لە زۆربەی ناوچەکان پەڵەی داوە

پووختەى هەواڵ
- جووتیاران دەتوانن جووت بکەن و تۆوەکانیان بوەشێنن.
- شەپۆلى بارانبارینەکەى سەرەتای ئەم هەفتەیە زۆربەى ناوچەکانى پاراو کرد.
- زیاتر لە 100 ملیمەتر باران باریوە و ئەوەش بەسە بۆ پەڵە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بڕێکی زۆر باران باریوە و لە زۆرینەی ناوچەکانی وەک هەڵەبجە، ڕاپەڕین و تەنانەت سلێمانیش پەڵەی داوە.
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی:
- بەهۆی ئەوەی هەندێک ناوچەى وەک گەرمیان کە سروشتی زەوییەکەی سەختە درەنگتر پەڵە دەدات و پێویستی بە بڕێکی زیاتر لە بارانە.
- ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 100 ملیمەتر باران باریوە.
- لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لەمکاتەدا بڕی بارانبارین سفر بووە و هیچ بارانێک نەباریبوو.
- بە هەندێک پاڵنەر و هۆکاری دیکە دەتوانین بڵێین زستانی ئەمساڵ پڕ باران دەبێت.
- ئەمساڵ بەهۆی بەهێزی دیاردەی ئالنینۆ، بەرزونزمی شەپۆلەکانی جەمسەری باکور، ئەتڵەسی و زەریای هیندی، سەرجەمیان هۆکاری ئەرێنین و ئاماژەن بۆئەوەی ساڵێکی پڕ بارانمان دەبێت.
پەڵە، لە ڕووی زانستی کشتوکاڵی و ئەزموونى جووتیارانەوە ئەو بڕی باران بارینە دەگرێتەوە کە زەوى دەخوسێنێت و گاسن خۆڵى وشک ناهێنێتە دەرەوە، لەم کاتەدا زەوییە کشتوکاڵییەکان ئامادە دەبن بۆ کێڵان و داچاندن.



