ڕێگایەکی سلێمانی دادەخرێت

شارەوانیی سلێمانی ڕێگەیەکی سەرەکی دادەخات و ڕێگەی جێگرەوە بۆ شۆفێران دیاری دەکات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی شۆفێران و هاوڵاتییان کرد سەبارەت بە داخرانی شەقامێکی سەرەکی.
بەربەستکردنەکە بۆ کارئاسانی لە جوڵەی ئۆتۆمبێل و خێراکردنی کارەکانە لە پڕۆژەی یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر.
بڕیارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دراوە و لە کاتژمێر ٨ی ئەمشەوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، و ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ شۆفێران دیاریکراوە تا کاتی تەواوبوونی کارەکان لەو شەقامەدا.
ئەو شەقامە لاوەکییەی پێش یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر کە دەچێتەوە بەردەم “جاف تاوەرز” و “هۆتێل ئەبوسەنا”، هاوکات کاتژمێر (٨:٠٠)ی ئەمشەو شەقامەکە بە تەواوی بەربەست دەکرێت.
شۆفێران و هاوڵاتییان دەتوانن کۆڵانی تەنیشت وێستگەی کارەبای “شەهید حەمە سەعید” وەک ڕێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن تا کۆتاییهاتنی کارکردن لە پڕۆژەکەدا.
پڕۆژەی یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی شاری سلێمانی بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا. شارەوانیی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان ببن و ڕێگە جێگرەوەکە بەکاربهێنن تاوەکو کارەکانی پڕۆژەکە بە بێ ئاستەنگ و بە خێرایی بەڕێوەبچن.



