سیاسەتی شمشێر هەر ئەوەندەی لێ هەڵدەكڕێ

لەدوای رێككەوتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی ئێستای سوریا و تێكەڵبوونیان لەگەڵ سوپا و دامودەزگاكانی سوریادا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیادا هەڵایەكی گەورە بەرپاكراوە كە گوایە ئەمە تەسلیمبوون و ئاشبەتاڵ و خیانەتە لە رۆژئاڤای كوردستان.
ئەمە هەموو هیوا و ئاوات و داخوازییەكانی كورد نییە و یەكسان نییە بەو هەموو خوێن و فرمێسك و هەوڵ و خەباتە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە لەشەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی باشترە
ئێمە دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە سیاسەت فەنی مومكیناتە و بە رق و كینەوكاردانەوە ناكرێت، بە سۆز و عاتیفەش ناكرێت، سیاسەت بە عەقڵ و تێگەیشتنی واقیع و هاوسەنگی و بەرژەوەندیی هاوبەش دەكرێت. با خۆمان و كۆمەڵگەش نەخەڵەتێنین، بە قسەی بازرگانانی شەڕ نەكەین، تكایە دەهۆڵی شەڕ مەكوتن، شەڕ لە بەرژەوەندیی ئێمەی كوردی بێ كەس و بێ پشتیوان و بێ ئیمكانییەت و پەرش و بڵاو نییە، دوێنێتان بیرچووەوە چییان كرد لەگەڕەكە كوردنشینەكانی حەڵەب؟ تەرمی شەڕڤانیان لە نهۆمی حەوتەمی باڵەخانەكان فڕێنەدایە خوارەوە؟ كەزی و پرچی كچەكانیان نەبڕی؟ قەتڵوعامی ئەو دوو گەڕەكە كوردییەیان نەكرد؟ تا ئێستاش زیاتر لە (500) كەس بێسەر و شوێنن، شەڕ كردنەوە لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە بەهیچ جۆرێك، لە 30 بۆ 40ساڵی رابردوودا، هیچ میللەت و وڵاتێك نییە لە رێگەی خەباتی چەكدارییەوە رزگاری بوو بێت، پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای سەربازی سەردەم، سحری شەڕ و خەباتی چەكداری بەتاڵكردەوە.
عەقڵی شمشێر و تیروكەوان هەر ئەوەندەی لێ چاوەڕوان دەكرێت و لەم قوڕە هەر ئەوەی لێدروست دەكرێت. بەتەمای چین؟ چی لەوە زیاتر بەدەست دێنین لەسایەی عەقڵیەتێكی ئیسلامی توندڕەوی داعشیی قاعیدەیی، نوسرەیی، ئێستاش گرێدراو بە ئیخوانەوە؟
ئێمە دەبێت واقیعبین بین، ئەمریكا و رۆژئاوا سوریایەكی مەركەزییان دەوێت بۆ سەرتاسەری سوریا، بەڵام بەدابینكردنی هەندێك لە مافەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی سوری و بەشداری پێكردنیان لە دامودەزگاكانی حوكمڕانیدا، واتە ئەمریكا و رۆژئاوا، لەگەڵ سوریایەكی فیدراڵ و خودموختاری و مافی چارەی خۆنووسیندا نین. دەوروبەر و وڵاتە ئیقلیمییەكان و دنیای عەرەبیش لەگەڵ سوریایەكی مەركەزی و یەكگرتوودان، ئەوە راستە كە توركیا پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە) و یەكگرتنەوە كردووە، بەڵام هێشتا توركەكان نیگەرانن لەوەی كە دەبێت (هەسەدە) چەكەكانیشیان تەسلیم بكەن.
با كەمێك بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، كوردستانی رۆژڤاوا، لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بە تەواوی عەرەب نشین كراوە(تعريب)، بەجۆرێك لەپاڵ هەر دێیەكی كوردنشیندا، دێیەكی عەرەبنشینیان دروستكردووە، لە تەنیشت هەر شارۆچكەیەكی كوردنشیندا، شــــارۆچكــەیــــــەكــــی عـــەرەبنشــــینیــــان دروستكردووە، بەناوی پشتێنەی سەوز (حزام الأخضر)، شوێنێكی تایبەت نەماوە وەكو كوردستانی باشوور یان رۆژهەڵات كە پێی بووترێ كوردستان و تایبەتمەندێتی و كەلتوری لەسەدا سەدی كوردی پێوە بێت.
ئەمــە هەمــــوو هیوا و ئـــــــاوات و داخوازییەكانی كــــــورد نییە و یەكســــان نییە بەو هەموو خوێن و فرمێسك و هەوڵ و خەباتە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە لەشەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی باشترە، خۆ دەرگاكانی خەبات و تێكۆشانیش دانەخراوە، دنیا وەكو دەڵێن سەری بە پووش نەگیراوە و خودا كڵاوی بۆ بەڕووش كردووە، با كوردیش لە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی و دیپلۆماسی و مەدەنی و شارستانییانەدا بەردەوام بێت.
با ناوەرۆكی رێككەوتنەكە بناسێنین، هێزەكانی (هەسەدە) بەچەكەكانی خۆیانەوە سێ فیرقەی سەربازییان لێ دروست دەكرێت و ناوچەكانی خۆیان دەپارێزن، بەڵام بەشێك دەبن لە سوپای كۆماری سوریا، لەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردن، زمانی كوردی دەخرێتە بەرنامە و پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەوە و منداڵانی كورد دەتوانن هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا دواقۆناغی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بە زمانی كوردی بخوێنن، ئەمە بۆ یەكەم جارە بە رەسمی لە مێژووی سوریادا دان بنێن بە هەبوونی زمانی كوردیدا، پێشتر لە سەردەمی حوكمڕانی بەعسییەكاندا، كورد لە هەبوونی رەگەزنامەی سورییش بێبەش كرابوون. هێزەكانی (یەپەژە)ش، واتە یەكینەكانی پاراستنی ژنان بە تایبەتمەندێتی خۆیان و چەكەكانیان دەبنە بەشێك لە وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگاری حەسەكەش كە زۆرینەی كوردە (نورەدین ئەحمەد)ە كە بەڕەگەز كوردە، هێزەكانییش ناوچەكانی خۆیان دەپارێزن، تەنیا ناوەكەیان گۆڕاوە، واتە هەسەدە نامێنێت، ماوتەوە ئەوەی كە دەبێت لە دەستووری كۆماری سوریاشدا، ئەم مافانە جێگیر بكرێت



