ئەی ئای پێویستی بە فێربوونە؟

لە ژێر هەواڵی دەستپێکردنی خولی تایبەت بە فێرکردن و ئاشناکردنی مناڵاندا، پیاوێکی پیاوانە کە تەمەنی سەروو 50 ساڵ دەبوو، لە کۆمێنت نووسیبووی، جا ئەی ئای فێربوونی بۆچییە! بۆیە بە راستی هەڵوەستەم کرد و لە خۆم پرسی، بە راست ئەی ئای پێویستی بە فێربوونە یان نا؟
زیاتر لە ساڵێکە بە شێوەی پراکتیکی و تیۆری لە بواری ئەی ئای کاردەکەم و هەوڵی فێربوون دەدەم، راهێنان دەکەم و تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر لەسەر پلاتفۆرم و مۆدێلە جیاجیاکانی ئەی ئای دەکەم، تۆ بڵێیت ئەو هەموو کاتە خۆم بە شتێکەوە خەریک کردبێت کە ئەسڵەن پێویستی بە فێربوون نییە؟ ئەدی من خەریکی چی بووم؟
لەگەڵ پیاوە پیاوانەکە چەناڵێکی پەیوەندیم دۆزییەوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی و یەکترناسین، پرسیارم کرد تا چەندێک لە ئەی ئای شارەزایە و چۆن سوودی لێوەرگرتووە و زیاتر لە پرسیاری ناو کۆمێنتەکەی، وەڵامەکەی تووشی سەرسوڕمانی کردم.
لە راستیدا ئەوەی ئەو پیاوە کردوویەتی، هاوشێوەی ئەوەیە کە هاووڵاتییەکی زۆری ئەم وڵاتە، تەنانەت ناوچەکە و جیهانیش رۆژانە دەیکەن و لەسەری بەردەوامن، کەم و زۆر سوودی لێوەردەگرن، بەڵام کارەساتەکە ئەوکاتە دەست پێدەکات کە بەبێ هۆشیاری و شارەزایی تەواو، بەبێ وردبوونەوە لە مەترسییەکان، ئەی ئای بەکاردەهێنین و پشت بە وەڵام و بەشدارییەکانی دەبەستین.
هیوادارم ئەو پیاوەم هێنابێتەوە سەر رێگەی دروستی بەکارهێنانی ئەی ئای، بەڵام بە راستی تووشی سەرسوڕمانی کردم کاتێک زانیم وەک هاوڕێ و دۆستێکی متمانەپێکراو مامەڵەی لەگەڵ ئەی ئای کردووە و نهێنی و وردەکارییەکانی ژیانی بۆ باس کردووە و لەسەر پرسی زۆر هەستیاری خێزانی و دارایی پشتی پێبەستووە.
ئەگەرچی ئەی ئای تووشی کێشەی کردووە و لە پرسێکی گرنگی کاردا هەڵەی پێکردووە و لەڕووی دارایی زەرەری پێگەیاندووە، بەڵام هێشتا متمانەی ماوە و سوورە لەسەر شێوازی چۆنێتی بەکارهێنانەکەی خۆی و پێیوایە هەڵەکە خۆی کردوویەتی و ئەو زەرەرەی کردویەتی، لە بنەڕەتەوە لە چارەی نووسراوە.
ئەو پیاوە نموونەی ملیۆنان کەسە کە متمانەی کوێرانەی بە ئەی ئای کردووە و هێشتا نازانێت ئەی ئای، سەرەڕای پلاتفۆرمە جیاوازەکانی، وا بونیاتنراوە کە پۆزەتیف بیربکاتەوە و دڵخۆشت بکات و بەکار و بیرکردنەوەکەتدا هەڵبدات نەک بەشێوەیەکی بابەتی و زیرەکانە تەماشای بابەتەکان بکات.
هەروەک ناشزانێت نهێنی دروست بەکارهێنانی ئەی ئای لە کوێ دەستپێدەکات و لە کوێ کۆتایی دێت. بۆیە بەرلەوەی کوێرانە بەکاری بهێنیت، یان ئەگەر کوێرانە بەکارتهێناوە، ئیتر لێرەدا بوەستە .. ئەگەر زۆر مەبەستت بێت هەر لە ئەی ئای خۆیەوە فێری رێگە دروستەکەی بەکارهێنانی دەبیت، بۆیە بەڵێ ئەی ئای پێویستی بە فێربوونە.




