ئاخۆ کامیان باشتر بوو، وەبەرهێنان لە نەوتدا یان جینۆساید؟

ماوەیەک لەمەوبەر هاوڕێم لەتیف فاتیح فەرەج بابەتێکی لە کوردستانی نوێدا بڵاوکردبووەوە و تێیدا مەسەلەکەی بەو بارەدا شکاندبووەوە کەوا ئێمەی کورد، یان راستتر بڵێم ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەجیاتی ئەوەی کە پەنامان بردە بەر نەوت وەک هۆکارێک بۆ ئابووریی سەربەخۆ و سەرنجڕاکێشانی جیهان بە لای خۆماندا، قورسایی خۆمان بخستایەتە سەر ئەنفال و جینۆسایدەکەمان بۆ راکێشانی سۆز و پاڵپشتیی گەلان و زلهێزانی جیهان بەلای مەسەلە رەواکەماندا وەک گەلێکی ستەملێکراوی مێژوو کە مافی خۆیەتی قەوارەیەکی خۆی هەبێت و جینۆساید بکاتە نەخشەڕێگەی ئەو ئامانجە وەک چۆن گەلی جوو لە رێگەی هۆڵۆکۆستەوە بە ئامانجی خۆی گەیشت و سۆز و پاڵپشتیی تەواوی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا.
بەهەڵسەنگاندنی دۆخی خۆمان پێموایە ئەگەر جینۆسایدییشمان هەڵبژاردایە تا لێیەوە دەرفەتی پشتیوانیی گەلان دەسەڵاتدارانی جیهانمان دەستەبەر بکردایە لەڕووی تیۆرییەوە، ئەوا لە رووی پراکتیکەوە هەر وەک مەسەلەی نەوت و گاز و ئابووریی سەربەخۆکەمان دەکەوتەوە
کاک لەتیف وای بۆدەچێت کە ئەگەر ئێمەش وامان بکردایە بێگومان سەرکەوتووتر دەبووین و هەنگاوی باشمان دەبڕی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی لەمێژینەمان، بەڵام ئێمە لەم دۆخە ئاڵۆزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەدا و لە هەمووشی تاڵتر و نالەبارتر دۆخی ناوخۆماندا هاتین نەوتمان کردە سەرمەشقی هەوڵدانمان بۆ بنیاتنان و پێشخستنی وڵات لە عیراقێکدا کە هێشتا بیر و کرداری شۆڤێنیستی و مەزهەبگەرایی بەسەر چەند جومگەیەکیدا زاڵە، عیراقێک کە لە دامەزراندنییەوە تائێستاش نەتوانراوە بکرێتە وڵاتێک کە هاووڵاتیبوون تێیدا سەرپشک بێت و هەردەم گرژی و ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و تایفی تێیدا بەردەوام سەرقاڵی هاڕینی ئەوانی دیکە بووە و هەردەم حوکمڕانانی نەتەوەی سەردەست بە هەزار و یەک شێوە ستەمیان لە نەتەوەی کوردی بندەستیان کردووە، تا ئاستی گەیاندنی بە جینۆساید بە گوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان.
ئێمە لە دۆسێی نەوت و دواتریش گازدا دڵی خۆمان بەوە خۆشکرد کە هەرێمەکەمان دەخەینە سەر نەخشەی جیهانیی وزە و کۆمپانیا و کارتێلی جۆراوجۆری نەوتیی جیهانمان هێنا بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمدا، کە ئەم جۆرە گرێبەستانە لە جیهانی بەرهەمهێنانی نەوتدا زۆر دەگمەنە و تەنانەت هیچ کاتێک عیراقیش پەیڕەویی نەکردووە و بەم کارە گوایە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەستەبەر دەکەین بۆ مەسەلە رەواکانمان. دواتر کاری نەوت گەندەڵییەکی بێئامانی تێکەوت و سەرجەمی پرۆسەکە بوو بە کاری ژێربەژێری بەشێک لە حوکمڕانانن و هیچ خێرێکی نەبەخشییەوە بۆ خەڵکی وڵاتەکە و لە سەریشی قەرزێکی قەبە بەرۆکی گرتووین و ئەنجام دەستبەداریش بووین لێی و رادەستی سۆمۆمان کردەوە و پێشناچێت لە گازدا حاڵمان لە نەوتەکە باشتر بێت، ئێستا لە هەر مامەڵەیەکی نەوتدا بە دەرهێنان و بەبازاڕکردنییەوە، کۆمپانیا دەرەکییەکان لە خۆمان زیاتر خاوەنی بڕیارن، بۆیە نەوت بۆ ئێمە نەبوو بە خێر و بەرەکەت، بەڵکو زیاتر بووە بە دەرد و بەڵا بۆمان.
ئێمە بەم بارەمانەوە ئەگەر جینۆسایدی گەلەکەمان هەڵبژاردایە بۆئەوەی لێیەوە دەرفەتی هاوسۆزی و پشتیوانیی گەلان و بڕیار بەدەستانی جیهانمان دەستەبەر بکردایە و چەشنی هۆڵۆکۆستی جووەکان شتێکمان بە شتێک بکردایە، لە رووی تیۆری و گریمانەییەوە لەبار و بەجێ بوو، بەڵام لە رووی پراکتیکەوە ئەمیش هەر وەک مەسەلەی نەوت و گاز و ئابووریی سەربەخۆکەمان دەکەوتەوە و لەمەشدا هەر گرەومان نەدەبردەوە و نەدەبووین نەک بە جوو، بەڵکو بە ئەرمەن و ڤێتنام و رواندا و کۆسۆڤۆ و چەندین گەل و وڵاتی تری جینۆسایدکراو. لە حاڵەتی هەر یەکەیاندا وردەکارییەکی زۆر هەیە بۆ رێزگرتنی راستەقینە لە قوربانییەکانیان و تەوزیفکردنی ئەو ستەمە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجی باڵایان کە ئاسمان و رێسمان جیاوازییان هەیە لە نێوان مامەڵەی ئێمە و ئەوانەوە لەگەڵ کەیسەکانی جینۆسایدی گەلانی ئەوان و گەلی ئێمەدا و خۆمان باش دەزانین چۆن کارمان کردووە و تا چ رادەیەک ئەو مەسەلەیەمان کاڵکردووەتەوە و بێبایەخمان کردووە و کەسمان پێویستمان بە شیکاری و بەراوردی خۆمان و خەڵکی تری هاوشێوەمان نییە و چۆن لای ئێمە تا رادەیەک لە دروشم و هەڵڵاو بگرێکی کورتخایەن بەولاوە نەڕۆیشت و هەوڵەکانیشمان کورتی هێنا و بێ ئاکام بوو، ئێمە پێمان وایە ئەگەر قورسایی تەواویشمان بخستایەتە سەر ئەم بوارە هەر وەک نەوت و گازەکە دەکەوتەوە و لەمیشدا شتێكمان نەدەچنییەوە و باشتر ئەم مەسەلەیەش نەبوو بە کەرەستەی هەرزانبەهای بازرگانیی پڕ لە چاوچنۆکی و داڕووخانی ئاکار و مۆراڵمان لە دۆخێکی وادا کە هیچ کەس و لایەک خۆزگەمان پێ نەدەخواست، بەدەر لەوەی ئێمە لە چ وڵاتێکی ئیفلیجدا دەژین و لە چ پەیوەندییەکی ناهاوسەنگی هەرێمی و وڵاتانی دەوروپشتماندا مامەڵە دەکەین و چ سیستمێکی پڕوپووچی نێودەوڵەتی هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکات، با لێگەڕێین مەسەلەکە هەر لە دەروون و ویژدانی خەڵکە ستەمدیدەکەماندا بمێنێتەوە، تا رۆژی خۆی دێت و ئەم باری لاسەنگە بەسەردەچێت.




