شێواندنی زمانی کوردی لە کەناڵەکانی راگەیاندندا

زمان پێناسەی زیندووی نەتەوە و هێمای قووڵایی مێژوویی و کەلتوریی هەر گەلێکە. لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە تەکنۆلۆژیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سنوورەکانیان بەزاندووە، رۆڵی میدیا لە پاراستن، یان داڕماندنی زماندا زۆر بەرچاوە. بە داخەوە، لە بەشێک لە میدیاکان و سەکۆکانی راگەیاندندا، لەژێر ناوی پێشکەوتن، یان وەرگێڕانی نەگونجاو لە زمانەکانی ترەوە، هەندێک دەستەواژە و وشە بەکار دەهێنن کە هیچ بنەمایەکی زمانی و مێژووییان نییە و دەبنە هۆی شێواندنی زمانە شیرینەکەی کوردی.
ئەم دیاردەیە وەک پەتا دەگوازرێتەوە؛ کاتێک دەستەواژەیەک لە کەناڵێکی راگەیاندنەوە بڵاودەبێتەوە، هاووڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش بەبێ لێوردبوونەوە دەیگوازنەوە و دەیانکەنە باو، با ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دیار لەو هەڵە باوانەی کە رۆژانە لە میدیاکاندا دووبارە دەبنەوە، بکەین:
1- وشەی «رەوەند» و بەکارهێنانی نادروست لە جێگەی تاراوگە
یەکێک لەو وشە جوان و رەسەنانەی کە لە مێژووی کوردەواریدا خاوەن پێناسەیەکی روونە، وشەی «رەوەند»ە. لە دێر زەمانەوە، لە جوگرافیای کوردستاندا، بەو کۆچەرانە گوتراوە کە بە مەبەستی دابینکردنی لەوەڕگە بۆ ئاژەڵەکانیان، لەنێوان گەرمیان و کوێستاندا هاتووچۆیان کردووە و خاوەن ژیانێکی تایبەت بە کۆچەری بوون، کەچی لە ئێستادا، هەندێک لە میدیاکان ئەم وشەیە بۆ ئەو کوردانە بەکاردەهێنن کە چەند دەیەیەکە لە وڵاتانی ئەوروپا و تاراوگە نیشتەجێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردی لە تاراوگە خاوەنی ماڵ، کار و ژیانی جێگیرن و هیچ پەیوەندییەکیان بە چەمکی رەوەند و کۆچەرییەوە نییە. بەکارھێنانی ئەم وشەیە بۆ کوردی تاراوگە، تێکدانێکی روونی واتای زمانەوانی و پێناسە کۆمەڵایەتییەکەیەتی.
2 -جیاوازیی نێوان «ڕۆژی لەدایکبوون» و «ڕۆژی بوون»
نموونەیەکی تری بەرچاو، بەکارهێنانی رستەی «رۆژی بوونت پیرۆز بێت»ە، لە بری «رۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێت». لە رووی ماناوە، وشەی «رۆژی بوون» دیارە ئەو ساتەیە کە ئەو کۆرپەلەیە لە رەحمی دایکدا دروستبووە، نەک ئەو رێککەوتەی کە مرۆڤ دێتە دنیاوە. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لە بری یادی لەدایکبوون، تێکەڵکردنێکی زانستی و زمانەوانییە و وەرگێڕانێکی هەڵەیە کە بەبێ لێوردبوونەوە لە زمانەکانی ترەوە گواستراوەتەوە.
3- تێکەڵکردنی «کات» و «ئامێری کاتژمێر»
یەکێکی تر لەو هەڵە زمانەوانیانەی کە بووەتە باو و میدیاکانیش رۆڵێکی سەرەکییان لە بڵاوکردنەوەیدا هەیە، بەکارهێنانی وشەی «کاتژمێر»، یان «کاژێر»ە لە جێگەی دەربڕینی کات و ماوەی رۆژانە (دیارە وشەی کاژێر مانایەکی دیکەی هەیە و هیچ پەیوەندیی بە کات و کاتژمێرەوە نییە). لە بنەڕەتدا، «کاتژمێر» ئامێرێکە بۆ پێوانەکردن و ژماردنی کات (واتە ئەو ئامێرەی کە دەستی خولاوەی هەیە، یان لە سەر دیوار هەڵواسراوە و کاتمان بۆ دەژمێرێت)، نەک خودی کاتەکە خۆی، بۆ نموونە، کاتێک دەڵێین: «کاتژمێر چەندە؟» یان «شەش کاتژمێر لە رێگەدا بووین»، لێرەدا بەکارهێنانی وشەکە بۆ ئامێرەکە دروستە، بەڵام کاتێک وەک یەکەی پێوانەی کات، یان لە شوێنی وشەی «کات» و «سات» بە هەڵە بەکار دێت، دەبێتە تێکدان و شێواندنی دەلالەتی وشەکان لە زماندا. لە زمانی کوردیی رەسەن دا، بۆ دەربڕینی کات و ماوە، وشەی وەکو «سات» یان «کات» بەکار دێن، نەک ناوی خودی ئامێرەکە.
-4 شێواندنی پرۆسەی وێنەگرتن بە بەکارهێنانی وشەی نەگونجاو
یەکێکی تر لەو دیاردە نامۆ و ناسازانەی کە لە بەشێک لە سەکۆ و پەڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک «وێنەم بچرکێنە»، یان ناوهێنانی وێنەگرتن بە «چرکە» و «چڕکاندن»ە. لە کاتێکدا لە هەموو زمانێکدا وێنە خۆی دەوترێت و داوا دەکرێت «وێنەم بگرە». وشەی وەک چرکاندن هیچ پەیوەندییەکی بە تۆمارکردنی وێنە و رووخسارەوە نییە و بەکارهێنانیان لەم بوارەدا تەنیا تێکدانی زمانە.
ئەرکی میدیا لە پاراستنی زماندا
زمان پاکێجێکە کە لە باوباپیرانمانەوە بە پاکی و دەوڵەمەندی بە جێ ماوە. ئەرکی سەرەکیی میدیای پیشەیی و رۆژنامەنووسان ئەوەیە کە پاسەوانی ئەم قەڵایە بن، نەک ببنە هۆی رووخاندنی. هەرچەندە زمان پێویستی بە گەشەکردن و نوێبوونەوە هەیە لەگەڵ سەردەمدا، بەڵام نوێبوونەوە بە مانای تێکدان و شێواندنی بنەما مێژوویی و واتاییەکانی وشەکان نایەت. پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن و نووسەران زیاتر گرنگی بە زمانەوانی و رێنووسی کوردی بدەن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم زمانە کاڵوکرچە بگرن کە رۆژ بە رۆژ لە رێگەی هەندێک کەناڵ و سەکۆوە دەسەپێنرێتە سەر زاراوەی گشتی.



