كاتێك وێنە رەش و سپییەكان رەنگی ژیان وەردەگرنەوە

زۆرجار کە دیاریمان بەدەست دەگات، رێگای دڵ دەگرێتەبەر؛ هەر شتێكی ئاسایی نییە كە پێشكەش بكرێت، بەڵكو كلیلێكە بۆ كردنەوەی دەرگای ژوورێك لە بیرەوەریدا، كە ساڵانێكە داخراوە. كاتێك ئەو دەرگایە دەكرێتەوە، مرۆڤ نازانێت پێبكەنێت، یان بگری؛ چونكە لەوێ خۆشی و حەسرەت، دیدار و دابڕان، ژیان و كۆچ لە یەك وێنەدا كۆدەبنەوە.
كاك پشتیوان ئەحمەدی هاوگەڕەكم لە خانەقین، ئەلبومێكی پڕ لە وێنەكانی ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردووی بۆ هێنام؛ وێنەگەلێك كە لە جەلەوە، لە كەناری ئەڵوەن و لە ناو باخەكانی خانەقین گیراون. بە پێكەنینێكی تایبەت بە خۆی و سۆزێكی پڕ لە نهێنیی بیرەوەرییەوە وتی: دیارییەكی نایابم بۆ هێناویت؛ وێنەی خۆت و هاوڕێ نزیكەكانتە. دەزانم بە بینینیان كانیی بیرەوەرییەكانت زیاتر دەتەقێتەوە و پڕبەرهەمتر دەبێت.
ئەلبومەكەم لە دەستی وەرگرت، بەڵام هەستم كرد تەنها كۆمەڵێك وێنەم وەرنەگرتووە، بەڵكو بەشێك لە تەمەنی خۆمم وەرگرتووەتەوە. پەڕەی یەكەمم هەڵدایەوە و لەناكاو دیوارەكانی ئەمڕۆ لە دەوروبەرم ون بوون. ساڵەكان گەڕانەوە، ئەڵوەن دووبارە خرۆشایەوە، باخەكان بۆنی خاك و دارخورمایان لێدەهات و دەنگی هاوڕێكانم لە نێوان پەڕەكانی ئەلبومەكەوە بەر گوێم كەوتن.
بە بینینی وێنەكان حاڵێكی سەیر دایگرتم؛ وەك دەروێشێك، دوای ساڵانێك گەڕان، شێخەكەی بینیبێتەوە. نە ئەمڕۆ ما، نە تەمەن و نە ئەو ساڵانەی لەنێوانماندا تێپەڕیبوون. چوومە ناو وردەكاریی وێنەكان؛ ناو پێكەنینێك، نیگایەك و دەستێك كە بە سۆزەوە لەسەر شانی هاوڕێیەك دانرابوو.
هەوڵمدا بگەڕێمەوە بۆ ئەو چركەساتەی كامێراكە «چرك»ەی هات؛ ئەو ساتەی كەسمان نەماندەزانی رۆژێك دەبێتە پەنجەرەی گەڕانەوەمان. ئەوكات كامێرا تەنها چركەیەكی لە ژیان دەگرت، بەڵام ئێستا دەبینم سەردەمێكی تەواوی پاراستووە.
وێنەكان رەش و سپی بوون، بەڵام من تێیاندا هەزاران رەنگم دەبینی؛ سەوزیی باخەكان؛ شینیی ئاسمانی خانەقین؛ زێڕینیی خۆر لەسەر ئاوی ئەڵوەن و رەنگی گەشی پێكەنینی هاوڕێكان.
تێگەیشتم رەنگ تەنها لە چاودا نییە، هەندێك رەنگ لە بیرەوەریدا دەژی و كات ناتوانێت بیسڕێتەوە، بەڵام لەنێوان ئەو پێكەنینانەدا، حەسرەتێكی قورس هەبوو. هەندێك لەو هاوڕێ و ئازیزانەی لە وێنەكاندا لە تەنیشتمان وەستاون، كۆچی دواییان كردووە؛ بەڵام لە ناخماندا هێشتا دەژین. لە وێنەكاندا گەنجن، پێدەكەنن و چاوەكانیان پڕ لە خەونن؛ وەك ئەوەی كات هەرگیز دەستی پێیان نەگەیشتبێت. چاوم لە سیمایان دەكرد و لە ناخمدا بە بێدەنگی دەمپرسی: ئایا ئێوەش ئێمەتان لەبیرە؟ ئایا لەو جیهانەی ئێوەی لێن، ئەڵوەن هێشتا دەڕوات و باخەكان هێشتا سێبەر دەبەخشن؟
وەڵامێك نەبوو؛ تەنها بێدەنگییەكی مەند و قووڵ وێنەكانی داگرتبوو، بەڵام هەندێك بێدەنگی هەن كە لە هەزاران قسە و دوان دەنگدارترن.
لەو ساتەدا تێگەیشتم كە مردن هەمیشە توانای بردنی مرۆڤی نییە؛ ناتوانێ هەموو رۆحەكان لەگەڵ خۆی بەرێ و بیانشارێتەوە. هەندێك كەس كۆچی دوایی دەكەن، بەڵام لە دڵ و بیرەوەریی ئێمەدا ماڵێكی هەمیشەیی دروست دەكەن. دەنگیان لە بیرماندا دەمێنێتەوە، پێكەنینیان لە وێنەیەكدا هەڵدەگیرێت و هەر جارێك ناویان دەهێنین، بۆ چركەیەك دووبارە زیندوو دەبنەوە. ئەوان دێنەوە دوان و بە گفتولفتی شیرینیان ئۆخژنێكی ئاسمانی دەخەنە دەروونمانەوە. دەمانبەنەوە بۆ رۆژگارێك كە تێیدا بە هیوای دواڕۆژێكی رووناك دەژیاین!
لەبەردەم ئەو وێنانەدا، جیاوازیی نێوان ئەوسا و ئێستام بینی. ئەوسا كامێرا كەم بوو، بەڵام چركەكان بەهادار بوون؛ ئێستا هەزاران وێنە لە مۆبایلەكانماندا هەن، بەڵام كەمتر لە ناو وردەكارییەكانیاندا دەژین. ئەوسا پێش ئەوەی كامێرا چركە بكات، هاوڕێكان لە یەكتر نزیك دەبوونەوە؛ ئێستا زۆرجار دوای گرتنی وێنە، هەركەس بەرەو شاشەی خۆی دەگەڕێتەوە.
لەوانەیە جیاوازیی ئەوسا و ئێستا لە جۆری كامێرادا نەبێت، بەڵكو لە شێوازی ژیانماندا بێت. ئەوسا كەمترمان هەبوو، بەڵام زیاترمان هەست دەكرد؛ هاوڕێیەتی تەنها ناوێك نەبوو، بەڵكو دانیشتن، وەفا و هاوبەشی بوو. ئەڵوەن تەنها رووبارێك نەبوو؛ بەشێك بوو لە رۆحمان. باخەكانیش تەنها دار و سێبەر نەبوون؛ شوێنی خەون و پێكەنین و گەورەبوونمان بوون.
ئەو وێنانە تەنها یادگاریی رابردوو نەبوون؛ ئاوێنەیەك بوون بۆ ئەمڕۆ. فێریان كردم كە ژیان بە ژمارەی ساڵەكان ناپێورێت، بەڵكو بەو سۆز و وەفایە دەپێورێت كە لە دوای خۆمان بەجێی دەهێڵین.
ئەمڕۆ تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد دەتوانن وێنەی كۆن نوێ بكەنەوە، رەنگی بدەنێ و تەنانەت سیمایەكی خامۆش بجووڵێنن، بەڵام هیچ تەكنۆلۆژیایەك ناتوانێت ئەو هەستە دروست بكاتەوە كە لە بینینی سیمای هاوڕێیەكی دێرین یان لە بیستنی دەنگی ئەڵوەن لە ناو بیرەوەریدا دادەگیرسێت، چونكە بیرەوەری زانیاری نییە، هەستە.
ئەلبومەكەی كاك پشتیوان بۆ من تەنها دیارییەك نەبوو؛ بانگهێشتێك بوو بۆ گەڕانەوە، نەك گەڕانەوەی جەستە بۆ رابردوو، چونكە كات رێگای پاشەوەی نییە، بەڵكو گەڕانەوەی رۆح بۆ ئەو سەرچاوەیەی هێشتا وشەكانم لێیەوە هەڵدەقوڵێن.
ئەلبومەكەم داخست، بەڵام دەرگای بیرەوەرییەكان داخراو نەبوو. ئەڵوەن لە ناخمدا دەڕۆیشت، باخەكان دووبارە سەوز دەبوونەوە و هاوڕێكان لە كەناری رووبارەكە پێدەكەنین. ئەو كاتە تێگەیشتم هەندێك وێنە تەنها بۆ ئەوە ناگیرێن كە رابردوو پیشان بدەن؛ بۆ ئەوە دەمێننەوە كە رۆژێك، كاتێك لە رێگای ژیاندا ماندوو بووین، دەستمان بگرن و بمانگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی هێشتا بەشێك لە خۆمان لەوێ ماوەتەوە.
وێنەكان رەش و سپی بوون، بەڵام رەنگی ئەو رۆژانەیان گەڕاندەوە كە ژیان سادەتر، هاوڕێیەتی بەوەفاتر و دڵەكان نزیكتر بوون. لەنێوان ئەو وێنە رەش و سپییانەدا، من تەنها رابردووم نەبینییەوە؛ خۆمم دۆزییەوە. هەندێك لە هاوڕێكانم كۆچی دواییان كردووە، بەڵام بەتەواوی نەڕۆیشتوون، چونكە تا وێنەیەك بمێنێت و تا ناوێك لە دڵدا بژی و تا بیرەوەرییەك بتوانێت فرمێسكێك لە چاو بهێنێتە خوارەوە، ئەوانەی خۆشمانویستوون، هەرگیز بەتەواوی كۆچ ناكەن.




