ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژانەوە و پەکخستنی پەرلەمان

لەهەر قۆناغێکی گۆڕانکاریی سیاسیدا، ئەوەی گرنگە چۆنێتی دروستکردنی هاوکێشەی سیاسییە و پاراستنی هاوسەنگی و متمانەی گشتییە بە دامەزراوەکان. 
لە هەرێمی کوردستانیش، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی هاوکێشەیەکی نوێ لە پەرلەمان، ئایا دەتوانرێت ئەم کابینەیە کە نیوەی تەمەنی رۆیشتووە، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بەشداریی راستەوخۆیی هەموو هێزە سەرەکییەکان پێکبهێنرێت؟
دروستبوونی هاوپەیمانی، لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ، دەتوانێت وەک یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی قۆناغی نوێ سەیر بکرێت. ئەم هاوپەیمانییە، خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسیی پەرلەمانە، بۆیە لە هەر گفتوگۆیەکی سیاسیدا، دەتوانێت وەک زۆرترین دەنگ گفتوگۆ و مامەڵە بکات.
هاوپەیمانییەک بۆ هاوسەنگی
هاوپەیمانیی سیاسی، دەتوانێت بە چەند مەبەستێک پێکبهێنرێت، هەندێک جار هاوپەیمانی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانییە، یان بەهێزکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و یانیش بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام ئەگەر لە ناوەڕۆکی هاوسەنگی و بوژانەوە وردبینەوە، دەبینین مانایەکی فراوانتر لە دابەشکردنی پۆستەکان هەیە. هاوسەنگی واتە دروستکردنی سیستمێک کە هیچ لایەنێک خۆی بە خاوەنی هەموو بڕیارەکان نەزانێت، هەموو هێزە سەرەکییەکان بتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەشداری لە بڕیارداندا بکەن، پەرلەمان بە شێوەیەکی راستەقینە چاودێری حکومەت بکات و حکومەتیش خۆی بە بەرپرسیارێتییەوە لەبەردەم پەرلەمان و خەڵک وەڵامدەر بێت. بوژانەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، حکومەتی داهاتوو نابێت بە هەمان رێوشوێنی پێشوو بڕواتەوە، هاووڵاتیی هەرێم پێویستی بە گۆڕانکارییەکی راست هەیە لە خزمەتگوزاری، ئابووری، دارایی، دامەزراوەکان و ژیانی رۆژانەی خۆی.
قبووڵکردنی هاوکێشەی نوێ
هیچ هێزێکی سیاسی نابێت داوای ئەوە بکات، هاوکێشەی سیاسی هەمیشە بە شێوازی پێشووی خۆی بمێنێتەوە و یەک کەس بڕیاردەری هەرێمێک بێت. ئەمڕۆ هاوکێشەی پەرلەمانی گۆڕاوە، پێویستە هەموو لایەنەکان، ئەم راستییە نوێیە قبووڵ بکەن. ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ پۆستە سەرەکییەکانی حکومەت لە دەستی یەک هێزی سیاسیدا بوون، ئەوا هیچ نامۆ نییە لە قۆناغێکی نوێدا هێزەکانی تر داوای بەشدارییەکی کاریگەرتر بکەن. 
هاوسەنگی بوژانەوەی پەرلەمانە و دژایەتیی هیچ لایەنێک نییە. بە رۆڵبینینی هەموو لایەنەکان لە پێکهێنانی کابینەدا، بەرپرسیارێتییەکە هاوبەش دەبێت. کابینە سەرکەوتوو بوو، هەموو بەشداربووان سوود لە سەرکەوتنەکە دەبینن، ئەگەر کەموکووڕیش هەبوو، هەموویان بەرپرسیار دەبن. 
پشتیوانی لە هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژانەوە، پشتیوانی کردنە لە بیرۆکەیەک کە دەڵێت: دەسەڵات دەبێت هاوسەنگ بێت، پەرلەمان دەبێت چالاک بێت، حکومەت دەبێت بەرپرسیار بێت و هاووڵاتی دەبێت لە ناوەندی بڕیاردا بێت.
پێویستە پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ کاری ئاسایی خۆی، دامەزراوەی پەرلەمانی بنەمایەکی گرنگی سیستمی دیموکراتییە و نابێت کۆسپێک بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی ببێتە هۆی درێژبوونەوەی قەیرانی سیاسی. 
پێویستە پەرلەمانتاران بە زووترین کات کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەستپێبکەن. هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی یاسایی بەردەوام بێت، تا پەرلەمانتاران بتوانن سەرۆکی حکومەت و کابینەی وەزیران لە چوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا هەڵبژێرن و پەسەندی بکەن. 
بە بەهێزکردنی هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا، شەفافیەت لە بڕیارداندا، بەرپرسیارێتی لە حکومەت و دەنگی راستەقینەی هاووڵاتی لە پەرلەمان، هاوسەنگی و بوژانەوە، دەبێتە پرۆژەیەکی سیاسی بۆ قۆناغێکی نوێی هەرێمی کوردستان. 
پشتیوانی لەم هاوپەیمانییە، پشتیوانییە لە مافی دەنگدان، پەرلەمان، هاوبەشیی سیاسی و هاووڵاتی بۆ ئەوەی حکومەتێک ببینن، بە هاوسەنگی و بەرپرسیارێتییەوە بەڕێوە بچێت. ئەمە دەکرێت خاڵی دەستپێکی قۆناغێک بێت کە تێیدا جیاوازییە سیاسییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن، دەسەڵات بە هاوسەنگی بەکاردێت و بەرژەوەندیی هاووڵاتی لە سەرووی هەموو ململا‌نێ سیاسییەکانەوە دادەنرێت.

پەرلەمان بنەمایەکی گرنگی سیستمی دیموکراتییە و لە کارخستنی دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی قەیرانی سیاسی

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *