ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

لە یادی 42 ساڵەی شەهیدی سەركردە ملازم سەید كەریم و هاوڕێكانیدا

شەهید ملازم سەید كەریمی سەركردە، پێشمەرگە و فەرماندە لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا، بە ئازایەتی و بوێریی ناسرابوو، لە مەیدانی تێكۆشاندا بەزوویی جێگەی خۆی كردەوە و بوو بە فەرماندەیەكی دیار و لێوەشاوە.
ناوی تەواوی (سەید كەریم سەید كەریم سەید رەسوڵ)ە و ناسراوە بە ملازم سەید كەریم، لەدایكبووی ساڵی 1949ی گوندی (هاودیان)ی قەزای رەواندزە، ساڵی 1972 كۆلیژی سەربازیی بەغدای تەواوكردووە و كراوە بە ملازم، ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، لەبەر ئازایەتی كراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن لە هێزی سەفین.
لە شۆڕشی نوێدا گەڕایەوە بۆ باشووری كوردستان
دوای هەرەس چووەتە سوریا، ساڵی 1976 كە شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە، یەكێك بوو لە ئەندامانی دەستە چەكدارەكان بۆ گەڕانەوە بۆ باشووری كوردستان، بەڵام هەلومەرجی گەڕانەوەی نەبوو، بۆیە لە جاری دووەمدا لە بەهاری ساڵی 1977، لەگەڵ هاوڕێكانی گەیشتنە ناوچەی برادۆست لە سێگۆشەی ئێران- عیراق- توركیا، دوای ئەوەی خۆی گەیاندەوە باشووری كوردستان، سەرەڕای دژواریی هەلومەرجی سەختی قۆناغەكە،  بەگوڕوتینێكی پۆڵایین و بە هیوایەكی گەشەوە بوو بە یەكێك لە ئەستێرە درەوشاوەكانی شۆڕش و هەر ئەو ساڵە كرایە فەرماندەی هەرێم.
لە بەهاری ساڵی 1978دا سەركردایەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوانی كادرە پێشكەوتووەكانی كرد، شەهید سەید كەریم و 25 هەڤاڵی دیكە بەشدارییان تێدا كرد، سەركردایەتیی تازە هەڵبژێردرا و ملازم سەید كەریم وەك ئەندامی یەدەگی سەركردایەتیی كۆمەڵە هەڵبژێردرا.
بەشداریی چەندین داستان و نەبەردیی كردووە
شەهید ملازم سەید كەریم بەشداری و فەرماندەیی چەندین داستان و نەبەردیی و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنی كردووە و بەرگریی لە كوردستان كردووە، لە زۆرێك لەو داستان و بەرەنگارییانەدا رۆڵی فەرماندە و سەرپەرشتیاری بینیوە، دیارترینیان شەڕەكانی: ئیسكۆری، زیارەت، شێنێ، قەڵاسنج، قەندیل، هەورێ، چیوەی خواروو، سناوە، هیران، نازەنین، كەڵەكی باڵەییان و رزگاركردنی بێتواتە و شەڕەكانی پارێزگاری لە سەركردایەتی و زۆربەی چالاكییەكانی دەشتی هەولێر، یەكێك لە خەسڵەتەكانی ئەوە بووە كە باكی بە دوژمن نەبووە و بەرامبەر هەموو ئەگەرێكی دژوار، وشەی (چ نییە)ی بەكارهێناوە، تەنانەت ئەوكاتەی كە بیستبووی ئیستخباراتی بەعس پیلانی كوشتنیان داڕشتووە، وتبووی: «چ نییە، من لە دوژمن ناترسم».
ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە
لە قۆناغەكانی تێكۆشاندا، چەندین پلە و پایەی سەربازی و سیاسی پێسپێردراوە و دواپلەشی ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوو.
رۆژی 15/9/1984 كە گەرمەی وتووێژی نێوان شۆڕش و رژێمی بەعس بوو، بە پیلانی ئیستیخباراتی عەسكەری و لەڕێگەی جاشەوە، لەگەڵ هەردوو پێشمەرگەی قارەمان و هاوڕێیدا (نەهرۆ عەبدوڵڵا و سەباح مەجید)، لە بازگەی تاسڵوجە لە سلێمانی، شەهیدكران.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *