ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

ئابووری و رەوشت، کامیان ئەوی تر ئاراستە دەکات؟

ئایا دەکرێت ئابوورییەک لە رووی داتا و زانیارییەوە سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە خزمەتکردنی مرۆڤدا شکستی هێنابێت؟ ئایا تەنیا هێندە بەسە کۆمپانیاکان قازانجێکی زۆر بەدەستبهێنن و نیشاندەرەکانی گەشە بەرز ببنەوە، تا بڵێین ئاراستەی ئەم ئابووریە دروستە؟ یاخود پێوەرێکی تر هەیە کە لە خشتەکانی ژمێریاریدا دەردەکەوێت بە دادپەروەری و شکۆ و بەرپرسیارێتییەوە بەستراوەتەوە؟
ئەم پرسیارانە پەیوەندییە دێرین و هاوچەرخەکەی نێوان ئابووری و رەوشت دەهێننەوە پێشەوە کە جیاکردنەوەی پەیوەندیی نێوانیان ئەستەمە، چونکە ئابووری تەنیا بریتی نییە لە ژمارە، داتا، ئامار، بازاڕ، نرخ و قازانج، بەڵکو رەوشتیش دێتە ناو هاوکێشەکەوە، چونکە رەوشتیش کۆمەڵێک بنەمای دابڕاو نییە لە دەرەوەی واقیعەکەدا بێت، هەردوو لایان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەماندا تێکەڵ بە یەک دەبن، لە بڕیاری تاکەکەسێکەوە بۆ کڕینی کاڵایەک، تا بڕیاری کۆمپانیایەک لە دیاریکردنی کرێ، تا بەو بڕیارە ئابوورییانە دەگات کە لەلایەن حکومەتەکانەوە دەدرێن.
رەوشت سەرقاڵی پرسیارکردنە لە راست و هەڵە
لە کرۆکدا، ئابووری بایەخ بە چۆنێتی بەکارهێنانی دەرامەتە سنووردار و دەگمەنەکان دەدات تا پێداویستییە هەمەجۆر و لەبن نەهاتووەکانی مرۆڤ، هەروەها بایەخ بە چۆنێتی بڕیاردانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکاربردن دەدات، بەڵام رەوشت سەرقاڵی پرسیارکردنە لە راست و هەڵە، دادپەروەری و زۆرداری، بەرپرسیارێتی و ئیستغلالکردن، بەڵام پرسیارە راستەقینەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە زۆربەی بڕیارە ئابوورییەکان بە قازانجی کەڵەکەبوونی سەرمایەن، بەڵام لە کرۆکیاندا پرسیارێکی رەوشتی هەڵدەگرن.
کاتێک کۆمپانیایەک کرێی فەرمانبەرەکانی دیاری دەکات، یان بڕیار لەسەر نرخی بەرهەمەکانی دەدات، یان لەنێوان پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێناندا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەژمار و داتا ئابوورییەکاندا ناکات، بەڵکو لە هەمانکات هەڵوێستێک بەرامبەر مافەکانی کارمەند، بەکاربەر، کۆمەڵگە و ژینگە دەردەبڕێت.
کاتێک رەوشت تێکەڵی بازاڕ دەبێت
هیچ ئابوورییەک بەبێ هەبوونی ئاستێکی کەمی متمانە، ناتوانێت بە کارایی کار بکات. مامەڵە بازرگانییەکان لەسەر بنەمای راستگۆیی، پابەندبوون بە پەیماننامەکان، رێزگرتن لە خاوەنداری و پابەندبوون بە بەڵێنەکانەوە بنیات دەنرێن. تا زیاتر ئەم بەهایانە پاشەکشە بکەن، تێچووی مامەڵەکردن بەرز دەبێتەوە، پێویستیی بە چاودێری و رێکارە یاساییەکان فراوانتر دەبێت و مەترسییەکانیش زیاد دەکەن.
لە لایەکی ترەوە، رەوشت بارگرانیی لەسەر ئابووری دروست ناکات، وەک ئەوەی هەندێک کەس وێنای دەکەن، بەڵکو دەکرێت یەکێک لە مەرجەکانی کارایی و سەقامگیرییەکەی بێت.
ئەو بازاڕەی کردەوەی وەک: فێڵ، گەندەڵی، بەرتیل و قۆرغکاری تێدا بڵاوە، دەکرێت لە مەودای کورتدا قازانج بۆ هەندێک لایەن بەدەستبهێنێت، بەڵام لە مەودای دووردا هەموو کۆمەڵگە باجێکی قورس دەدات. لە بەرامبەردا، هەبوونی ئەو دامەزراوانەی کە رێز لە یاسا دەگرن، ئەو کۆمپانیایانەی مافەکانی کارمەندان و بەکاربەران رەچاو دەکەن، لە ژینگەیەکی ئابووریدا گەشە دەکەن کە لەسەر متمانە و کێبڕکێی دادپەروەرانە داڕێژرابێت، ئەوەش ئابوورییەکی سەقامگیرتر و بەردەوامتر دەخوڵقێنێت.
ئابووری، کاریگەریی لەسەر رەوشت دادەنێت؟
لێرەدا گرنگیی گەڕانەوە بۆ هەندێک لە ریشە هزرییەکانی ئابووریی هاوچەرخ بە روونی دەردەکەوێت؛ ئادەم سمیس کە ناوی بە بیرۆکەی بەرژەوەندیی کەسی و بازاڕەوە گرێدراوە، مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی ئابووری تەماشا نەکردووە کە تەنیا بەرژەوەندیی کەسی بزوێنەری بێت، بەڵکو بە هەمان شێوە هاوسۆزی و فەزیڵە رەوشتییەکانی وەک توخمی بنەڕەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا خستووەتە روو.
ئەگەر رەوشت کاریگەریی لەسەر ئابووری دابنێت، ئەوا ئاراستەی پێچەوانەش گرنگییەکەی کەمتر نییە. مرۆڤ لە دەرەوەی بارودۆخە ئابوورییەکانی ناژی، هەژاری، بێکاری، بێبەشبوون و نایەکسانی دەکرێت شوێنەواری قووڵ لەسەر رەفتاری تاکەکەس و کۆمەڵگە جێبهێڵن.
مەبەست لەم قسانە، ئەوە نییە کە هەژاری حەتمەن دەبێتە هۆی لادان، یان دەوڵەمەندی حەتمەن دەبێتە هۆی فەزیڵەت، نەخێر رەفتاری رەوشتیانەی مرۆڤ لەوە ئاڵۆزترە، بەڵام گوشارە ئابوورییە بەردەوامەکان دەکرێت مرۆڤ بخەنە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە، هەروەها فراوانبوونی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت هەستی ستەملێکراوی و لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوەکان زیاتر بکات.
داهاتی گشتیش بەرز دەکاتەوە
لە بەرامبەردا، باشبوونی ئاستی گوزەران و فەراهەمکردنی دەرفەتی خوێندن، کار و سەقامگیری دەکرێت رووبەرێکی گەورەتر ببەخشن بە مرۆڤ بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی داهاتوو، سەرەنجام ببێتە هۆی ئەوەی هاوکار بێت لە چەسپاندنی هەندێک بەهای ئەرێنیدا.
سەرەڕای ئەوەش، گەشەیەکی تەندروستی ئابووری بە تەنیا کۆمەڵگەیەکی بەڕەوشت دروست ناکات، بەڵکو دەکرێت بەرهەمی ناوخۆیی و داهاتی گشتیش بەرزبکاتەوە، لەبەرئەوەی بەهاکانی پشتبەستن و متمانە و بەرپرسیارێتی، پاشەکشە بە کێبڕکێ و قازانج دەکەن و  دەیگۆڕن بۆ ئامانجی سەربەخۆ.
کێشەکە تەنیا لە قازانجدا نییە
هەوڵدان بۆ قازانجکردن پرسێکی ناڕەوشتی نییە، قازانج یەکێکە لە بزوێنەرە بنچینەیییەکانی چالاکیی ئابووری و وەبەرهێنان و داهێنان، بەڵام پرسیارە رەوشتییەکە لەکاتی گەڕان بەدوای ئەو رێگەیەدا دەست پێدەکات کە ئەو قازانجەی لێوە دەستەبەر دەبێت.
ئایا قازانجەکە لە داهێنان، باشترکردنی بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشترەوە دێت؟ یان لە ئیستغلالکردنی پێداویستیی خەڵکەوە؟ ئایا کۆمپانیاکە مافەکانی فەرمانبەرانی دەپارێزێت، یان قازانجەکانی لە کرێی نادادپەروەرانە و مەرجی نامرۆیی کارەوە بەدەست دەهێنێت؟ هەروەها ئایا کۆمپانیاکان لە بازاڕدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کێبڕکێ دەکەن، یان پەنا دەبەنە بەر قۆرغکاری و کێبڕکێکارانیان لە بازاڕ دەردەکەن؟ کەواتە، پرسەکە لە هەبوونی بەرژەوەندیی ئابووریدا نییە، بەڵکو لەو سنوورانەدایە کە ئەو هەوڵانە کۆنتڕۆڵ دەکەن. 
کێ لەو سنوورانە بەرپرسە؟
لەکاتی داڕمانی بەرپرسیارێتی و پشتگوێخستنی رەوشتدا، ناکرێت بارگرانیی بەرپرسیارێتیی پەیوەندیی نێوان ئابووری و رەوشت بە تەنیا بخرێتە سەر شانی تاکەکەس، یان کۆمپانیاکان، بەڵکو دەوڵەت و دامەزراوەکان و یاساکان رۆڵێکی بنەڕەتی لە دیاریکردنی ئەو ژینگەیەدا دەگێڕن کە چالاکییە ئابوورییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێن.
کاتێک یاساکان روونن و دادپەروەرانە جێبەجێ دەکرێن، دامەزراوەی چاودێریی کارا هەن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کێبڕکێ دەکرێت، پابەندبوونی بە رەوشتەوە دەبێتە بەشێک لە رێساکانی کایە ئابوورییەکە، چیرۆکەکە بە خێر و خۆشی کۆتایی دێت، بەڵام کاتێک مەحسوبییەت، گەندەڵی و لاوازیی چاودێری باو دەبێت، رەفتاری بەدڕەوشتی رۆدەچێتە ناو ئابوورییەوە، تا کار دەگاتە ئەوەی لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆکارێک بۆ مانەوە و کێبڕکێکردن لەسەر حسابی بژێویی هاووڵاتیان.
لەم سۆنگەیەوە، بنیاتنانی ئابوورییەکی بەڕەوشت بە مانای ئەوە نییە، داوا لە هەمووان بکرێت کە نموونەیی بن، بەڵکو بە مانای دامەزراندنی دامەزراوە و ئەو رێسایانە دێت کە هەمووان پابەندی رەفتاری دروست و دوور لە گەندەڵی و نایاسایی دەکات.
سامان بەس گرنگە، لەوەش گرنتر چۆنێتی دابەشکردنیەتی
پرسیارێکی تر هەیە کە ناکرێ پشتگوێ بخرێت: ئەگەر دوا ئامانجی ئابووری باشترکردنی ژیانی خەڵکیی بێت، ئایا پێویست بەوە دەکات سامانی زیاتر کەڵەکە بکرێت، یان دەبێ لە چۆنێتی و شێوازەکانی دابەشکردنەکەی بپرسینەوە؟
دەشێ دەوڵەتێک گەشەیەکی بەرزی ئابووری دەستەبەر بکات، بەڵام ئەگەر سوود و بەرهەمەکانی بۆ توێژێکی سنووردار بوو، لە کاتێکدا بەشی زۆری کۆمەڵگە بەدەست بێکاری، خراپی خزمەتگوزارییەکان یان لاوازیی توانای کڕینەوە بناڵێنن، ئەوا ئەو گەشەی ئابوورییە لە روانگەی کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە کورتی هێناوە، ئەمەش بە مانای رەتکردنەوەی بازاڕ یان یەکسانیی رەها لە داهاتەکاندا نایەت، بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە کارایی ئابووری، پێویستی بە لایەنەکەی تریشی هەیە کە دادپەروەری و دەرفەتی یەکسانە.
لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا پرسیارێکی نوێ دێتە ئاراوە، ئەویش: لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنۆلۆژیادا، پەیوەندیی نێوان ئابووری و رەوشت چی بەسەر دێت؟
لە سەردەمی دیجیتاڵدا
ئابووریی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد دەروازەیەکی فراوانتری بە رووی بەرهەمهێنان، داهێنان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکاندا کردۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیاری نوێ لەمەڕ رەوشت دەوروژێنن: داتاکان موڵکی کێن؟ چۆن بەکار دەهێنرێن؟ کێ بەرپرسیارێتیی ئەو بڕیارانە هەڵدەگرێت کە ئەلگۆریتمەکان دەیدەن؟ ئایا دروستە کارایی تەکنۆلۆژی ببێتە پاساو بۆ پشتگوێخستنی شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی؟
ئەم پرسیارانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە گەشەسەندنی ئابووری و تەکنۆلۆژی پێویستیی رەوشت هەڵنا

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *