بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

” شەهید ئارام ” سەرکردە مێژووییەکەی کوردستان

شاسوار جەلال سەعید، ناسراو بە ئارام یان شەھید ئارام، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ڕێبەرێکی بزووتنەوەی خوێندکاران بووە، ئەو بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و شۆڕشی ڕزگاریی گەلانی عێراق لە ڕژێمی بەعس تێکۆشاوە، ئەمڕۆش٤٨ ساڵە بەسەر شەهیدبوونیدا تێپەڕدەبێت.

ئارام ببووە سیمبۆلی خەباتی کرێکاران و ڕەنجدەران لە باشوری وڵات، ئەو ئارامەی کە لەسەردەمی بێ هیوایی و بێباوەڕیی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، هیوا و باوەڕی لەناو دڵی کرێکار و ڕەنجدەرانی باشوری کوردستان ژیاندەوە.

شەهید ئارام پێیوابوو کرێکاران و ڕەنجدەران سوتەمەنی شۆڕشن و بەبێ ئەوان مەحاڵە شۆڕش سەربکەوێت، بۆیە بە پێویستی دەزانی هەم بۆ مسۆگەری سەرکەوتنی شۆڕش و هەم بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەدوای سەرکەوتن حزبی پێشڕەوی خۆیان هەبێت.

ئارام لە مانگی ١١ی ساڵی ١٩٤٧، لە گەڕەكی (حاجی حان)ی شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتوویی بڕیوە، بەهۆی سەرکەوتووی و بەرزی نمرەکانی خوێندنگەی، لە ساڵی ١٩٦٤ لەبەشی میكانیكی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی كەمی توانای بینایی چاوەكانی، وەرگرتنەكەی ڕەتكراوەتەوە و بەناچاری چووەتە كۆلێژی بازرگانی‌ لەساڵی ١٩٦٩ – ١٩٧٠، و ئەو کۆلێژەی تەواو كردووە.

هەر لە سەرەتای لاویێتییەوە، ئارام تێکەڵاوی کاری سیاسیی و دنیای ڕۆشنبیریی بووە و توانیویەتی لەڕیزی پێشەوەی خەباتی لاوان و خوێندکاراندا بێت، ئەندامی چالاکی یەکێتیی قوتابییان بووە، ڕۆژنامەنووسێکی چالاکیش بووە و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین بابەتی لە ڕۆژنامەکانی ھاوکاریی و برایەتیی’دا بڵاوکردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٠ شەهید ئارام چووەتە ڕیزی ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستانەوە، هەمان ساڵ یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ساڵی ١٩٧٤ وەک نوێنەری سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بەشداری کۆنگرەی لاوانی جیھانی لە مۆسکۆ کردووە، ساڵی ١٩٧٦ دوای دەستگیرکردنی خاڵە شیھاب و ھاوڕێکانی، ئارام وەکو سکرتێری کۆمەڵە ئەرکی ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی کۆمەڵەی لە ئەستۆ گرتووە.

ساڵی ١٩٧٥ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- ی ن ک دادەمەزرێت، شەهید ئارام ڕۆڵێکی گەورەی تێدا دەگێڕێت، تا لە ساڵی ١٩٧٧ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی هەڵبژێردرا.

شەهید ئارام فکرێکی چەپی هەبووە، لە ساڵی ١٩٧٥ شەهید ئارام لە ژمارە ١ی ئاڵای شۆرشدا نووسیوویەتی:”شۆڕشەكەمان بریتیی نییە لە بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی تەسكی گەلی كورد، بەڵكو شۆڕشی دیموكراتی گەلانی عێراقە و لە كوردستانەوە بەهۆی تەقینەوەی ناكۆكییەكانەوە و هەروەها لە سایەی باش هەڵكەوتنی كوردستانەوە دەستیپێكردووە”.

شەهید ئارام لە ناو شاری سلێمانیدا بە نهێنیی سەرقاڵی بەھێزکردنی ڕێکخستنەکان بووە، توانیویەتی شانە و ڕایەڵەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فراوان بکات و دەستەی پێشمەرگەی سەرەتایی ئامادە کردووە و ڕەوانەی گۆڕەپانی خەباتی نوێی کردوون.

ساڵی ١٩٧٦ ئارام ڕوویکردووەتە شاخ و لەو قۆناغەشدا گەشەی بە شۆڕش داوە و بەردی بناغەی کاروانێکی نوێی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعسدا داناوە و یەکەم دەستەی پارتیزانە چەکدارەکانی شۆڕشی نوێی دامەزراندووە.

شەهدی سەرکردە بەنهێنی چاپخانەیەكی سەرەتایی لەناوچەی قەرەداغ دانابوو، بەیاننامە و بڵاوكراوەكانی شۆڕشی دەنووسی و چاپ دەكران، لە كاركردنیدا هێندە بە بەرنامە و وردبین بوو، توانیبووی خەڵكی هەموو ئەو ناوچانەی كە تێیدا دەگەڕا و ڕێبازی شۆڕشی بۆ ڕووندەكردنەوە، باوەڕی تەواویان بە وتە و قسەكانی ئارام دەهێنا و دڵسۆزیی ‌و خۆشەویستییەكی لەڕادەبەدەریان بۆی هەبوو.

لە ڕۆژی ٣١ی مانگی ١ی ١٩٧٨، شەهید ئارام لە گوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ كەوتە بۆسەی جاشەکانی ڕژێمی ئەوکاتەی بەعسی عێراقییەوە و وە و شەهیدكراوە، لە کاتی دەرچوونی ئارام لە گوندەکە، لەلایەن ئەم جاشانەوە دەستڕێژیان لێ کرا و شەھیدیان کرد، بەهۆی ئەوەی کە جاشەکان نەیانزانیبوو ئەوەی کەوتوەتە بۆسەکەیان کێیە، تەرمەکەشیان لە شوێنی ڕووداوەکەدا بەجێھێشتبوو، دواتر لەڕێگەی ئێزگەی یەکێتی و دەزگای سیخوڕییەوە زانیبویان ئەوەی کە شەھید بووە ئارامی سەرکردە بووە.

ئارام شاسواری ڕێگەی خەباتی ڕەنجدەران بوو، ئارام نامۆ بوو بە تەکیەی شێخ و دیوەخانی ئاغا و بیری تەسکی بۆرژوازی و ناسیۆنالیستی، بۆیە قەرەداخی هەڵبژادبوو بۆ ئەوەی بیکاتە لانکەی خەبات و بەرخۆدانی کرێکاران و ڕەنجدەران بۆ ڕزگاری و دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *