ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

خوێندن لەنێوان بەخشینی بڕوانامە و بنیاتنانی مرۆڤدا

پەروەردە و خوێندن بە یەکێک لە گرنگترین ئەو کۆڵەکانە کە بووژانەوە و گەشەکردنی نەتەوەکانی لەسەر بنیات دەنرێت، چونکە تەنیا هۆکارێک نییە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی، یان دەستکەوتنی کار، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە و ئامانجی بنیاتنانی مرۆڤە لە رووی فیکری، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم چەند دەیەی دواییدا سیستمە پەروەردەییەکان لە زۆربەی دەوڵەتاندا، گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بە شێوەیەک کە زیاتر بایەخ بە پێدان، یان بەخشینی بڕوانامە و پێناسە فەرمییەکان دراوە، وەک لەوەی گرنگی بە پێگەیاندنی کەسایەتی مرۆڤ و ئامادەکردنی بێت بۆ وەڵامدانەی ئاڵنگارییەکانی ژیان. لەم سۆنگەیەوە پرسیارێک دێتەپێش: ئایا ئامانجی خوێندن بەخشینی بڕوانامەیە، یان بنیاتنانی مرۆڤێکە کە توانای داهێنان، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و بەشداریکردنی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکەیدا هەبێت؟
ناتوانرێت نکۆڵی لە گرنگیی بڕوانامە زانستییەکان بکرێت، چونکە ئەو  بەڵگەیە لەسەر بڕینی قۆناغە دیاریکراوەکانی خوێندن، بە پێوەرێکی گرنگی دامەزراوەکان دادەنرێت و  لە دامەزراندن و پۆلێنکردنی ئەکادیمی و پیشەییدا پشتی پێ دەبەسترێت. هەروەها دەرفەت بۆ خاوەنەکانیاندا واڵا دەکات بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا، یان چوونە ناو بازاڕی کارەوە، بەڵام کێشەکە لەو کاتەدا دەردەکەوێت کاتێک بڕوانامەکە دەبێتە ئامانجی کۆتایی خوێندن و ته‌واوی خەمی قوتابی دەبێتە کۆکردنەوەی نمرە، لەبەرکردنی کاتیی زانیارییەکان و تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان، بەبێ ئەوەی کارامەیییەکانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، یان توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود بەهاکانی دەستپاکی، هاوکاری و دیسپلین بەدەست بهێنێت.
ئەم تێگەیشتنە بەرتەسەکە بۆ خوێندن بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەگەلێکی نائومێدکەر، وەک لەبەرکردنی ئۆتۆماتیکی، ساختەکاری (قۆپیە)، وانەی تایبەتی زیاد لە پێویست و گەڕان بەدوای ئاسانترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی چۆنایەتی و جۆری فێربوونەکەش بێت. بەم شێوەیە هەندێک لە قوتابییان سەرکەوتنی خۆیان بە ژمارەی ئەو بڕوانامانە دەپێون کە هەیانە، نەک بە توانای بەگەڕخستنی مەعریفە بۆ خزمەتکردنی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. لە بەرامبەردا، کەسانێک دەبینین کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، بەڵام لە کارامەیییەکانی پەیوەندیکردن، یان کاری بەکۆمەڵ، یان دەستپێشخەری، یاخود تەنانەت توانای بڕیاردان لە هەڵوێستە پراکتیکییەکان بێبەشن.
خوێندنی راستەقینە سنووری هۆڵەکانی خوێندن و کتێب و مەنهەجەکانی قوتابخانە تێپەڕ دەکات، چونکە پڕۆسەیەکی بەردەوامە بۆ بنیاتنانی مرۆڤێکی هاوسەنگ لە ئاوەز، رۆح و رەفتاریدا. مرۆڤی خوێندەوار ئەو کەسە نییە کە زۆرترین بڕی زانیاریی لەبەر دەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەزانێت چۆن بیر بکاتەوە، چۆن بە بەردەوامی فێربێت و چۆن رێز لە جیاوازییەکان بگرێت، هەروەها بە ئەخلاق و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ کەسانی تردا بکات. لەبەر ئەمەشە، قوتابخانە و زانکۆ نابێت تەنیا دوو دامەزراوەی بەخشینی بڕوانامە بن، بەڵکو دەبێت دوو ژینگە بن بۆ بنیاتنانی کەسایەتی، گەشەپێدانی بەھرەکان و دۆزینەوەی تواناکان.
بنیاتنانی مرۆڤ، واتە چاندنی بەهاکان لە پێش زانیارییەکان و پەرەپێدانی کارامەییەکان لە پاڵ مەعریفەدا. راستگۆیی، ئەمانەتدارێتی، دیسپلین، رێزگرتن لە کات، رۆحی دەستپێشخەری و کارکردن بە رۆحی تیم، هەموو ئەوانە توخمگەلێکن کە گرنگییان لە زانست و بابەتەکانی خوێندن کەمتر نییە. کۆمەڵگەکان تەنیا بە زۆریی بڕوانامەکان گەشە ناکەن و سەرناکەون، بەڵکو بە هەبوونی ئەو تاکەکەسانە سەر دەکەون کە خاوەنی لێهاتوویی و ویژدانن و باوەڕیان وایە زانست بەرپرسیارێتییە پێش ئەوەی ئیمتیاز بێت.
لە دیارترین ئەو تایبەتمەندییانەی کە پەرە بەو خوێندنە دەدات کە مرۆڤ بنیات دەنێت، مەعریفە بە واقیعەوە دەبەستێتەوە. قوتابی تەنیا بە لەبەرکردنی تیۆرییەکان رازی نابێت، بەڵکو دەبێ فێربێت چۆن لە ژیانی رۆژانەیدا جێبەجێیان بکات و چۆن لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بەکاریان بهێنێت. کاتێک زانستەکان دەخوێنێت، بیرکردنەوەی ئەزموونی و گەڕان بە دوای بەڵگەکاندا فێر دەبێت، کاتێک مێژوو دەخوێنێت، پەند لە ئەزموونی نەتەوەکان وەردەگرێت و کاتێک ئەدەب فێربێت، هەستی جوانیناسی و توانای دەربڕین و تێگەیشتنی مرۆڤی لەلا گەشە دەکات. بەم شێوەیە مەعریفە دەبێتە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی مێشک، نەک تەنیا زانیارییەک کە لە لاپەڕەی تاقیکردنەوەدا لە بیر مابێت و بتوانێ بینووسێتەوە.

 بەرهەم دەهێنێت، کە رێز لە یاسا بگرێت، باوەڕی بە بەهای کار هەبێت، بەشداریی لە گەشەپێداندا بکات، ناسنامەی خۆی بپارێزێت و لەهەمانکاتدا بە رۆحی گفتوگۆ و هاوکارییەوە بە رووی شارستانییەتەکانی تردا کراوە بێت.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بگوترێت کە خوێندن پەیامەکەی خۆی لەدەست دەدات کاتێک دەگۆڕێت بۆ کارگەیەکی بەخشینی بڕوانامە، ئەو کات ئامانجی راستەقینەی خۆی بەدی دەهێنێت کە دەبێتە پڕۆژەیەک بۆ بنیاتنانی مرۆڤ. دەشێ بڕوانامە دەرفەتی کار بە خاوەنەکەی ببەخشێت، بەڵام مرۆڤی خوێندەوار، دەرفەت بۆ خۆی و بۆ کەسانی تر دەڕەخسێنێت، بە زانست، ئەخلاق و داهێنانی خۆی بەشداریی بووژانەوەی کۆمەڵگەکەی دەکات. لەم سۆنگەیەوە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم سیستمەکانی ئەمڕۆی خوێندن، زیادکردنی ژمارەی دەرچووان نییە، بەڵکو پێگەیاندنی مرۆڤێکە کە خاوەنی زانست، بەها و کارامەیییەکان بێت و بتوانێت بە متمانە، لێهاتوویی و بەرپرسیارێتییەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی سەردەم ببێتەوە. کۆمەڵگەکان بەو کاغەزانە بنیات نانرێن کە مۆر و واژۆیان پێوەیە، بەڵکو بە مێشکە رووناکەکان و دڵە هۆشیارەکان و ئەو ئیرادانە بنیات دەنرێن کە باوەڕیان وایە زانست پەیامێکە و مرۆڤ سامانە راستەقینەکەیەتی.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *