بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

دەمیرتاش و مزراکلی هەڵوێستیان لەسەر پڕۆژە یاساکەی تورکیا ڕاگەیاند

هەردوو سیاسەتمەداری زیندانیکراو، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی لە پەیامێکی هاوبەشدا سەبارەت بە یاسای چوارچێوە، دەڵێن: پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و  ده‌شڵێن، ئەو لایەنانەی بە گومانەوە نزیک دەبنەوە، با چەندی دەیانەوێت ڕەخنە لەم پرۆسەیە بگرن، بەڵام بێجگە لە خواستی ئێمە بۆ لەباوەشگرتنی یەکتر و هەستی پێکەوەبوونی کورد و تورک لە تورکیا، هیچ شتێکی دیکە نابینن.

هەردو سیاسەتمەداری زیندانیکراو، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، په‌یامێكیان ئاراستەی دەستەی گشتیی پەرلەمان کرد.

ئه‌و دوو سیاسه‌تمه‌داره‌ وتوویانه‌ “هیوادارین پێکەوە هەنگاوێکی دیکەی چارەنوسساز و گرنگ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە توانای هەیە چارەنوسی وڵات و ناوچەکەمان بگۆڕێت.”

وتوشیانه‌ “بێگومان گفتوگۆ و ڕەخنە و پێشنیاز دەبن؛ هەر یەکێکیان بەنرخە و ڕۆڵی خۆی دەبێت. بەڵام دەمانەوێت بزانرێت کە ئێمە بە هەموو دڵ و دڵسۆزی و جددییەتمانەوە لەم پرۆسەیەدا بەشدارین و بە هەموو هێزمانەوە پشتگریمان لێکردوە بۆ ئەوەی ئارامی و خوشک و برایەتیی 86 ملیۆن کەس بەهێز و گەورەتر بکەین.”

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو، لە ئەنجامی ململانێی 40 ساڵەدا، هیچ کەسێک نەماوە کە دڵی بریندار نەبوبێت. ئێمە ناچارین بە دڵسۆزییەوە پرۆسەکە بەرەوپێش ببەین، ئازارەکانمان بەش بکەین و شانبەشانی یەکتر بەرەو داهاتو هەنگاو بنێین.

دەقی پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی

“بەڕێز سەرۆک، بەڕێز هاوسەرۆکانی گشتی، بەڕێز پەرلەمانتاران؛
بەوپەڕی دڵسۆزییەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی یەکە بە یەکەتان دەکەین.

هیوادارین پێکەوە هەنگاوێکی دیکەی چارەنوسساز و گرنگ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە توانای هەیە چارەنوسی وڵات و ناوچەکەمان بگۆڕێت.

بێگومان گفتوگۆ و ڕەخنە و پێشنیاز دەبن؛ هەر یەکێکیان بەنرخە و ڕۆڵی خۆی دەبێت. بەڵام دەمانەوێت بزانرێت کە ئێمە بە هەمو دڵ و دڵسۆزی و جددییەتمانەوە لەم پرۆسەیەدا بەشدارین و بە هەمو هێزمانەوە پشتگریمان لێکردوە بۆ ئەوەی ئارامی و خوشک و برایەتیی 86 ملیۆن کەس بەهێز و گەورەتر بکەین.

ئەمە پرۆسەیەکی دابەشکاری یان مامەڵە و سەودایەکی هەرزان نییە.

پێویستە هیچ کەسێک لەپشت ئەم هەوڵە بەنرخانەوە بەدوای بەرژەوەندی شاراوە و پلانی گڵاودا نەگەڕێت و کات بەفیڕۆ نەدات. ئەو لایەنانەی بە گومانەوە نزیک دەبنەوە، با چەندی دەیانەوێت ڕەخنە لەم پرۆسەیە بگرن، بەڵام بێجگە لە خواستی ئێمە بۆ لەباوەشگرتنی یەکتر و هەستی پێکەوەبونی کورد و تورک لە تورکیا، هیچ شتێکی دیکە نابینن.

لە ئەنجامی ململانێی 40 ساڵەدا، هیچ کەسێک نەماوە کە دڵی بریندار نەبوبێت. ئێمە ناچارین بە دڵسۆزییەوە پرۆسەکە بەرەوپێش ببەین، ئازارەکانمان بەش بکەین و شانبەشانی یەکتر بەرەو داهاتو هەنگاو بنێین.

پەرلەمانتارانی بەڕێز؛
هیوادارین هەر دەنگێک کە ئێوە بەکاری دەهێنن، ئاشتی، یەکڕیزی و خوشک و برایەتیمان بەهێزتر بکات و ڕەخنە و هۆشدارییەکانتان لەسەر بنەمایەکی بنیاتنەر بخەنەڕو. هیوادارین ئەم هەنگاوە، کە باوەڕمان وایە بۆ هەمومان خێر دەبێت، دەرگای نوێ لە سیاسەتدا بکاتەوە و چاکە، هاوکاری و پێگەیشتویی بەدەست بهێنێت.

بەم بۆنەیەوە، سوپاسی بەڕێزان سەرکۆمار و دەوڵەت باخچەلی دەکەین کە لە دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی قورسدا ئیرادەی سیاسیی خۆیان بە بەهێزی نیشاندا، و بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین کە هەوڵێکی گەورەی بۆ ئاشتی داوە.

یەکە بە یەکە سوپاسی بەڕێزان نوعمان کورتولموش، ئۆزگور ئۆزەل، مەحمود ئەریکان، عەلی باباجان، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەرکان باش، سەید ئاسلان، کەمال کڵچدارئۆغڵو و زەکەریا یاپجیئۆغڵو دەکەین کە بەشدارییان کرد لە خاوەندارێتی و بەڕێوەچونی تەندروستیانەی پرۆسەکەدا.

سوپاسی بەڕێزان موساوات دەرویشئۆغڵو و فاتیح ئەربەکان دەکەین کە بە ڕەخنە نەرێنییەکانیان، هەرچەندە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.

بێگومان سوپاسی هاوڕێیانمان لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، هاوسەرۆکانی گشتییمان بەڕێزان تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری و ئەندامانی شاندی ئیمرالی دەکەین کە بە فیداکارییەکی گەورەوە بونە هێزی پرۆسەکە، و بەم بۆنەیەشەوە بەڕێز و پێزانینەوە یادی هاوڕێمان سری سورەیا ئۆندەر دەکەینەوە، و سڵاو و ڕێزی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتاران دەکەین.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *