فارسی و توركی

وتی مام جەلال زۆر بە توڕەییەوە تێلی بۆ كردم.. ئازاد ئەوە چ….. ئەو كێشەیەی بۆ من دروستكردووە؟
ـ مامە كێشەی چی ئاگام لە هیچ نییە؟؟!
ـ دەی….. با….. ئەمە دوو یاداشتنامەی رەسمیم لە ئێران و توركیاوە بۆ هاتووە لەسەر پوك تەڕەماش!! (مام لە توڕەییدا وای پێدەوتین) مەبەستی PUKMEDIA بوو.. بێگومان ئەو رۆژگارە ئازاد جندیانی لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن بوو، زۆر بە وردی ئاگای لە هەردوو یاداشتەكەی ئێران و توركیا بوو، لەو حاڵەتەدا خۆی كردبوو بە كەڕەی شەربەت بەڵكو ئەم كێشەیەش تێپەڕێت..
بەڵام توڕەیی مام جەلال بەمە هیۆر نەدەبوویەوە، سەرەتا ویستی هەموو سایتەكە دابخات، بە هەر حەوت زمانەكەوە، بەڵام لەسەر پێشنیاری كاك ئازاد تەنها بە داخستنی هەردوو بەشی فارسی و توركی و رازیكردنی هەردوو دەوڵەت لە رۆژی 31/8/2008 بەشێكی كێشەكە كۆتایی هات، ئەو داخستنەش بەردەوام بوو تا رۆژی 3/8/2026 واتە ئەو دوو بەشە ماوەی 18 ساڵ بە داخراوی مانەوە.
لە دامەزراندنی ئەو سایتەوە لە 2002 تا ساڵی 2022 ئێمە بەرپرس و سەرنووسەری پوكمیدیا بووین. زیادەڕۆیی ناكەم گەر بڵێم سەدان كێشەی قەبە و ناقۆڵا هاتنە رێمان، دەیان جار هەڕەشە و گوڕەشە و سەدان جار پیاهەڵدان و رێخۆشكردن بۆ دیاری و بەرتیل و …. هتد. چەندین جار نیمچە كێشەی دیبلۆماسی خولقا لەگەڵ باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و لایەنە سێبەرەكانی ئەم دوو شوێنە، لەگەڵ حكومەتی عیراقی تازە، سوپای عیراق و دەزگا هەواڵگریەكانی، كێشەی گەورەی پەیامنێرەكانمان با بوەستێت، كار گەیشتە ئەوەی چەندین جار پەیامنێرەكانم لە لادێ و شوێنە دوورەدەستەكان بشارمەوە..
خۆ باسی هەڕەشە و چاوسوركردنەوەی مەسئول و باڵەكانی ناو یەكێتی ناكەم كە ئەوكات چوار یان پێنج باڵ بوون، بەڵام ئەم كەناڵە لە ریزبەندیی سایتە كوردیەكاندا یەكەمی یەكەمەكان بوو، تا هەردوو دەوڵەتی دراوسێ وەك ئەوەی پێكەوە رێك كەوتبن لە ماوەی یەك هەفتەدا دوو یاداشتی (زمانی توند ـ شدید اللهجە) یان نارد بۆ جەنابی مام وەك سەرۆك كۆمار، ئێ بێگومان ئەو ئاخاوتنە توندەی لێكەوتەوە كە لە سەرەتای گۆشەكەدا باسم كرد، چونكە مام وەك خۆیان دەیانوت بە بنێشتە تاڵ پەیوەندیەكان دەلكێنن، چۆن دەبێت پوك تەڕەماش پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران و توركیا و عیراق تێكبدات، چونكە سوپاسالاری ئەوكاتەی توركیا (یەشار بیوكانێت) لەماوەی دوو مانگدا سێجار هێرشی توندی كردە سەر پوك میدیا و دوایین جار ناوی مام جەلالیشی هێنا.
پاش ئەوەی بڕیاری داخستنی هەردوو بەشەكە چووە بواری جێبەجێكردن.. لە سەرانسەری هەردوو وڵاتدا، ئەم سایتە بلۆك كرا و لە ئێنتەرنێتی توركیا و ئێران دا سایتی PUKMEDIA قەدەغەكرا، ئیتر سەدان كێشەی گەورە سەری تێكردین، لە كۆبونەوەكانمان لەگەڵ مام لە دوكان یان دەباشان داوامدەكرد رێگەمان بدات بەشی فارسی و توركی بكەینەوە، بەڵام لەهەموو بارەكاندا تەنانەت لە دوایین دانیشتندا كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی 2012 لێم پرسی رێگە دەدەیت جارێكی تر هەردوو بەشەكە بكەینەوە؟؟ وتی نەخیر ماوتانە، هەرچەندە من سەیری ئێنتەرنێت و شتی وا ناكەم، بەڵام مادام زۆر سكاڵات لەسەر دەكەن و زۆر باستان دەكەن و دەوڵەتانی گەورە شكاتتان لێدەكەن، دیارە شتێكی باشتان بۆ كورد و كوردستان كردووە، بڕۆ لەلایەن مامی خۆتەوە سەرپشك بە و بەبێ ئەو دوو بەشە هەر چیت پێویست بوو بە مامی خۆت بڵێ.. ئیتر اعلان یش مەكە (مەبەستی لە ریكلام بوو)، هەر چیت ویست خۆم بۆت دابین دەكەم..
مەبەستمە لێرەدا بڵێم جەوهەری كار بە پیاهەڵدان وبازاڕگەرمكردن نییە، دوو دەوڵەت یەكیان ئەندامی ناتۆ و ئەوی تریان خاوەنی چەندین ملیۆن چەكدار، كەچی بە رەسمی دێنەسەرخەت بۆداخستنی دوو بەشی بچوكی میدیایەك، چونكە میدیای راستەقینە لەهەموو چەكەكان كاریگەرترە و بە ناوی زل و دێی وێرانیش نییە، چونكە بە ریش نییە بە ئیشە..




