دەروازەی سنوری شەیب لە نێوان عیراق و ئێراندا کرایەوە

ئەمڕۆ دەروازەی سنوریی شەیب لەگەڵ ئێران دووبارە کرایەوە و بڕیاریشە لە رۆژی هەینیی داهاتوودا دەروازەی مەندلی بۆ مەبەستی چاکسازی بە شێوەیەکی کاتی دابخرێت.
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عیراق رایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە داخستنی دەروازەی شەیب قەیران و ناڕەزایەتییەکی سیاسیی توندی لێکەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عیراق ئاماژەی بە داوایەکی رەسمی ئەمریکا کرد بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران. ئەم لێدوانە کاردانەوەی توندی لای لایەنە سیاسییەکان و هێزە چەکدارەکان لێکەوتەوە و داوای لێپێچینەوە و رونکردنەوەیان لە وەزیری دەرەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەردا، لایەنە نزیکەکان لە ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت پرسی داخستن یان کردنەوەی دەروازەکان بڕیارێکی سەروەریی عیراقی بێت و لەژێر کاریگەریی دەرەکیدا نەبێت؛ ئەمەش حکومەتی عیراقی خستووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە بۆ یەکخستنی وتە رەسمییەکان و ئاشکراکردنی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم بڕیارانە.



