نەوت، بەختەوەری یان قەیران؟

لە مێژووی نەتەوەکاندا، سامانە سروشتییەکان هەمیشە وەک دیارییەکی گرانبەهای سروشت سەیر کراون، کەچی مێژوو سەلماندوویەتی، کە ئەم بەخششانە دەکرێت لە جوگرافیای خۆیاندا ببنە سەرچاوەی قەیران، گەندەڵی و پاشکەوتوویی، ئەگەر بێت و بە سیستمێکی شایستە نەبرێن بەڕێوە. نەوت، کە لە سەدەی ڕابردووەوە ناوی (زێڕی ڕەش)ـی پێ دراوە، بۆ چەندین وڵات کلیلی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بووە، کەچی لە هەمان کاتدا بۆ ژمارەیەکی تر بووەتە هۆکاری قەرز، ململانێی سیاسیی توند و داڕمانی بنەمای دامەزراوەیی، ئەو پرسیارەی لەبەردەم هەرێمی کوردستانیش دێتە پێش ئەوەیە: ئایا نەوت بۆ ئێمە خۆشگوزەرانی هێناوە، یان ماڵ وێرانی؟، هەڵبەت وەڵامەکە نە (بەڵێ)یەکی ڕەها و نە (نەخێر) ێکی ڕەها وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو سامانەوە هەیە.
بوونی سامان بەتەنها بەس نییە بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی
لە سەرەتای سەرهەڵدانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، شەپۆلێکی گەورەی هیوا و گەشبینی سەریهەڵدا. بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆبوونەوە، کە داهاتی زۆری نەوت دەبێتە تەوەری ئابوورییەکی پۆڵایین و پتەو، دەرفەتی کاری بێشومار دەڕەخسێنێت، کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەبوژێنێتەوە و هەرێم دەگۆڕێت بۆ جەمسەرێکی ئابووریی کاریگەر لە ناوچەکەدا. ئەم خواست و ئاراستەیە لە بنەڕەتدا سروشتی بوو، چونکە پەیڕەوکردنی هەمان رێباز لەلایەن چەندین وڵاتی تری جیهانەوە ئەنجامی سەرکەوتووی بەدەستەوە دابوو، کەچی وانەکانی مێژوو و ئەزموونی گشتگیر دەیسەلمێنن، کە بوونی سامان بە تەنها بەس نییە بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی، بەڵکو ئەمە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی ئەو سامانەیە، کە داهاتوو و گەشەسەندن مسۆگەر دەکات.
نەوت نەرویجی دەوڵەمەند کرد و چەندین وڵاتی دیکەشی هەژار کرد
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دوای دۆزرانەوەی نەوت لە دەریای باکووردا، نەرویج توانی ببێتە نموونەیەکی باڵا و زیندوو بۆ ئەم ڕاستییە. لە جیاتی ئەوەی حکومەت داهاتی زێڕی ڕەش بۆ تێرکردنی پێداویستی و خەرجییە ڕۆژانەکان بەکار بهێنێت، ستراتیژێکی دووربینانەی هەڵبژارد و سندووقێکی (نیشتمانی) سیادیی بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو دامەزراند. سەرجەم داهاتەکان بە بەرزترین ئاستی شەفافیەتەوە بەڕێوەبرران و سەروەتەکە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا خرایە گەڕ و وەبەرهێنانی پێ کرا. ئەم تێڕوانینە ژیرانەیە بووە هۆی ئەوەی، کە نەرویج ئەمڕۆ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین، سەقامگیرترین و شەفافترین کۆمەڵگاکانی جیهان هەژمار بکرێت. بەرامبەر وڵاتانی زۆر هەن کە داهاتی نەوتیان زۆر بوو، بەڵام خەڵکیان هێشتا هەژارن. لە زانستی ئابووریدا ئەمە بە نەفرەتی سەرچاوەکان ناسراوە واتە کاتێک سامانە سروشتییەکان دەبنە هۆکاری گەندەڵی، لاوازیی دامەزراوەکان و پشتبەستن بە یەک سەرچاوەی داهات لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری گەشە.
هەرێمی کوردستانیش تا ڕادەیەک تووشی ئەم ئاستەنگە بووە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆربەی داهاتی گشتی پشتی بە نەوت بەست، بەڵام بە هەمان شێوە، بەشەکانی تر وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و بەرهەمهێنانی ناوخۆ، نەیانتوانی بە هەمان خێرایی گەشە بکەن. ئەنجامەکە ئەوە بوو کە هەر کاتێک نرخی نەوت دابەزی یان هەناردە کێشەی تێکەوت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچە بودجە و ژیانی خەڵک دەرکەوت.
نەوت خۆی نە خێرە و نە شەڕ
ئەوەی گرنگە، باس لەوە نییە کە نەوت کێشەیە. نەوت خۆی نە خێرە و نە شەڕ، ئەوەی دیاری دەکات خێر یان شەڕ بێت سیستەمی بەڕێوەبردنە. ئەگەر داهاتی نەوت بە شەفافیەت بخرێتە ناو بودجە ئەگەر خەرجییەکان بۆ پڕۆژەی بەردەوام و گەشەپێدان بەگەر بخرێن، ئەگەر سندووقێکی نەوەکانی داهاتوو دروست بکرێت و هەموو هاوڵاتیان بتوانن بزانن پارەی نەوت لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ چووە نەوت دەتوانێت ببێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی، بەڵام ئەگەر ئابووری تەنها پشت بە نەوت ببەستێت، ئەگەر شەفافیەت نەبێت، ئەگەر بەشە بەرهەمهێنەرەکانی تر پشتگوێ بخرێن و گەنجان تەنها چاوەڕوانی دامەزراندنی حکومەت بن، ئەوا نەوت لە ماوەیەکی درێژدا دەبێتە بارێک لەسەر شانی ئابووری.
زێڕی ڕەش دەتوانێت ببێتە هۆکاری ماڵ وێرانی
هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگدایە. جیهان بەرەو وزەی پاک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت دەڕوات. ئەوە واتە کاتی زۆر نییە. داهاتی نەوت دەبێت ببێتە سەرمایەی گواستنەوە بۆ ئابوورییەکی جۆراوجۆر،نەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی خەرجیی ڕۆژانە، لەبەرئەوە کە دەڵێین نەوت خۆشگوزەرانی یان ماڵ وێرانیە؟ وەڵامێکی سادەی نییە. وەڵامەکە لە دەستی خودی ئێمەدایە. ئەگەر یاسا، شەفافیەت لێپرسینەوە و پلاندانانی درێژخایەن بنەمای بەڕێوەبردنی داهاتی نەوت بن، ئەوا ئەم سامانە دەبێتە میراتێکی باش بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەڵام ئەگەر ئەو بنەمایانە نەبن، زێڕی ڕەش دەتوانێت ببێتە هۆکاری ماڵ وێرانی و گەشەسەندنی گەندەڵی دواکەوتنی کۆمەڵگاو زیادبوونی هەژاری .




