به‌حركه، ئه‌و گونده‌ی مێژووه‌كه‌ی بۆ 2700 ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه

(به‌حركه)، ئه‌و گونده دێرینه‌یه كه ده‌كه‌وێته به‌شی باكووری خۆرهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر و نزیكه‌ی 10 كیلۆمه‌تر له چه‌قی شاره‌كه دووره، ناوبانگێكی زۆری له‌ناو خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی زه‌وییه‌كی زۆری به‌پیتی كشتوكاڵی و نزیكیی له شاری هه‌ولێر و بوونی قورسایی هۆزی گه‌ردی تێیدا، كه به پایته‌ختی هۆزه‌كه ناسراوه، گونده‌كه پێشتر له ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر بوو، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ شاری هه‌ولێر لێكیداوه‌ته‌وه و له رووی ئیداریشه‌وه بۆته ناحیه.

دكتۆر سه‌عده‌دین كه‌ریم گه‌ردی
دكتۆر سه‌عده‌دین كه‌ریم گه‌ردی، شاره‌زا له مێژووی به‌حركەدا به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: گوندی به‌حركه سنووره‌كه‌ی له باكوورییه‌وه ناحیه‌ی سه‌لاحه‌دین و رووباری به‌ستۆره‌یه، گوندی تۆپزاوه و په‌رپیتانه، له باكووری رۆژهه‌ڵاتییەوە گوندی قه‌له‌مورتك، له رۆژهه‌ڵاتییەوە گوندی براغ، له باشوورییەوە گوندی پیرزین و كه‌ڕك، له رۆژئاواییەوە گوندی گه‌زنه و ئاشۆكان، له باكووری رۆژئاواییەوە گوندی جێژنیكانی ئه‌بابه‌كره.
سەرچاوەی ئاوی هەولێر بووە
سه‌عده‌دین گه‌ردی گوتیشی: به‌حركه یه‌كێكه له‌گونده هه‌ره كۆنه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر كه مێژووی ئاوه‌دانییه‌كه‌ی بۆ 700 ساڵ به‌ر له زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ساڵی 690 – 691 ی پێش زایین كاتێك سه‌نحاریب، پاشای ئاشوورییه‌كان پرۆژه‌ی ئاوی بۆ شاری هه‌ولێر ته‌واوكردووه، كانیی گوندی به‌حركه‌شی رێكخستووه و دیواری بۆ دروستكردووه، كه پێده‌چێت ئاوه‌دانی لێ بووبێت، له ساڵی 1948 كاتێك تیمێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری عیراق سه‌ردانیان كردووه و دوای پشكنین و لێكۆڵینه‌وه، بینیان هه‌ندێك له‌و به‌ردانه‌ی كه دیواری كانییه‌كه‌ی پێهه‌ڵچنراوه، نووسینی له‌سه‌ر هه‌ڵكۆڵراوه، كه نووسینه‌كانیان خوێندەوە ده‌ركه‌وت مێژووه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كاتە ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌نحاریب ئاوی له گوندی (قه‌له‌مورتك)ی نزیك به‌ستۆره بۆ شاری هه‌ولێر راكێشاوه، ئه‌وه‌ش باشترین به‌ڵگه‌یه کە به‌حركه ده‌مێكه ئاوه‌دانی لێبووه.
سه‌باره‌ت به ناوه‌كه‌شی گه‌ردی وتی: به‌حركه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئاشوورییه‌كان ناوی (مله چرگ) بووه، ئێستاش شوێنه‌واری خه‌رابه‌یه‌ك ماوه به‌و ناوه، واپێده‌چێت له (ماڵه چرگ)ەوە هاتبێت تاوه‌كو بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام له كوردستان ناوه‌كه‌ی بۆ (به‌حركه) گۆڕا، ئه‌وه‌ش به هۆی كانییه‌كه‌ییەوە بووه، كه كه‌وتبووه شوێنێكی قووڵ و ئاوه‌كه‌ی لەو شوێنە قووڵە كۆبۆته‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌وكات وه‌كو ده‌ریاچه‌یه‌ك بووبێت، بۆیه ناویان ناوه (به‌حرۆكه) واتا به‌حرێكی بچووك، دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه و بۆته به‌حركه. گۆرگیس عه‌واد و به‌شیر فه‌ره‌نسیس له كتێبی (نبذة تاریخیة في أصول أسما‌ء الا‌مكنة العراقیة وفوائد هذا البحث)، نووسیویانە به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كوردستان خوێندنی حوجره‌كان به زمانی عه‌ره‌بی بووه و كوردی كه‌م خوێندراوه، بۆیه ناوی عه‌ره‌بی له‌و گونده نراوه.
گۆڕستانەکانی بەڵگەن
دكتۆر سه‌عده‌دین ده‌ڵێت: به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی دێرینی به‌حركه بوونی دوو گۆڕستانی گه‌وره‌یه كه له‌سه‌ر نزیكه‌ی 100 دۆنم زه‌وییه، ئه‌وانیش گۆرستانی (شێخ وه‌یس) له باشوور، گۆڕستانی (كێله سپی) له باكووری خۆرهه‌ڵاتی گوندەکەیە، كۆنی گۆڕستانه‌كه وایكردووه زۆربه‌ی گۆڕه‌كان له‌گه‌ڵ زه‌وییه‌كه‌ی رێكبێته‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد له كۆندا گونده‌كه هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌كه‌ی ده‌كه‌وته خوار كانییه‌كه‌ی، وتی: ئه‌وه‌ش تاوه‌كو ئاوه‌كه به ئاسانی بگاته دانیشتوانه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خانوو له‌هه‌ر چوار لای كانییه‌كه دروستكرا، بۆیه ئێستا كانییه‌كه كه‌وتۆته ناو گوندەکەوە، ئاوی كانییه‌كه‌ش به ده‌رمان به ناوبانگ بووه، گوتیشی: كانیاوه‌كه تا سه‌ره‌تای ساڵی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م تاكه سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی ئاوی گونده‌كه بووه، دواتر له سه‌ره‌تای په‌نجاكان بیرێكی ئیرتیوازی له خوارووی گونده‌كه هه‌ڵده‌كه‌ندرێت، بۆیه ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی كه له نزیك بیره‌كه دروستكرا ناونرا (بیران)، ئه‌و كانییه به‌رده‌وام ئاوی له‌به‌ر رۆیشتووه، به‌تایبه‌تی له‌كاتی شه‌ودا، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی هه‌ڵكۆڵینی بیرێكی زۆری ئاو له‌نزیك کانییەکە، ئاوی کەم بۆتەوە.
له‌باره‌ی پیشه‌ی خه‌ڵكی به‌حركه، دكتۆر سه‌عده‌دین ده‌ڵێت: له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م تا كۆتایی ساڵی حه‌فتاكان كاری ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵی بوو، كه جووتیاره‌كانی گه‌نم و جۆ و نیسك و نۆكیان چاندووه، له‌م دواییه‌شدا دوای هه‌ڵكه‌ندنی بیری ئاو به‌رهه‌می هاوینه‌شی لێكراوه، به‌ڵام له دوای ساڵی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م چینی مامۆستا و ئه‌ندازیار و پزیشك و فه‌رمانبه‌ری زۆری لێپه‌یدابوو، بۆیه ئێستا خه‌ڵكێكی زۆری به‌حركه به پیشه‌ی فه‌رمانبه‌رییەوە خه‌ریكن.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد کە زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌حركه له نه‌ته‌وه‌ی كوردی موسڵمانن و سه‌ر به‌هۆزی گه‌ردین، به پێی سه‌رچاوه‌كان چوار تا پێنج سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر كوردانی هۆزی گه‌ردی له ناوچه‌ی (وان)ی باكووری كوردستان هاتوونه‌ته ئه‌و گونده و نیشته‌جێبوون، كه ئه‌م گونده هه‌رده‌م شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌رۆكه‌كانی هۆزی گه‌ردی بووه كه له ساڵی 1816 شێخ محه‌مه‌د ئاغای كوڕی حه‌سه‌ن ئاغای كوڕی ئه‌حمه‌د ئاغای كوڕی عه‌باس ئاغا سه‌رۆكی هۆزه‌كه بووه و ماڵی له به‌حركه بووه، دوای ئه‌ویش كاكل ئاغای كوڕی له ساڵی 1875 بۆته سه‌رۆكی هۆزه‌كه و ئه‌ویش ماڵی له به‌حركه بووه، پاشان نه‌وه‌كانی له‌وێ ژیاون، كه به‌حركه به ناوه‌ندی بڕیاردانی ئه‌و هۆزه ده‌ناسرێت، كه زۆربه‌ی به‌ره‌بابی گه‌ردییه‌كان له‌و گونده‌وه بۆ گونده‌كانی دیكه بڵاوبوونه‌ته‌وه.
لەسەر رێگەی سەرەکیی بووە
باسی له‌وه‌شكرد له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان رێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر – رواندز به گوندی به‌حركه‌دا تێپه‌ڕیوه تا له ساڵی 1930 رێگای هاملتۆن دروستكرا و رێگاكه گۆڕا، دوای بوونی عه‌نكاوه به ناحیه، به‌حركه ده‌بێته گوندێكی سه‌ر به‌و ناحیه‌یه.
روونیشی كرده‌وه دیوه‌خان و حوجره و مزگه‌وت ناوه‌ندێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌ی جووتیاران و خاوه‌ن موڵكه‌كانی بووه و زیاتر له 200 ساڵ خوێندگای ئایینی لێ بووه و به سه‌دان مامۆستای ئایینی له‌و حوجره‌یه ده‌رچوون و به كوردستاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه.
دكتۆر سه‌عده‌دین ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، پانتایی زه‌وییه كشتوكاڵه‌ییه‌كانی گوندی به‌حركه 25059 دۆنمه، كه 835 دۆنمی زوورگه، ئه‌وه‌ی دیكه‌شی نه‌رمه زه‌وییه كه بۆ كشتوكاڵ له‌باره و زۆر به‌پیتن.
به‌حركه چه‌ندین رووداوی سیاسی و سه‌ربازی به‌خۆوه بینیوه، دكتۆر سه‌عده‌دین ده‌ڵێت: ساڵی 1896 كاتێك كاكل ئاغای سه‌رۆكی هۆزی گه‌ردی له حكومه‌تی عوسمانی یاخی ده‌بێت، له‌ناكاو له‌شكرێكی گه‌وره‌ی دوو هه‌زار سواری عوسمانی له شاری كه‌ركوكەوە به‌سه‌ر گوندی به‌حركه‌دا ده‌ده‌ن، بەو هۆیه‌وه كاكل ئاغا ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و ماوه‌ی شه‌ش مانگ له به‌ندیخانه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر به‌ندی ده‌كه‌ن، بەوهۆیه‌وه جه‌نگاوه‌رانی گه‌ردی ساڵی 1897 هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر قه‌ڵاتی هه‌ولێر و ده‌ستبه‌سه‌ر داموده‌زگاكانی ئه‌وكاتی شاره‌كه ده‌گرن و ده‌رگای به‌ندیخانه ده‌شكێنن و سه‌رۆكی هۆزەكه‌یان و 72 زیندانیكراوی دیكه ئازاد ده‌كه‌ن و ده‌یانهێننه گوندی به‌حركه، بۆیه به‌هاری 1897 گونده‌كه له‌لایه‌ن سوپای عوسمانییەوە ده‌سووتێنرێت كه هه‌وڵیاندا كاكل ئاغا ده‌ستگیر بكه‌نه‌وه.
ساڵی 1917 و له كاتی به‌رپابوونی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، سوپای عوسمانییه‌كان به به‌حركه‌دا ره‌ت ده‌بن و ده‌یانه‌وێت كاروانچییه‌كی هۆزی خۆشناو رووت بكه‌نه‌وه، بۆیه خه‌ڵكی گوندی به‌حركه رووبه‌ڕووی سوپای تورك ده‌بنه‌وه و چه‌ند سه‌ربازێكی تورك ده‌كوژن و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش به‌دیل ده‌گرن.

سمکۆی شکاک سێ مانگ لێی ماوەتەوە
هه‌ر به وته‌ی سه‌عده‌دین گه‌ردی ساڵی 1922 كاتێك (سمكۆ ئاغای شكاك) له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان شۆڕش به‌رپا ده‌كات و په‌ناگه‌ی نامێنێت، روو ده‌كاته باشووری كوردستان، له‌وێ ده‌بێته میوانی گوندی به‌حركه و له دیوه‌خانی جه‌میل ئاغا بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگ ده‌مێنێته‌وه، كه (ئه‌دمۆنز)ی ئینگلیز ده‌ڵێت: (من و ئه‌حمه‌د عوسمان ئه‌فه‌ندی) یه‌كه‌م موته‌سه‌ریفی هه‌ولێر له ساڵی 1922 له‌گه‌ڵ جه‌میل ئاغا و سمكۆ له دیوه‌خانی به‌حركه كۆبووینه‌وه.
ساڵی 1963 خه‌ڵكی به‌حركه دژی حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان سه‌نگه‌ر له چوارده‌وری گوند لێ ده‌ده‌ن بۆ به‌رگری لێی، كه قه‌ومییه‌كان ده‌یانویست هێرش بكه‌نه سه‌ریان، سه‌عده‌دین ده‌شڵێت: به‌حركه ساڵی 1944 له سه‌رده‌ستی بایز جه‌میل ئاغا خوێندنگەی سه‌ره‌تایی تێدا كراوه‌ته‌وه و جووتیارانی هانداوه منداڵه‌كانیان ره‌وانه‌ی قوتابخانە بكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكەوە به پێی سه‌رژمێری ساڵی 1957 به‌حركه له رووی دانیشتوان و رووبه‌ره‌وه گه‌وره‌ترین گوندی پارێزگای هه‌ولێر بووه و ژماره‌ی دانیشتوانی 1158 كه‌س بووه، هه‌ر وه‌ك له ساڵی 1955 بنكه‌ی ته‌ندروستی تێدا كراوه‌ته‌وه و ساڵی 1976 هێڵی كاره‌بای نیشتمانی بۆ راكێشراوه، ساڵی 1982 تۆڕی دابه‌شكردنی ئاوی بۆ دانراوه، ساڵی 1977 – 1978 كۆمه‌ڵگەی زۆره‌ملێی تێدا دروستكراوه و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كانی شێروان مه‌زن و مێرگه‌سووری تێدا كۆكراوه‌ته‌وه.
سه‌عده‌دین ئه‌وه‌ش باس ده‌كات، ساڵی 2002 به‌حركه ده‌كرێته ناحیه و 14 گوندی خراوه‌ته‌سه‌ر و 9 مزگه‌وت و باڵه‌خانەکانی هەریەک لە ناحیه و فه‌رمانگه‌ی شاره‌وانی و دادنووس و كاره‌با و ئاساییش و بنكه‌ی رۆشنبیری و یاریگا و هۆڵی بۆنه‌كان و باچخه‌ی ساوایان و پاركی تێدایە.



