مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زامنكراوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زامنكراوە و مانگانە خەرج دەكرێت، وتیشی: بەكۆتاییهاتنی دۆخی ئێستای ناوچەكە و نەمانی كۆسپەكانی بەردەم هەناردەی نەوت، گرفتی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پارەی نەختینە لە عیراق، چارەسەر دەبێت.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەرچی بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عیراقەوە، داهات كەمیكردووە، بەڵام دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەردەوام دەبێت و نافەوتێت، وتیشی: هەر بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی حكومەتەوە، ماوەی دوو مانگە دابەشكردنی مووچە لە عیراق دوادەكەوێت، ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، مانگانە لەكاتی خۆی دوادەكەوێت، بەڵام خەرجدەكرێت، بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی حەوتیش، گرفتێكی ئەوتۆ نییە و هاوشێوەی مانگەكانی دیكە رەوانە دەكرێت




