ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

سوریا، ئەڵقەیەکی پچڕاو لە هیلالی ئێران

لە دوو ساڵی رابردوودا، لەو گۆشەیەوە باس لە پەیوەندیی ئێران و سوریا دەکرا، کە ئێران هەم سوریای کردۆتە ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی هیلالی شیعیی خۆی، هەم ئێران لەسەروبەندی بەهاری عەرەبیدا لەپشت سوریاوە وەستا تا ئاستی بەهێزبوون دژی سیناریۆکان بۆ رووخاندنی دەسەڵاتەکەی دیمەشق، بەڵام ئەمڕۆ نە ئێران هێز بە سوریا دەدات و نە سوریاش هیلالە شیعییەکە بۆ ئێران تەواو دەکات، مەشهەدێکی نامۆیە!، دوو وڵاتی زۆر نزیک لەیەکتر لە دوو ساڵی رابردوودا، ئەمڕۆ تەواو دوور و دژ بەیەکتر. ئەمڕۆ ئێران ئەڵقە شیعییەکەی لەگەڵ سوریا پچڕاوە، بەڵام بەهێزە هێشتا، سوریاش کە نایەوێت وەک مۆدێلە ئێرانییەکەی بمێنێتەوە، بێناسنامەیە و هەر دەمێک مەیلدارە بە وڵاتێک، جگە لە ئێران و روسیا.

لەدوای رووداوەکانی کۆتایی 2024ی سوریا و کۆتایی ئال ئەسەد، ئێران وەک خاوەن نفوز و شوێنپێی سیاسی لە سوریادا، نەگەڕایەوە ئەو وڵاتە و بەجۆرێک لە جۆرەکان سوریای لە تاریکی و ناروونیدا جێهێشت

هەفتەی رابردوو، ئەنقەرە نامەیەکی ئێرانی گەیاندووە بەچەند وڵاتێکی ناوچەکە و تێیدا رایگەیاندووە «ئەگەر سوریا بچووکترین جووڵە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکات لە لوبناندا، ئەوا راستەوخۆ کۆشکی سەرۆکایەتیی سوریا دەکاتە ئامانج». ئەم پەیامەی ئێران ئاسانترین کۆدی تێگەیشتنە لەو هێڵە گشتییانەی دەکرێت ئیتر دووری و دژبەیەکتری ئێران و سوریای پێبناسینەوە.
ئێران لە ناردنی ئەم نامەیە دوو مەبەستی هەیە، یەکەمیان: ئێران لەدوای نزیکەی دوو ساڵ لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، نایەوێت مامەڵە لەگەڵ سوریای نوێدا بکات و زۆری بۆ گرنگ نییە ئەم سوریایەی ئێستا لە دەرەوەی ئەو هیلالە شیعییە بێت. دووەم: ئێران هێرشی سوریا بۆ سەر پرۆکسی و بەرژەوەندییەکانی لە لوبنان، بە دەستی ئیسرائیل و هاوپەیمانییەکی نوێی نێوان ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل دەزانێت، هیچ بەرژەوەندییەکیشی لە سوریادا نەماوە تا چاوپۆشی لە سوریا بکات.
ئێران دوو ساڵە لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسی و سەربازی و بەرژەوەندخوازییەکەی سوریایە و بەهیچ شێوەیەک ئەو رووداوانەی بۆ گرنگ نییە کە لەسەر خاکی سوریا روودەدەن، بەڵام ئاگاداری سیاسەتی سوریایە بەرەو یارییەکی دژە ئێرانی دەڕوات، بۆیە کەیڤان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی نور-ی نیمچە رەسمی کردووە و دەڵێت: ئەگەر لە سوریاوە خاکی ئێران بکرێتە ئامانج، ئەوا ئەو بنکانەی ئەمریکا کە لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش لە سوریا دامەزراون، دەکرێنە ئامانج.
لەهاوکێشەی سوریادا، ئەوەی جێگەی خوێندنەوەیەکی وردترە ئەوە کە، لەدوای رووداوەکانی کۆتایی 2024ی سوریا و کۆتایی ئال ئەسەد، ئێران وەک خاوەن نفوز و شوێنپێی سیاسی لە سوریادا، نەگەڕایەوە ئەو وڵاتە و بەجۆرێک لە جۆرەکان سوریای لە تاریکی و ناروونیدا جێهێشت و پێی وایە سوریای ئێستا بێناسنامەی خۆیەتی، ئێستا لە مەفهومی دووری ئێران لە سوریا و هەڕەشەکانی ئێران لە ئەگەری هێرشی سوریا بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان تێدەگەین، ئەوەشمان بۆ روونبووەتەوە کە ئێران لە خاڵی یەکەمی یارییەکەوە تا ئێرەی یارییەکە، ئاگاداربووە، رەنگە ئەو زانیارییەشی لە رووسەکان وەرگرتبێت کە چیتر سوریا ئەڵقەی یاری چین و روسیا و ئێران نییە.
بەمانایەکی تر، مادام دەسەڵاتی نوێی سوریا، لەدوای نەمانی دەسەڵاتی پێشوو، دەروازەیەکی نوێی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نەکردەوە، ئێرانیش هەموو لینکەکانی خۆی وەک ئەوەی لەپێشوودا بوونی هەبوو، لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕی و هیچ جووڵەیەکی ئاشکرا و بازرگانی و سەربازیی نەما لەو وڵاتەدا، کەواتە یارییەکە بەرەو ئێرانە و دەرفەتی دووبارە گەڕانەوەی سوریا نییە بۆ ناو هیلالە شیعییەکە، بەڵکو ئەمجارە سوریا سەربە هێڵی سوننی نوێیە، یان سوریای جەمسەربەندییەکی ئیسرائیلی و ئەمریکییە کە جارێکیتر بۆ ئێران و هاودیدەکانی دەست نادات و ئێرانیش وەک ئەڵقەیەکی پچڕاو لێی دەڕوانێت.
ئێستا سوریا بۆ ئێران نەک هەر ئەڵقەیەکی پچڕاوە، بەڵکو خاڵێکە لە دەرەوەی مێژووی خۆی، واتە هیچ جووڵەیەک لەو وڵاتەدا خزمەت نییە بۆ خودی سوریا خۆی، بەڵکو بزواندنێکە دژی ئێران، یان دوورخستنەوەی سوریایە لە ئێران تا ئاستی نەناسینەوەی یەکتر و نەگەڕانەوەی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر یەک هێڵ و یەک ئامانج و پێکەوە کارکردن.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *