بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

یەکەم کاروانى ئاوارەکانى سەرێ کانى بۆ زێدى خۆیان دەگەڕێنەوە

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی راگوزەرى سوریا و هەسەدە، یەکەم کاروانی ئاوارەی سەرێ کانی لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو شارەکەی خۆیان بەڕێکەوتن، ئەمەش دوای حەوت ساڵ لە ئاوارەییان بەهۆی هێرشەکانی ساڵی 2019ی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی هاوپەیمانی.

ئەمڕۆ دوو شەممە 10ی ئابی 2026، لە یەکەم کارواندا سەدان خێزانی سەرێ کانی لە شارۆچکەی حەسەکەى رۆژئاڤای کوردستان دوای حەوت ساڵ لە ئاوارەیی دەستیان بە گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان کرد، ئەمەش هەنگاوێکى زەمینەسازیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەی زیاتر بۆ سەر ماڵوحاڵ و گوندەکانی خۆیان.

ئاوارەکانی سەرێ کانی لە دوێنێ یەکشەممە(9ى8ى2026)ەوە دوا ئامادەکارییەکانیان بۆ گەڕانەوە دەستپێکردبوو، خێوەتەکانیان هەڵدەگرت و کەلوپەل و پێداویستییەکانیان کۆدەکردەوە بۆ بەجێهێشتنی کەمپەکان و بەڕێکەوتن بەرەو ناوچەکانی خۆیان.

هەزاران هاووڵاتی دانیشتوانی سەرێ کانی دوای هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019 ئاوارە ببوون.

زەهرە سەمعۆ بەڕێوەبەر لە لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی رایگەیاند: ناوی ئاوارەکان تۆمارکراوە و پسووڵەی داراییان پێدراوە وەک هاوکارییەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و نۆژەنکردنەوەی ماڵە وێرانبووەکانیان و ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان دابینکراوە.

تۆمارکردنی ناوی ئەو ئاوارانەى کە ئارەزومەندی گەڕانەوەن بەردەوام دەبێت و لە دوێنێ-وە لەناو شارەکانی دێرک، دەرباسیە، تەل تەمر و عامودا دەستپێکراوە و لە رۆژانی داهاتوودا شارە گەورەکانی وەک قامیشلۆ و حەسەکەش دەگرێتەوە.

بڕیاربوو یەکەم کاروان کە زیاتر لە 600 خێزانی تێدابوو لە پێنج شەممەی رابردوو (6ی ئاب) بەڕێبکەوێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکارییەکانی هەندێک لە خێزانەکان بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیان، پرۆسەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی 29ی کانونی دووەمی نێوان حکومەتی راگوزەر و هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە) دێت، کە بەندەکانی زامنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و گەڕانەوەی سەقامگیری دەگرێتەوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *