ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

خانەقین بە گژ تەعریبدا دەچێتەوە

هەڵمەتی تەعریب بەردەوامە لە خانەقین و لە هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بەڵام لە خانەقین تەواو چڕبۆتەوە، ئەوەش نارەزایی و هەڵوێستی توندی خەڵك و كوردی شارەكەی لێكەوتۆتەوە، كە داوای راگرتنی ئەو تەعریبە دەكەن، كە هێز و لایەنی توندڕەوی عەرەبی لە پشتە هەم لە پارێزگای دیالەو هەمیش لە بەغدا.
هەڵویستی بەرپرسانی كورد و بەتایبەتی یەكێتی دژ بەو تەعریبە، هەڵڵای گەورەی ناوەتەوە لای عەرەبی شۆفێنی پارێزگای دیالە و چەند ناوچەیەكی تر، لەكاتیكدا لێدوانی كاروان یاروەیس بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە خانەقین، بۆ رێگرتن بووە لەهاتنی خەڵكی دەرەوەی ناوچەكە و نیشتەجێبوون لە خانەقین لەسەر حسابی كورد، ئەو هەڵمەتەی عەرەبیش بەمەبەستە و  گومان دەكرێت گروپ و لایەنی سیاسیی توندڕەوی لە پشت بێت، كە هێرشێكی توندیان دەستپێكردووە بۆ سەر كوردی شارەكە و داوا لە عەرەبی ناوچەكانی تری عیراق دەكەن و هانیان دەدەن بێن و لەو شارە كوردستانییە نیشتەجێبن، ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە بۆ سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكان.
ئەوەی لێرەدا گرنگە، هەڵوێستی كوردانە و مەردانەی كوردی شارەكە و پەیوەست بوونیانە بە مانەوە لەسەر خاك و ئاوی خۆیان و رەتكردنەوەی تەعریب بەهەموو شێوەیەك، ئەمەش جوامێری خەڵكی خانەقین دەردەخات. ئەوەی روودەدات لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و راستتر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەڵمەتێكی رێكخراوە بۆ دووبارە تەعریبكردنەوەی ئەو ناوچانە، ئێمە بینیمان لە كەركوك و لە ماوەی پارێزگاربوونی زۆرەملێی راكان جبوری لەو پارێزگایە، چۆن دەیان گەڕەك و هەزاران خانوو لەلایەن عەرەبی دەرەوەی شارەكە دروستكران، بە جۆرێك هیچی كەمتر نییە لەوەی عەرەبی هاوردە لە سەردەمی بەعسدا لە كەركوك كردی، ئەوەی شارەزای شارەكەش بێت، ئاستی ئەو تەعریبە بە چاو دەبینیت، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ گواستنەوەی فۆرمی خۆراك و نفوسی ئەو خەڵكە غەیرەیەش بۆ كەركوك.
سەبارەت بە ناوچەكانی تر و بەتایبەتیش خانەقین، كە ئێستا جۆرێك لە ئاڵۆزی بەخۆوە دەبینیت، بەهۆی هاتنی عەرەبی غەیرە و كڕینی خانوو و زەوی لە ناو شارەكە و دەوروبەری، بە پاڵپشتی ئیدارەی پارێزگای دیالە و  خودی بەغدایە، كە پێشتریش چەند ناحیەیەكی خانەقینیان دابڕی و كردیان بە قەزای سەربەخۆ، بەمەبەستی دابڕینیان لەو كەمكردنەوەی رێژەی كورد تێیدایە، بە پێچەوانەی ماددەی 140 دەستووری عیراق. هەڵوێستی بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینیش، هەڵوێستیكی روونی یەكێتی بوو كە دژ بە هاتنی خەڵكی غەیرە و عەرەبی دەرەوەن بۆ نیشتەجێبوون لە شارەكە، كە  دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوە و  خەڵكی خانەقین بەهەموو پێكهاتەكانیەوە پاڵپشتییان لێكرد، لەكاتێكدا عەرەبی دیالە و تەعریبچی و توندڕەوان، هەڵمەتێكی توندیان بەرامبەر دەستپێكرد و لە دەیان پەیج و سایتی عەرەبی داوای هاتنی عەرەبی ناوچەكانی تری عیراقییان كرد بۆ ئەوەی بێن لە خانەقین موڵك و زەوی بكڕن دژ بە خواستی كوردی شارەكە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم بابەتەدا، ئاستی بەرزی رۆحی كوردانەیە لای خەڵكی خانەقین، كە هەڵمەتێكی گەورەی گۆڕینی تابلۆی سەر دوكان و كۆگاكانیان كرد بە كوردی و پاڵپشتی تەواویشیان راگەیاند بۆ هەڵوێستی یەكێتی دژ بە تەعریبی نوێ، ئەمە چ جای بانگەشەی كۆبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەریی دژ بەو هەوڵی تەعریبكردنەوەیەی دەكریت لە ناوچەكانیان و هەروەها بۆ گۆڕینی دیموگرافیای خانەقین. 
رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە، لەسەر داوای سەرۆك كۆمار و سەرۆكی لیژنەی تایبەتی ماددەی 140، وادەی خۆپیشاندانیان دواخستووە و وەفدێكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی بەغدا، بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانیان بە حكومەتی ناوەند و چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری داد و هەروەها هادی عامری، ئەوەی دەزانرێت داواكارییەكان پەیوەیستن بە دۆسێی گۆڕینی دیموگرافی و بارودۆخی ئیداری و ئەمنی خانەقین و دەوروبەری، ئەمە چ جای داواكردنی كاراكردنەوەی ماددەی 140 دەستوور و رێگرتن لە تەعریبكردنەوەی ناوچەكانیان.
جووڵەی كورد لە خانەقین و پاڵپشتی هێز و لایەنە كوردییەكان لە خەڵكی شارەكە دژ بە تەعریب لە جێی خۆیدایە، لەبەر ئەوەی مەترسییەكان تەواو زیادیان كردووە و عەرەبی دەرەوە خانوو و زەوی و دوكان دەكڕن و بەردەوام لە زیادبوونن  لەشارەكە و دەوروبەری، خوێندنی كوردیش  بەمەبەست لاوازكراوە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاكە و بەغداشەوە، وەرگرتنی خوێندكاری خوێندنی كوردی لە زانكۆكانی عیراق زۆر قورسە و دامەزراندنیش بەهەمان شێوە بۆ دەرچووی زانكۆی گەرمیان نییە، ئەوەش وایكردووە، یەكێك لە كێشەكانی تری خانەقینیش هاوشێوەی كەركوك و ناوچەكانی تر، دۆسێی زەوی و گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی بەعسە، كە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە و بەشێكی زۆری بەدەست عەرەبی هاوردەوە ماوەتەوە.
دەمێنێتەوە بڵێین، كێشەی خانەقین كێشەی هەموو ناوچە كێشەلەسەرەكانە، لەبەر ئەوەی یەكدەنگی و یەكگرتوویی كورد و لایەن و هێزە سیاسییەكانی تەنها رێگەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە و دەبێت هەموو هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ كاراكردنەوەی ماددەی 140ی دەستوور و بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر لەگەڵ بەغدا، ئەگەر نا، هیچ مانایەك بۆ واتای فیدراڵی لە عیراقدا نامێنێت.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close