کاراترکردنەوەی دیپلۆماسییەتی یەکێتی

دیپلۆماسییەت لە زانستی سیاسەتدا گرنگیی زۆری پێدراوە، هەروەها یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەت لەپێناوی دروستکردنی پەیوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، وەبەرهێنان بۆ دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکەکەی، چارەسەرکردنی قەیرانەکان و زۆر ئەرکی دیکەیش کەوا دەبێتە بەردەبازی دەوڵەت بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
جیاواز لەوەی دیپلۆماسییەت ئەرکێکی گرنگە و بەشێکە لە ستراتیژی دەوڵەتداری، هاوکات بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، بەهۆی بوونی رێکخراوی نێودەوڵەتی، مەدەنی، ژینگە و مافەکانی مرۆڤ، مەترسیی لەسەر کەمە نەتەوە و ئایینییەکان، تەنانەت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و دەستکەوتنی پشتیوانی، دیپلۆماسییەت دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ، لەگەڵ ئەوەشدا حزبەکان وەکو کارەکتەرێکی سەرەکیی لە رێگەی پەیوەندییەکانیانەوە دەتوانن دیپلۆماسییەت و کەناڵی تایبەت بە خۆیان هەبێت بەو مەرجەی بخرێتە خزمەت بەرژوەندیی گشتی و نەتەوەییەوە و پشتیوانی بۆ ئەجێندا نیشتمانییەکەی پەیدا بکات.
جیاواز لەوەش، کارەکتەرە سیاسییە گەورەکان، کەوا مێژووکردن و خەباتی دوورودرێژیان وایکردووە ببنە خاوەن تۆڕێکی پەیوەندیی فراوان، دەتوانن پەنا بۆ دیپلۆماسییەتی کەسیی ببەن و رۆڵی خۆیان لە بەدەستخستنی پشتیوانی هەم بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی سیاسیی حزبەکەیان بخەنە کار، هەم پشتیوانیی گرنگیش بۆ دۆزی نەتەوەکەیان بەدەستبهێنن.
مام جەلال، وەکو سەرۆکێکی کاریزمی، سکرتێرێکی خاوەن ئەجێندای نیشتمانی، هەروەها وەکو قاڵبوویەکی مێژووی خەباتی نەتەوەکەی، بە تەنها خۆی خاوەن دیپلۆماسییەتێکی تایبەت بوو، لە گەنجییەوە و بەبێ ئەوەی کەسی یەکەمی حزب بێت، پێش دروستکردنی یەکێتی، بەشداریی گەورەترین کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، هەروەها سەرۆکە گەورەکانی وەکو جەمال عەبدولناسری بینیووە کە لەو کاتەدا وەکو رابەری بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبی سەیر دەکرا. بیری تیژی مام جەلال و وردئاگاییەکەی لە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکان و زمانە دیپلۆماسییەکەی وایاندەکرد، سەرنجی ئەرێنیی بەرامبەر بە دۆزی رەوای نەتەوەکەی رابکێشێت.
لە سەردەمی رابەرایەتیی یەکێتی و شۆڕشی نوێشدا، مام جەلال دیپلۆماسییەتێکی ناوازەی بەڕێوەدەبرد، چەند لە شاخ شۆڕش تاوی دەسەند، مام جەلالیش لە گەشتەکانیدا بۆ دەرەوە، دیپلۆماسییەتی بۆ بەدەستهێنانی شۆڕش بەڕێوەدەبرد و بە ورەیەکی بەرزەوە دەگەڕایەوە شاخ و لەوێیش دەبووە خاڵی بەهێزی شۆڕش و کوردایەتی.
مام جەلال بە ناونیشانی سکرتێری یەکێتی، بەڵام لەپێناوی کورددا پایتەخت بە پایتەختی وڵاتان دەگەڕا، نامەی بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەنارد و داوای هاوکارییکردنی بۆ دۆزی نەتەوەکەی لێ دەکردن، چنینەوەی بەری ئەو دەستکەوتە لە راپەڕینی خەڵکی کوردستان و کۆڕەو و دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەرکەوت، کاتێک فەرەنسای دۆستی کورد پرۆژە بڕیارەکەی پێشکەشکرد و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسندی کرد.
دیپلۆماسییەتی مام جەلال؛ یەکێتیی کردە کاریگەرترین حزب لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال و مام جەلال وەکو یەکەم کورد بوو بە جێگری سەرۆکی ئەو رێکخراوە، ئەوە تەنها دوو نموونەی دیپلۆماسییەتی مام جەلال و یەکێتین و دەیان نموونەی دیکەیش هەن.
ئێستا دەرفەتێکی گرنگە یەکێتیی پشتبەستوو بە دەستکەوت و مێژووی دیپلۆماسییەتی مام جەلال، دیپلۆماسییەتی حزبیی خۆی کاراتر بکاتەوە، لەبەر سێ هۆکاری گرنگ:
یەکەم: کورد و ئەزموونەی لەبەردەم مەترسیی گەورەدان و پێویستیان بە ئەبدەیتکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ وەدەستخستنی پشتیوانیی زیاتر.
دووەم: جیهان گرنگیی بە مافی کەمینەکان، ژن و ژینگە دەدات و ئەو بوارانەش بۆ کوردستان گرنگن، خستنەگەڕی دیپلۆماسییەتی مەدەنی بۆ گرنگیدان بەو بوارانە و کێشکردنی پشتیوانی بۆ کوردستان گرنگە، بەوپێیەی یەکێتیی حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و دەبێت بەردەوام کار لەسەر ئەو بوارانە بکات.
سێیەم: دیپلۆماسییەتی حزبی، واتە خۆسەلماندنەوە لەسەر ئاستی جیهانی دەرەوە، یەکێتی هەیە و سەلماوە، بەڵام کاراکردنەوەی دیپلۆماسییەتی حزبی، یەکێتی دەکاتە خاوەن رۆڵ و جیهانبینیی نوێ، ئەوەش زۆر گرنگە.




