی رۆژنامەی «کوردستانی نوێ»دا بڵاوکراوەتەوە، دوای خوێندنەوەی بابەتەکە بە گرنگم زانی بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە بەشداری بکەم، هیوادارم هاوڕێیانی دیکەیشمان بەپێی شارەزاییان بابەتەکە بە هەند وەربگرن و گفتوگۆ و بەدواداچوونی لەسەر بکەن.
لە جیاتی دەستبردن بۆ پرسی جینۆساید،دەست بۆ نەوت برا، بەوەش لەجیاتی راکێشانی سۆزی جیهان بەلای كێشەكەماندا، لووتی كۆمپانیاكانمان بە لای بۆنی نەوتدا راکێشا کە پرسی جینۆساید و ئەنفال بەلای ئەوانەوە پرسێکی گرنگ نین
ئەو پێشنیازەی سەرەوەشم لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە خودی نووسەر لە دەستپێکی وتارەکەیدا دەڵێت: «لە راستیدا ئەم وتارە هێندەی بۆ هەڵوەستە و قسە لەسەرکردنە هێندە بۆ خوێندنەوەی راگوزەر نییە» واتا نووسەر بە تەواوی مانا بڕوای بە گفتوگۆی بابەتێک هەیە کە ئەویش «بژاردەیە لەنێوان نەوت و جینۆساید»دا کە کامیان کارتی بەهێزن بۆئەوەی کورد بتوانێ لەو رێگەیەوە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی جینۆسایدکراو بگەیەنێتە دەریچەی ناساندن و دانپێدانان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
هەروەک لە سەرەتای وتارەکەیدا بۆئەوەی کارئاسانی بۆ خوێنەر بکات دەنووسێت: «لە كۆڕەكەی نۆرنبێرگ ویستم بڵێم كورد سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفال چۆن مامەڵەی كرد و لە بەرامبەردا ئەوانی دیکە بۆ نموونە ئەرمەن و جولەکە لە بەرامبەر كوشتوبڕ و هۆڵۆكۆستدا چۆن مامەڵەیان كرد، ئەمەم وەك بەراورد باسكرد، بەراورد بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ جینۆساید و سڕینەوە و ئاوەزی قوربانیدا، هەر لەو بەراوردەشەوە هاتمە سەر ئەوەی كورد بۆ چوونە ژوورەوەی مێژوو، بۆئەوەی بچێتە دیرۆكەوە، بۆئەوەی لە مەترسی ئەنفال و جینۆسایدی بەردەوام رزگاری بێت، دەبێت كام رێگە هەڵبژێرێت»، لەم سەرەتایەوە و لە روانگەی نووسەرەوە کورد نەیتوانیوە جینۆساید و ئەنفال کە زۆربەی رەهەندە «سیاسی، جوگرافی، دیمۆگرافی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، دەروونی، تەندروستی، کەلتور و زمان» و لە سەرووی ئەمانەشەوە سامانی مرۆیی لەناوبردووە و تێکشکاندووە؛ بگاتە سیاقی مێژوویی و لەوێشەوە پێش لە مەترسییەکانی دووبارە بوونەوەیان لە رێگەی ناساندنیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرێ، بەڵکو لە شوێنی جینۆساید و ئەنفال، بەشێوەیەکی ناکامڵ و ناشارەزا دەستی بە نەوتەوە گرتووە، یان نەوتی وەک کارتێک بەکارهێناوە سەرباری ناکامڵی و نەشارەزایی لە دەست بۆ بردنی، داگیرکەر و نەیارەکانیشی ئەمەیان لە دژی قۆستووەتەوە و بەکارهێناوە.
لەتیف دەیەوێ بە دەربڕینێکی روونتر گفتوگۆی ئەم بابەتە بکەین، لەبەرئەوە رەوانتر دەڵێت: «ئێمە نەمانتوانی جینۆساید بكەینە هێڵی پەڕینەوە بۆ دنیای خۆ خاوەنی» واتا جینۆساید لای کۆمەڵگەی ئێمە لە پێشیانەوە لای بژاردەی حوکمڕان و سیاسییەکەی، بابەتێکە تائێستا نەک لە ئاستی لۆکاڵی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی ناوچە و شار و شارۆچکەکانیشدا لە چوارچێوەی یادێکی ماتەمینی رووتدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەک پرسێکی ستراتیژیی نیشتمانی و نەتەوەیی. ئەمەش تێگەیشتنە هەرە گەورەکەی ئێمەیە و تا ئەمە راست نەکەینەوە ناتوانین ئەو هێڵی «پەڕینەوە بۆ دنیای خۆ خاوەنی» دیاری بکەین و بیکەینە رێگەی خۆناسینمان.
وەک نووسەر مکوڕی لەسەر دەکات لە جیاتی دەستبردن بۆ جینۆساید و کارکردن لەسەری «كەچی لە دەستبردن بۆ نەوت جگە لەوەی مشەخۆر و چاو برسی و خاوەن سەرمایەی تەوەزەل دروستدەكرێت، لە بری ئەوەی سۆزی دنیاش بەلای كێشەكەتدا رابكێشی لووتی كۆمپانیا زلەكان بە لای بۆنی نەوتدا رادەكێشی و بۆ ئەوان پرسی جینۆساید و ئازار و ئەنفال هەر پرس نین» رێک وایە کۆمپانیا گەورە و کێشوەربڕەکانی نەوت تەنیا بۆنی نەوت دەکەن و بیر لە قازانج دەکەنەوە، وەک لە لاکردنەوە و پشتیوانیکردنی گەل و نیشتمان و نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو؟
لەتیف پرسیارێکی کۆنکریتی دەکات و دەڵێت: « پرسیاری ریشەیی ئەوەیە ئێمە بۆ دەستمان بۆ چەكێك نەبرد كە دنیا قەرزاری ئێمە دەكات، بەڵام دەستمان بۆ چەكێك برد كە دواتر ئێمە بە قەرزاری لێی دەرچووین» لێرەدا مەبەستی ئەوەیە بۆچی ئێمە نەوتمان هەڵبژارد لەکاتێکدا هەر لە سەرەتاوە ئاماژەکان پێمانیان دەوت ئێوە دەکەونە ژێر بارێکی قوورسەوە، لە کاتێکدا چەکێکمان بەدەستەوە بوو دەمانتوانی بەو چەکە هەموو دنیا بخەینە ژێرباری قەرزێکی مرۆیی گەورەوە؟ بەدوای پرسیارەکەی «لەتیف»دا؛،ئایا ئەمە بەدحاڵی بوونی ئێمە ناگەیەنێ لە شووناسی بوون و مانەوە و بەردەوامبوونمان؟ منیش لەگەڵ «لەتیف» هاوڕام کە دەڵێ»ئەمە ناكاتە ئەوەی كە ناكرێ دەست بۆ نەوت بەرین، ئەمەیان سات و کاتی خۆی دەویست، یانی ئێمە لە سات و کاتی دەست بۆ بردنەكە و پشتكردن لە پرسی ئەنفال و جینۆساید نەماتوانی سەركەوتووبین» بۆیە ئێستاش کات ماوە بابەتی جینۆساید و ئەنفال لە ستراتیژ و پێشینەی کارکردنمان بێت، لە پەراوێزێکی بچووکدا و ساڵ بۆ ساڵ و لە سنووری شارێک، یان شارۆچکەیەکدا قەتیسی بکەین و نەوت بکەینە هەڕەشەی ناسنامە راستەقینەکەیی و لە کۆتایشدا دووبارەبوونەوەی، بە شێوازی جۆراوجۆر.
بۆئەوەی مەبەستی « نەوت، یان جینۆساید كامیان بژاردەی كورد بوون» روونتر بکەینەوە و بەشدارییەکی بەسوود لە بیرۆکەکەی نووسەر و رۆژنامەنووس «لەتیف فاتیح فەرەج» بکەین، ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە دەکەم:
یەکەم: جینۆساید تەنیا کوشتنی کۆمەڵ، یان گروپێک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراوە کە ئامانجی لەناوبردنی تەواو، یان بەشێکی گرنگی گروپێکی «نەتەوەیی، ئیتنیکی، رەگەزی یان ئایینییە» لەبەرئەوە، جینۆساید دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ و کاریگەر لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دابنێ و لە بێدەنگی و تاساندا بیانهێنێتە دەنگ.
دووەم: هەوڵی «سڕینەوەی زمان، کەلتور، مێژوو و بیرەوەرییە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگە» دەتوانێت ناسنامەی گروپەکە زیاتر بکاتە ناوەندی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و ناساندنی بە دنیای دەرەوە.
سێیەم: جینۆساید زۆرجار دەبێتە بەشێک لە بیرەوەریی هاوبەشی نەتەوەیەک و یادکردنەوەی قوربانییەکان دەبێتە بابەتێکی سیاسی کاریگەر لە ناوەندە سیاسییە گەورەکانی دنیادا.
چوارم: داواکاریی دادپەروەری: ناساندنی جینۆساید دەتوانێت ببێتە بنەمای داواکارییەکان بۆ دانپێدانان، دادپەروەری، قەرەبووکردنەوە و پاراستنی مافە نەتەوەییەکان.
پێنجەم: لە زۆربەی ئەو کۆمەڵگانەی تاوانی جینۆسایدیان تێدا ئەنجام دراوە، بووەتە هۆی بەهێزبوونی پرۆسەی نەتەوەسازیی و بنیاتنانەوە، ئێمەی کورد پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە و تەواوی رێوشوێنەکانی کارکردنی تەندروست لە دۆسێی جینۆسایدکردنمان، جوڵاوینەتەوە و تەنانەت نەمانتوانیوە سوود لە ئەزموونی کاکردنی گەلانی جینۆسایدکراویش وەربگرین لەپێناو خۆیی بوون و بنیاتنانەوە، ئومێدی ئەوەم هەیە ئەم بابەتەی»لەتیف فاتیح فەرەج» گفتوگۆی فراوان و پێویست بەدوای خۆیدا بێنێ.



