دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاری کۆڕەک تیلیکۆم

دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق، ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەکرد، بەهۆى پێشێلکردنى پابەندییەکانى و شکستى کۆمپانیاکە بڕیارەکەیان دەرکردووە، ئاماژەى بەوەشکردووە، پێویستە دەستبەجێ دەستبگیرێت بەسەر سەرجەم سامانى گوازراوە و نەگوازراوەى کۆڕەک تیلیکۆمدا.
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەى دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق، داواى لە هاوڵاتییانى عێراق کراوە، خۆیان بەدووربگرن لە نوێکردنەوەى بەشداریکردن لە هێڵى کۆڕەک.
داوایەکی دەستەکە لە خەڵک
- ڕێگەنەدان بە لابردنی بورجی سەرماڵان و شوێنە بازرگانییەکان
- پاراستنی سەرجەم کەلوپەلەکانی کۆمپانیاکە لە لایەن کارمەندەکانەوە
- پارێزگاریکردن لە داتا و زانیارییە کەسی و دارایی و یاساییەکان
- ڕێگریکردن لە دزەکردن و بردنی هەر شتێک
ئەوەشى خستووەتەڕوو، داوا لە خەڵک دەکەن کە ڕێگە بە تیمەکانى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم نەدەن بێن کەلوپەل و بورجەکانیان لەسەربانى ماڵەکانیان و شوێنە بازرگانییەکان لێبکەنەوە.
هۆشداری لێپێچینەوەی تووندی یاسایی
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکە، داوا لە کارمەندانى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، پێویستە سەرجەم کەلوپەلەکانى کۆمپانیاکە بپارێزن، هەروەها پارێزگاری لە داتا و زانیارییە کەسییەکان و زانیارییە داراییەکان و یاساییەکانى کۆمپانیاى ناوبراو بکەن، هەروەها ڕێگربن لە دزەکردن و بردنى هەر شتێک لەو بابەتانەى باسیان لێوەکراوە، چونکە بە پێچەوانەوە ئەنجامدەرانى ڕووبەڕووى لێپێچینەوەى تووندی یاسایی دەبنەوە.



