هێزی خۆبەخشی مێژوویەکی نوێ بۆ پاراستنی کەلەپوورەکەمان دەنووسێتەوە!

لەسەر بنەمای هەستی بەرپرسیارێتی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، کۆمەڵێک خوێندکاری ڕووحبەرز و دڵسۆزی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی، بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی مادی، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە بۆ پاککردنەوە و پاراستنی “خانووی کەریمی عەلەکە” بە هاوکاری بەڕێزان ( د. دڵشاد زاموا ) مامۆستای زانکۆی سلێمانی بەشی شوێنەوار و کاک (هاشم حمە عبدالله) بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری سلێمانی و کارمەندان و شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەریێیەتی ناوبراو بەتایبەتی بەڕێز شوێنەوارناس کاک (ڕەوا کەریم).
ئەم خانووە بۆچی گرنگە؟
ئەم بینایە مێژووییە کە لە گەڕەکی گۆیژە (کوچەی گاوران) هەڵکەوتووە، تەنها بەرد و دار نییە؛ بەڵکو بەشێک لە ناسنامە و ڕۆحی شاری سلێمانییە. ماڵی کەسایەتییەکی مەزن و نیشتمانپەروەرە کە ڕۆڵێکی کەم وێنەی هەبووە لە شۆڕش و مێژووی کورددا.
تایبەتمەندی تەلارسازی:
ئەم شوێنە تێکەڵەیەکی دەگمەن و بێوێنەی تەلارسازییە—ئااوێتەیەک لە دیزاینی سنە، کۆیە و تەرزی تایبەتی مەسیحییەکانی سلێمانی، کە نموونەی بەم شێوەیە لە هەموو شارەکەدا نەماوەتەوە!
خۆبەخشەکان چی دەکەن؟
بە کەرەستەی زۆر سەرەتایی وەک گسک، خاکەناز و گوێنی، خەریکی لابردنی پاشماوەی ڕووخانی سەقف و دیوارەکانن. هاوکات بە پشتبەستن بە زانستی شوێنەوارناسی، بەش بە بەشی خانووەکە دۆکۆمێنت دەکەن و دەپارێزن.
پەیامی سەرەکی ئەم جولەیە:
ئەم کارە خۆبەخشییە نموونەیەکی زۆر جوانی نیشاندا کە پاراستن و خۆشویستنی نیشتمان لەپێش مادیات و پارەوەیە. هیوادارین چینەکانی تری کۆمەڵگەش چاو لەم گەنجە دڵسۆزانە بکەن، بەشدار بن، ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن و فشار دروست بکەن تا ئەم شوێنە مێژووییانە لە فەوتان بپارێزرێن.
ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان… ئێستا نۆرەی ئێوەیە!
ئێمە وەک خۆبەخش دەستپێشخەریمان کرد و سەلماندمان کە کۆمەڵگە هۆشیارە. بەڵام کەرەستەی زەروری وەک (لایلۆنی ئەستوور، داری ڕاگر، و کەرەستەی پاراستنی تەلارسازی) لە توانای دارایی خۆبەخشەکان بەدەرە.
داواکارییەکی بەپەلە:
تەنها هەنگاوێکی بچووک لەلایەن حکومەت، دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان و سەرمایەداران بەسە بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی بارانبارین و سەرما، ئەم شاکارە مێژووییە لە ڕوخان بە یەکجاری ڕزگار بوبێت.
کاتێک کەلەپوور دەپارێزرێت، داهاتووی شارەکەش دەپارێزرێت. با هەموومان دەست لە ناو دەست بنێین بۆ پاراستنی ناسنامەی سلێمانی.
























