خەڵاتی كارۆ دابەشدەكرێت

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی ئەیلولی 2026 رێوڕەسمی دابەشكردنی حەوتەمین خەڵاتی كارۆ لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و هەروەک بڕیاریشە خەڵاتی ئەمساڵی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری كارۆ پێشكەش بە پرۆفیسۆر د. هێمن عومەر خۆشناو بكرێت.
عەتا مەحمود بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیریی كارۆ بە دوالاپەڕەی گوت: خەڵاتی ئەمساڵی ناوەندی كارۆ لە بواری ساغكردنەوەی دەستنووسی وێژەیی دەبێت، خەڵاتی ئەمساڵیش بۆ پرۆفیسۆر د. هێمن عومەر خۆشناو دەبێت.
گوتیشی: وەك رێزێكیش بۆ هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا (محەمەد عەلی قەرەداغی) لە بواری كۆبار (ئەرشیف) و ساغكردنەوەی دەستنووسی وێژەیی، خوڵی ئەمساڵمان بە ناوی ئەو مامۆستایەوە ناوناوە.
بەڕێوەبەری ناوەندی كارۆ ئاماژەی بەوەشدا، رێوڕەسمەكە كاتژمێر 5ی ئێوارە لە سینەما سالم بەڕێوەدەچێت و تێیدا كتێبی (وەحدەتی خولووص لە شەرحی حودووث) كە دەقێكی مەلای جزیرییە و پرۆفیسۆر د. هێمن عومەر وەرگێڕان و كاری ساغكردنەوەی بۆ كردووە، بڵاودەكرێتەوە، هاوكات، ژمارە دووی بڵاوكراوەی كارۆ بڵاودەكرێتەوە كە لەنێویدا 14 نووسەر لە ناوەوە و دەرەوە و 9 دەزگا و ناوەندی وێژەیی و رووناكبیریی پەیام و گوتار و سەرنجی خۆیان لەمەڕ خەڵاتی كارۆ خستوەتەڕوو.
عەتا مەحمود رایگەیاند: خەڵاتی ئەمساڵی كارۆ، كوالێتییەكی بەرزی جیهانی هەیە، لە سوید لەلایەن هونەرمەند شوان كەمال -ەوە لەسەر ئەركی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیریی كارۆ ئامادەكراوە و لە رێوڕەسمەكەدا پێشكەش بە پرۆفیسۆر د. هێمن عومەر خۆشناو دەكرێت.
ناوەند و چاپخانەی كارۆ، ناوەندێكی كەرتی تایبەتە كە عەتا مەحمود و هاوژین مەحمود خاوەندارێتی دەكەن و ماوەی 27 ساڵە دامەزراوە و خزمەتی چاپخانەی كوردی دەكات، حەوت ساڵیشە خەڵاتی كارۆیان راگەیاندووە و هەر خۆشیان سپۆنسەریی دەكەن کە ساڵانە ئەو خەڵاتە پێشكەش بەو كەسانە دەكرێت كە خزمەت بە كەلتور و رۆشنبیری و مەعریفەی كوردی دەكەن.




